فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگرتنی جینۆساید و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە لە گرەوی پەرەسەندنی بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستیندایە
چوارشەممە ۲۲-۰۵-۱۴۰۴   |  13-08-2025

بەرەەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٧ی مانگی گەلاوێژ، دەوڵەتی ئیسرائیل لە درێژەی جینۆساید لە کەرتی غەززە، پلانێکی پێنج خاڵیی سەبارەت بەو کەرتە پەسەند کرد. بەپێی ئەم پلانە جنایەتکارانەیە، ئەرتەشی ئیسرائیل لەماوەی دوو مانگی داهاتوودا ئەو ٢٥ لەسەدەی کە لە کەرتی غەززە ماوەتەوە داگیر دەکات. ئەرتەشی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەم کارە ئامادە دەبێت. پێنج ماددەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بریتین لە: “کۆنتڕۆڵی نیزامیی تەواوی کەرتی غەززە لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیل، چەک کردنی کامڵی ڕێکخراوی حەماس، گەڕاندنەوەی هەموو بەدیلگیراوانی زیندوو یان کوژراوی ئیسرائیل، پاک کردنەوەی کەرتی غەززە لە چەک و غەیرە نیزامی کردنی. کۆنتڕۆڵی ئەمنیەتیی ئیسرائیل بەسەر غەززە و پێکهێنانی دەوڵەتێکی غەیری نیزامی کە نە حەماس تێیدا حزووری هەبێت و نە تەشکیلاتی خودگەردانی فەلەستین بە ڕێبەریی مەحموود عەباس”.

بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، بەشێک لە فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لەنێویاندا ژەنەڕاڵ زەمیر، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل، دژایەتی خۆیان بۆ ئەم پلانە ڕاگەیاندووە و هۆشدارییان داوەتە نەتانیاهۆ کە “کردەوەیەکی لەو شێوەیە جگە لەوەی گیانی بەدیلگیراوان دەخاتە مەترسییەوە، دەبێتە تەڵەی مەرگ بۆ سەربازانی ئیسرائیلیش”. بڕیاری داگیرکردنی تەواوەتی غەززە دوای ئەوە دێت کە دوایین خولی دانوستانەکانی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و حەماس لە قەتەر بەبێ ئەنجام کۆتایی هات. شایانی باسە پێنج ئامانجی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی نەتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە هیچ کام لەو سێ ئامانجە سەرەتاییەی کە لە دەستپێکی شەڕدا دیاریی کردبوو واتە نابوودیی حەماس، ئازادیی بەدیلگیراوان و پێکهێنانی ئەمنیەت بۆ ئیسرائیل نەهاتووەتە دی و دەوڵەتی ئیسرائیل لەم بوارەدا تووشی شکست بووە.

پلانی تاوانکاریی حکوومەتی نەتانیاهۆ بۆ داگیرکردنی تەواوی کەرتی غەززە، ڕووبەڕووی دژایەتی و کاردانەوەی بەرفراوانی پارت و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و بزووتنەوە و تاکەکانی چەپ و کۆمۆنیست و کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکەی ناوەوە و دەرەوەی ئیسرائیل بووەتەوە. لەم پێوەندییەدا، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوان لەدژی شەڕی غەززە، کە سەدان هەزار کەسی تێدا بەشدارن، لە سەرانسەری جیهاندا بەڕێوەدەچێت. ڕۆژی شەممە ١٨ی مانگی گەلاوێژ زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس لە خەڵکی ئیسرائیل لە تێلاڤیڤ لەسەر بانگەوازی بنەماڵەی بەدیلگیراوان هاتنە سەر شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم و بە هەڵگرتنی پلاکارد و وێنەی بەدیلگیراوان و گیانبەختکردووانیان، لەدژی درێژەی شەڕ و کوشتار و خوێنڕشتن خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد.  لە هەمان کاتدا دەیان هەزار خۆپیشاندەر بەرامبەر بە پلانی حکوومەت بۆ داگیرکردنی تەواوەتی غەززە لە سەرانسەری ئیسرائیل ناڕەزایەتیان دەربڕی. ناڕازییانی ئیسرائیلی لەوانە ئەندامانی بنەماڵەی هەموو بەدیلگیراوان و بەتایبەت ئەو ٥٠ کەسەی کە لە ئێستادا لەدەستی حەماسدان کە گۆیا تەنیا ٢٠ کەسیان زیندوو ماونەتەوە، نیگەرانی ئەوەن کە ئەم پلانە گیانی بەدیلگیراوان بخاتە مەترسییەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕاستگەرایانی توندڕەو و فاشیستی ئیسرائیل هەروا تەپڵی درێژەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و نامرۆڤانەیە دەکوتن و داوایان لە نەتانیاهۆ کردووە کە هێرشی نیزامیی توندتر لەدژی حەماس ئەنجام بدات.

بنەماڵەی بەدیلگیراوانی ئیسرائیل لەگەڵ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دەوڵەتی نەتانیاهۆ داوایان لە کارمەندانی دەوڵەت و شیرکەتەکان و کەسەبەی بازاڕ و هەموو خەڵکی ئیسرائیل کروودە کە لە ناڕەزایەتی بەدژی سیاسەتی داگیرکردنی تەواوی غەززە، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی مانگی ئاگۆست دەست بدەنە مانگرتنی گشتی. ئەوان هیوادارن کە دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە ژێر فشاری بیروڕای گشتیدا ناچار بە پاشەکشە لەم بڕیارە جینایەتکارانەیە بکەن. درێژەی ٢٢ مانگ شەڕ لە غەززە، کۆمەڵگای ئیسرائیلی تووشی ناکۆکی و چەند دەستەیی کردووە. زۆربەی کۆمەڵگا خوازیاری کۆتایی شەڕ و گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئازادیی بەدیلگیراوانن. بەڵام گرووپێکی دیکە خوازیاری درێژەی شەڕ هەتا لەناوچوونی یەکجاریی حەماسن. گرووپێکیش خوازیاری لەسەرکارلاچوونی نەتانیاهۆی شەڕخوازن.

لەژێر فشاری ناوخۆیی و دەرەکیدا ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ، نەتانیاهۆ لە هەڵوێستێکی لاواز و دیفاعیدا ڕایگەیاند: “ئامانجی ئێمە لە پەرەپێدانی بەرینایی هێرشەکان، ئازادکردنی غەززە لە دەستی حەماسە نە داگیرکردنی. چارەیەکمان نییە بێجگەلە ئەوەیکە حەماس شکست بدەین و کار تەواو بکەین”. نەتانیاهۆ لە ڕوونکردنەوەی زیاتری قسەکانیدا، وێڕای دانپێدانان بەوەیکە ٧٠ تا ٧٥ لەسەدی غەززە لەژێر کۆنتڕۆڵی نیزامیی ئیسرائیلدایە وتی: “حەماس هێستا دوو پایەگای گرینگی هەیە. یەکیان شاری غەززەیە و ئەوی تر کەمپی ناوەندیی پەنابەرانە. دەستوورم بە ئەرتەش داوە ئەم دوو پایەگایە لەناوبەرن”. ئەم فەرمانە جنایەتکارانەیە بەمانای هێرش بۆسەر ئەو کەمپانەیە کە زیاتر لە یک و نیو ملیۆن ئینسانی ئاوارەی شەڕ تێیدا پەنایان گرتووە.

ئەم فەرمانە جنایەتکارانەیە ئەگەر بەکردەوە دەربێت بێگومان کارەساتێکی ئینسانیی لێدەکەوێتەوە. هەر ئەم هۆکارە بووەتە بابەتی ناڕەزایەتی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل، تەنانەت لەلایەن حکوومەتەکانی لایەنگری ئیسرائیلیشەوە. لە زۆرێک لە وڵاتان ئەو پلانەی حکوومەتی نەتانیاهۆ بە شێوەیەکی بەرین ناڕەزایەتیی هێز و لایەن و بیروڕای چەپ و پێشکەوتنخوازی کۆمەڵگای لێکەوتەوە. هەفتەی ڕابردوو خۆپیشاندانێکی بێ وێنە لە شاری سیدنی پایتەختی ئوسترالیا بە بەشداری ٣٠٠ هەزار کەس لە دژی شەڕی غەززە بەڕێوەچوو. ڕۆژی شەممە ١٨ی مانگی گەلاوێژ، خۆپیشاندانێکی بەرین لە لەندەن دژی قەدەغەکردنی چالاکییەکانی ڕێکخراوی “کردەوە بۆ فەلەستین” بەڕێوەچوو کە تێیدا نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران. بەپێی ڕاپۆرتی ئەسۆشێتد پرێس، بڕیاربوو خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی لەندەنەوە بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیران ڕێپێوان بکەن و داوا بکەن یاسای قەدەغەکردنی چالاکییەکانی “کردەوە بۆ فەلەستین” وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، کە مانگی ڕابردوو پەسەندکرا، هەڵبوەشێتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی گەلاوێژ، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنەکە جگە لە ئەمریکا، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سەبارەت بە پلانی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوەتی غەززە ئەنجامدا و دژایەتی توندی خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دەربڕی. هەروەها لەژێر فشاری ڕای گشتیدا، وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا، ئیسلەند، ئیرلەند، ماڵت، لۆکزامبۆرگ، نۆروێژ، پۆرتەغاڵ و ئێسلۆنی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە ئەم بڕیارە “تەنها قەیرانی مرۆیی توندتر دەکاتەوە و ژیانی بەدیلگیراوان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە”.

بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە تەنیا ناڕەزایەتیی بەرین و ڕوو لە گەشەی کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە ناوەوەی ئیسرائیل و پەرەسەندنی بزووتنەوەی هاوپشتیی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرتاسەری جیهانە کە دەتوانێ تەرازووی هێز بە قازانجی خەڵکی فەلەستین بگۆڕێت و دەتوانێ کۆتایی بە جینۆساید و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل بهێنێت.



وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv