فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بەبۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی هێرشی نیزامیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کوردستان – بەشی یەکەم
یەکشەممە ۲۶-۰۵-۱۴۰۴   |  17-08-2025

٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی هێرشی نیزامیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆسەر کوردستانە. چل و شەش ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێکدا، خومەینی فەرمانی جیهادی لە دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و لەشکرەکانی جەهل و کۆنەپەرستیی بۆ سەرکوتی کۆمەڵانی خەباتکار و شٶڕشگێڕی کوردستان بەڕێ کرد. رژیمێک کە بڕیاری دابوو گڕوتینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران دامرکێنێتەوە و کاری سەرکوتی شۆڕش کە ڕژیمی شا دەستی پێکردبوو بە سەرئەنجام بگەیەنێ، نەیدەتوانی کوردستانی شۆڕشگێڕ و کەشوهەوای خەباتکارانەی تەحەمول بکات. بەڵام خەڵکی کوردستان، لە پێشیانەوە کۆمەڵە و کۆمۆنیستەکانی دیکە، بڕیاریان دابوو کە لە ئازادی و لە دەسکەوتی خەباتێک کە بەهێزی خۆیان بە دەستیان هێنابوو دیفاع بکەن. خەڵکی کوردستان لە هەمان کاتدا داخوازییەکانی خۆیان لە دەوڵەتی ناوەندی لەڕێگەی بڕیارنامە ٨ ماددەییەکان لە مهاباد و سنە کە بە پەسەندی نوێنەرانی خەڵک گەیشتبوو بە دەوڵەت تەحویل دابوو.  بەڵام ئەوەی کە حکوومەتی ئیسلامیی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو دەیهەویست دامرکاندنەوەی شوور و شەوقی خەڵک و سەرکوتی ئینقلاب بوو.

کۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجێکدا کە هێرش بۆسەر شۆڕش و بۆسەر بزووتنەوەی کرێکاری و جەماوەریی لەئاستی سەرتاسەریدا دەستپێکردبوو و فشاری بۆسەر زانکۆکان پەرەپێدابوو و توانیبووی کومیتەکان و سپا سەر و سامان بداتەوە، لەوە زیاتر نەیدەتوانی شاهیدی گەشە و پەرەئەستاندنی کەش و هەوای شٶڕشگێڕانە لە کوردستان بێت و دەیهەویست بە هەر جۆرێک بووە ئەم سەنگەری دیفاع لە ئازادی و ئینقلابە تێکبشکێنێت. لەم ڕووەوە، دژەشۆڕشی ئیسلامی لە هێرش بۆسەر کوردستان لە هیچ دڕندەیی و وەحشیگەرییەک دەستی نەپاراست. تاوانی سامناکی وەک ئێعدامی منداڵان لە پاوە، ئێعدامی ١٧ کەس لە سەقز، لاوانی تێکۆشەر لە پادگانی مەریوان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە فڕۆکەخانەی سنە بەدەستی خەڵخاڵیی جەلاد و قەتڵوعامی “قاڕنێ و قەڵاتان و ئیندرقاش”، هەزینەی موقاومەت و خۆڕاگری بۆ خەڵکی کوردستان یەکجار قورس کرد. بەڵام خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان سەرەڕای ئەم جنایاتە خۆفناکە، بۆ پاراستنی دەستکەوتنەکانیان لە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و شۆڕشدا بوێرانە خەباتیان کرد و هیچ کات لە بەرامبەر دوژمن سەری تەسلیمیان دانەنەواند. ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی تۆمارکردنی ئەم مێژوویە و ساڵڕۆژی ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگری و فیداکاریی ئەو لاو و ژن و پیاوە ئازادیخوازانەیە کە ئەم مێژوویەیان خوڵقاند.

لەشکرکێشی ڕژیمی ئیسلامی بۆسەر کوردستان کە هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ موقاومەت و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان بەرەوڕوو بووەوە، لە درێژەدا بە پەرەسەندنی عەمەلیاتی غافڵگیرانەی هێزی پێشمەرگە لەلایەکەوە و ئیعترازاتی ڕۆژانەی جەماوەر لەسەر شەقام لایەکی دیکەوە، تێکشکا و ڕژیمی ناچار بە پاشەکشە و ئاگربەس و هاتنە پای مێزی وتووێژ کرد. گەڕانەوەی سەرلەنویی پێشمەرگەکانی سازمانە سیاسییەکان بۆ شارەکان و پێشوازی شکۆداری خەڵک لێیان و پەرە ئەستاندنی هەڵسووڕانی سیاسی و شکڵ گرتنی شۆراکان و ڕێکخراوە جۆراوجۆرەکان و دەسەڵاتی خەڵک بە سەر چارەنووسی خۆیاندا، بە کردەوە شکستی هێرشی دڕندانەی ڕژیمی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ٥٨دا ڕاگەیاند و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی تازە لە موقاومەت و موبارزە.

دوای ئەوەیکە لەئاکامی سێ مانگ خۆڕاگریی چەکدارانەی حماسیی هێزی پێشمەرگە و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە شارەکان، سەرەنجام ڕژیمی ئیسلامی پاشەکشەی کرد، خەڵکی کوردستان بەتایبەت لاوان بە داهێنانی خۆیان شێوەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنا و کۆمەڵگایان بەشێوەی دیموکراتیک ئیدارە کرد. بەڵام ڕوون بوو کە هاوسەنگیی هێزی ناوخۆیی بۆ بەرەوپێشبردنی بەرنامەی دەسەڵاتی جەماوەریی خەڵک لە کوردستان، لە هەوو شوێنێک یەکسان نەبوو. سەرەڕای ئەو جیاوازییانەی لێرە و لەوێ هەبوو، سەرەڕای سنوورداربوونی کات، خەڵکی کوردستان بۆ یەکەم جار دەسەڵاتداریەتی لە خوارەوە، دەسەڵاتداریەتیی شۆراییان ئەزموون کرد. تامی ئازادیی بێ شەرت و مەرجی سیاسییان چێشت. پاشماوەکانی نیزامی فێئودالییان ڕاماڵی. زەوی بوو هی ئەو کەسە کە کاری لەسەر دەکرد. ژنان لە ڕادەیەکی بەریندا هاتنە مەیدانی هەڵسووڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە. فێرکردن و بارهێنانێکی پێشکەوتووخوازنە چەکەرەی کرد. بۆ یەکەمین جار ئیتر خەڵک خۆیان لە ژێر باری ستەم و هەڵاواردنی نەتەوییدا نەدەدیت. خۆڕاگرییەک کە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان پێک هات لە واقعدا دیفاع لە دەسکەوتەکانیان بوو. بەڵام مەترسیی هێرشی دووبارەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و جەنگی بوونی فەزای کوردستان بە ناچار موقاومەتی چەکداریی خستە سەرووی هەموو جۆرەکانی خەبات و خۆڕاگرییەوە و دەرفەتی پێویست بۆ قووڵبوونەوە و پەرەئەستاندنی دەستکەوتەکان پێک نەهات.

کۆماری ئیسلامی  کە هەر لە سەرەتاوە لە وتووێژێکی واقعی لەگەڵ هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان خۆی دەبوارد و بە مانۆڕی فریوکارانە خەریکی کڕینی کات بۆ خۆی بوو، سەرەنجام لە مانگی خاکەلێوەی سالی ١٣٥٩دا جارێکی دیکە هێزەکانی خۆی لە چەند جەبهەوە لە سنوورەکانی کوردستان نزیک کردەوە و هێرشی خۆی لە کامیارانەوە دەست پێکرد و لە دەروازەکانی شاری سنە نزیک بووەوە. موقاومەتێکی قارەمانانەی ٢٤ ڕۆژە لە شاری سنە لەژێر ئاگربارانی چەکی قورسدا بەڕێوەچوو و ئەم موقاومەتە لە باقیی شار و گوندەکانی کوردستانیشدا سەنگەر بە سەنگەر لەئارادابوو. ڕژیم نەیتوانی هیچ سەنگەرێک بە بێ تێپەڕین لە خۆراگری ئازایانەی خەڵک بە دەست بێنێ.  ئەگەرچی ڕژیم توانی لە ڕووی نیزامییەوە زاڵ بێت بەڵام هیچ کات و هەتا ئیستاشی پێوە بێ نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان ناچار بە تەسلیم بکات.  خەڵکی کوردستان بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا درێژە پێداوە و کوردستانی شۆڕشگێر هەروا چەقڵی چاوی رژیمی ئیسلامییە.

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv