
بە پێی ڕاپۆرتەکان، بارودۆخی تەندروستیی ئەشکان فەهیمی، بەندکراوی سیاسی خەڵکی شاری مەھاباد لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ناجێگیرە و سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشیی دڵ، هەبوونی کێشەی بینایی و سەرئێشەی درێژخایەن، لە مافی دەرمان بێبەش کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای پشتڕاستکردنەوی کێشەی بینایی ناوبراو لە لایەن پزیشکی زیندانەوە، بەرپرسانی بەندیخانە تا ئێستا لەگەڵ ناردنی ئەو بەندکراوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی زیندان یان پێدانی مافی مەرەخەسی بە ناوبراو دژایەتییان کردووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بێهداریی زیندانی مەهاباد کەرەستەی پێویستی دەرمانی نییە و ناوەندە بەرپرسیارەکان تەنانەت لەگەڵ پێدانی مەرەخەسی بە ناوبراو بۆ چەند کاتژمێر بە مەبەستی سەردانی پزیشکی چاو ڕێگرییان کردووە. جێگای ئاماژەیە، ئەو بەندکراوە سیاسییە، مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «پێکهێنانی باند و گرووپ» بە ۴۵ مانگ بەندکران و دوو ساڵ دوورخستنەوە مەحکووم کرابوو.