فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

کۆماری ئیسلامی لەژێر فشاری چەند لایەنە و لە مەسیری تەسلیمبووندایە
هەینی ۲۴-۰۵-۱۴۰۴   |  15-08-2025

لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی قەیرانی جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەکی بەرۆکی گرتووە و توانای چارەسەکردنی ئەم قەیرانانە و وڵامدانەوەی بە داخوازییەکانی جەماوەر نییە، کەوتووەتە لاوازترین پێگەوە. لە وەها هەلومەرجێکدا حکوومەتی ئیسلامی جیا لە نیگەرانی و ترس لە پەرەسەندنی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی نالەباری ئابووریی ئێستا حەتمی و چارەهەڵنەگرە، لە بواری دیمپلۆماسی و موناسباتی ناوچەیی و جیهانیشەوە بەرەوڕووی کێشە و گرفتی جیددی بووەتەوە. لەلایەکەوە دەسەڵاتە ئورووپاییەکانی لایەنی بەرجام (فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا) لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا فشارەکانیان لەدژی کۆماری ئسیلامی لە پەیوەند لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمی زیاتر کردووە، وە ڕژیمیان بەپێی ڕێککەوتنی بەرجام خستووەتە بەرامبەر دوو بژاردەی ڕاگرتنی پیتاندنی سەرووی ٣.٦٧% و هاوکاریی ڕاستەقینە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، یان چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی هەموو گەمارۆ هەڵگیراوەکان. لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا لە پشتیوانیی لە دەوڵەتی ئیسرائیلدا، هەڕەشەکانی دژبە کۆماری ئیسلامی چ لە پەیوەند لەگەڵ مەسەلەی ئەتۆمی و چ لە پەیوەند لەگەڵ ڕەوتە ئیسلامییە نیابەتییەکان بەردەوامە.  

هەر لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگاداری ئێرانی ئاشکرای کرد کە: لە نێو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا، تێڕوانینی باو ئەوەیە کە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە ئامانجی چارەسەرکردنی ناکۆکی دەیان ساڵە لە سەر بەرنامەی ئەتۆمی تاکە ڕێگایە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری قەیران و گرژی و مەترسیی ڕووخانی حکوومەتی ئیسلامی. تێچووی بەرینی ڕووبەڕووبوونەوەی نیزامی لەگەڵ ئەمریکا لەم ماوەیەدا هۆکارێک بووە کە عەلی خامنەیی بەرەو وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا پاڵ پێوەناوە”. لەم پێوەندییەدا خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی دەمێکە قبووڵیان کردووە کە جگە لە تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکادا هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە. هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لەم پێوەندییەدا بۆ نموونە ئەوەیکە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ڕژیم مانگێک لەمەوبەر لە نامەیەکدا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدیعای کردبوو کە: “سێ دەوڵەتی ئورووپایی بەرجام لە ڕووی یاساییەوە دەسەڵاتی چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە و داسەپاندنی گەمارۆیان نییە”، یان ئەوەیکە حەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە: ” ئاکامەکانی مێکانیسمی ماشە لەبەرچاوی خەڵک گەورە نیشان دراوە و زیاتر جەنبەی ڕەوانیی هەیە، هەموو ئەوانە درۆ و پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامییە کە ئامانجی فریودانی بیروڕای گشتی لە ناوەوەی ئێرانە.

لەم پێوەندییەدا، وەزیرانی دەرەوەی سێ حکوومەتی ترۆیکای بەرجام، ئیدیعای عەراقچییان بێ بنەما زانی و ڕایانگەیاند کە، یەکەم، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایش، هەریەک لەم سێ وڵاتە بە تەنیا دەتوانن میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکان کارا بکەنەوە. دووهەم، لیستێکیان سەبارەت بە ئاستی پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی بەرجام ئامادە و بڵاوکردووەتە. بۆ نموونە کەڵەکەکردنی ئۆرانیۆمی پیتێندراو بە ڕێژەی زیاتر لە ٤٠ بەرابەری ئاستی ڕێگەپێدراو و هاوکاری نەکردن لەگەڵ بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و هیتر، هەر هەموویان نیشانەی ئەوەیە کە ڕژیم بە بەڵێنەکانی بەرجام پابەند نەبووە. وەزیرانی دەرەوەی ئەم سێ حکوومەتە، لە وتووێژەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ئیستەنبوڵ مانگی ڕابردوو، هۆشدارییان دا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئاراستەیەکی ڕوون و بەرچاو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماتیک نیشان نەدات و لە دەرفەتی سنوورداری درێژکردنەوەی دانوستانەکان تا کۆتایی مانگی ئاگۆست کەڵک وەرنەگرێت، دەستبەجێ ڕەوتی گەڕاندنەوەی گەمارۆکان دەستپێدەکەنەوە. هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە وەزیرانی دەرەوەی سێ حکوومەتی مەبەست، ڕۆژی سێشەممە ١١ی پووشپەڕ لە نامەیەکی واژۆکراودا بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامادەیی خۆیان بۆ چالاککردنی میکانیزمی ماشە لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، ڕێکەوتی ٢٠ی گەلاوێژ، نامەیەکی نهێنی و هۆشدارئامێزی وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە ئاکامە مەترسیدارەکانی چالاک کردنی میکانیزمی ماشە کە ئاراستەی ڕێبەران و فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران کرابوو، ئاشکرا بوو. لەو نامە نهێنییەدا، حکوومەتی ئیسلامی بە نیگەرانیی تەواوەوە ئاکامەکانی چالاک کردنی مێکانیسمی ماشە بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ ئابووری داڕماوی ڕژیم و بە مەترسییەکی گەورە بۆ ئەمنیەت و سەقامگیریی ناوخۆیی ناو دەبات کە دەتوانێ ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەرینی کۆمەڵایەتی لەدژی کۆماری ئیسلامی. بۆ نموونە گەمارۆی بانکی و ڕاگیرانی تەواوی فرۆشتنی نەوت و سەنعەتی پێترۆشیمی، بێکاریی بەرین و هاتنەخواری بەرچاوی توانای کڕینی خەڵک، داخرانی حیسابی چالاکانی ئابووری لە ناوەوە و دەرەوی وڵات و هەڕەشەی وەبەرهێنان، بێمە و ئەمنیەتی سایبێری، کەمبوونی دەرمان و پێداویستیی سەرەتایی و پزیشکی و هیتر ئاماژەی پێکراوە کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی.

بەڵام مەترسییەکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی تەنیا حکوومەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ترویکای بەرجام و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان نییە. کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەییشدا ڕووبەڕووی مەترسی هێرشی حکوومەتی شەڕخوازی نەتانیاهۆ بووەتەوە. ئەو ئاگربەستەی کە ترامپ لە کاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیدا بەپەلە و بێ دیالۆگ ڕایگەیاند، زۆر لاواز و ناسەقامگیرە. ڕێبەران و کاربەدەستانی نیزامی ئیسرائیل بە بەردەوامی بە زمانی تێکەڵ بە سووکایەتی، هەڕەشەی هێرشی نیزامی لەناو تاران لە خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی ڕژیم دەکەن. کۆماری ئیسلامییش ئەم هەڕەشانە بە جیددی وەردەگرێت. تا ئەو ڕادەیەی کە عەلی خامنەیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی گەلاوێژ لە ڕێوڕەسمی کۆنەپەرستانە و فریوکارانەی ئەربەعین، کە لە حسێنییەکەی خۆیدا بەڕێوەچوو، بەشداریی نەکرد.

نامەی هۆشدارئامێزی وەزارەتی ئیتلاعات بە ڕێبەران و بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی لە کاتێکدا بۆ دەرەوە دزە دەکات کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، بێکاری، هەژاری و برسیەتی، لەگەڵ هەڵاوسان و گرانی، لەگەڵ قەیرانی کەمبوونی ئاو، کارەبا، سووتەمەنی، لەگەڵ قەیرانی ژنیگە و پیسبوونی هەوا و باقیی قەیرانەکان بەرەوڕووە، کە دووکەڵی هەر هەموویان دەچێتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگاوە. تەمەنی نەکبەتباری کۆماری ئیسلامی دەمێکە کۆتایی هاتووە. بێگومان مانگرتنی ڕێکخراو و سەرتاسەریی کرێکاران لە ناوەندە سەرەکییەکان لەگەڵ گەشەی ناڕەزایەتیی جەماوەریی توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا، ئەو قودرەتەیە کە دەتوانێ هێزی سەرکوتی ڕژیم زەمینگیر بکات و گورزی نهایی لە جەستەی لاوازی ڕژیمی جنایەتکاری کۆماری ئیسلامی بدات و کۆمەڵگا لە چنگ ئەم دەسەڵاتە نگریسە ڕزگار بکات.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv