فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

داماویی ڕژیمی ئیسلامی لە بەرامبەر شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیدا؛ “شەڕەنگێزی بەسە – سفرەمان بەتاڵە”
شەممە ۰۱-۰۶-۱۴۰۴   |  23-08-2025

ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی مانگی گەلاوێژ زیاتر لە ٩ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن کرێکاران، خانەنشینان، شۆفیرانی کامیۆن و کامیۆنداران و توێژەکانی دیکە لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو. سەرهەڵدانەوە و پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کە ماوەیەک لەژێر کاریگەریی کەشوهەوای شەڕی ئیسرائیل و ئەمریکا لەدژی کۆماری ئیسلامی دامرکابوو، چارەهەڵنەگر و حەتمییە. چونکە کۆماری ئیسلامی لە گێژاوێک لە قەیرانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەست و پێ لێدەدات و بارودۆخی ژیانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دژوارتر و خراپتر بووە. لە بەرامبەر وەها بارودۆخێکدا حکوومەتی گەندەڵ و ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی هیچ وڵام و ڕێکارێکی بۆ دەربازبوون لەم قەیرانانە و لەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی کە بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، نییە. ڕژیم بۆ لەسەر پێ ڕاگرتنی خۆی تەنیا بە ئامرازی سەرکوت و دیکتاتۆری، زیندان و ئەشکەنجە و ئیعدام پشت ئەستوورە. لە وەها هەلومەرجێکدا کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئێرانیش ڕێگایەکیان بێجگەلە گەشەپێدانی مانگرتن و ئیعتراز نییە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی “هرانا” ئۆرگانی هەواڵی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی مانگی گەلاوێژ، نزیکەی ٥٠٠ کەس لە کرێکارانی شیرکەتی و ئەرکانی سالسی پێترۆشیمیی ڕازیی بەندەری ماهشەهر لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتن بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانیان، لە بەرامبەر دەفتەری مەرکەزیی ئەم شیرکەتە دەستیان دایە کۆبوونەوە و جیا لە دووپات کردنەوەی خواستەکانیان، واتە وەرگرتنی مەزایا و هەمسانسازی، کە سەرەڕای پەسندکرانی لە شۆرای تەئمین، خاوەنکار پەرداختی ناکات، خوازیاری ئازادیی دوو کرێکاری دەستبەسەرکراو و گەڕاندنەوە بۆسەر کاری ژمارەیەکی دیکە لەو کرێکارانە بوون کە لەلایەن حەراسەتی شیرکەتەوە دەرکراون و لە چوونەوەیان بۆ شیرکەت ڕێگری دەکرێت.

لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیی دیکە لە هەمان ڕۆژدا، کۆمەڵێکی زۆر لە کرێکارانی پەیمانکاری و ئەرکانی سالسی شیرکەتی نەوت و گازی گەچساران، لە بەرامبەر بینای ناوەندیی ئەم شیرکەتە دەستیان دایە کۆبوونەوە و خوازیاری پێدانی حەقدەستی دواخراو و باشترکردنی بارودۆخی کار و دیاریکردنی وەزعییەتی ئیستخدامیی خۆیان بوون.  ئەوان هەروەها خوازیاری نەمانی جیاکاری لە قەراردادەکانی کار، دابینکردنی ئەمنیەتی پیشە و خوازیاری ئەمنیەتی شوێنی کار و ژیانیان بوون و لەدژی ئەو بارودۆخە نائەمنەی کە هەموو ڕۆژێ گیانی کرێکاران دەخاتە مەترسیەوە و بەهۆیەوە لەم دواییەدا دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە هەمان ڕۆژدا “ئیلنا” هەواڵنێریی کاری ئێران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کارمەندانی شیرکەتی موهەندسی و دروستکردنی دامەزراوەی دەریایی لە بەرامبەر بینای تازەی شیرکەتی میللیی نەوت لە تاران ڕاگەیاند. کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەوان بەخاتری نەدرانی حەقدەستی سێ مانگی ڕابردوو و نەدرانی حەقی بیمەی تەکمیلی و تەئمینی ئیجتماعی، وە نەدرانی مەزایای قانوونی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بووە. هەر لە ڕۆژی یەکشەممەدا “ئیتحادیەی ڕێکخراوەکانی کامیۆنداران و شۆفیرانی ئێران “، ڕایگەیاند کە شۆفیران و کامیۆنداران لە بەرامبەر بینای وەزارەتی سەنعەت، مەعدەن و تجارەت لە تاران کۆبوونەوەیان بەڕێوەبردووە. ئەوانیش لەئاست بیلاتەکلیفی کامیۆنە تەوقیفکراوەکانی خۆیان و بایەخ نەدانی مەسئوولان بەم بابەتە ئیعترازیان کرد.

لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوی “شۆرای خانەنشینانی ئێران” ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی مانگی گەلاوێژ، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی خانەنشینی سەنعەتی پۆڵای ئیسفەهانی لە بەرامبەر بینای سندووقی خانەنشینیی سەنعەتی پۆڵای ئەمشارە ڕاگەیاند. ئەم کرێکارانە، خوازیاری بەڕێوەچوونی هەمسانسازی و لابردنی سەقفی حقووق، پێدانی جێژنانە و چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندیدار بە خزمەتگوزاریی دەرمان بوون. لە هەمان ڕۆژدا خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە شارەکانی تاران، ئەهواز، ڕەشت، ئیسفەهان، کەرەج، شووش، کەرخە و حەوت تەپەش لە ناڕەزایەتی بە بەڕێوەنەچوونی هەمسانسازی حقووق، چوونەدەری سازمانی تائمینی ئیجتماعی لە چوارچێوەی دەوڵەتی دز و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی، بە دروشمی وەک “شەڕەنگێزی بەسە – سفرەمان بەتاڵە”، “تەنیا لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێ مافمان”، “دەوڵەتی وەرشکستە – دوژمنی بازنشستە”، “خانەنشین ڕاپەڕە – کاتی دانیشتن نییە” کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرپا کرد و خوازیاری زیادکردنی حقووقی خانەنشینی بەپێی هەزینەی سەبەدی مەعیشەت بوون.

پێویستە بوترێ کە ڕۆژی شەممە ٢٥ی مانگی گەلاوێژیش لە ژمارەیەک لە شارەکان جەماوەری خەڵک لە ناڕەزایەتی بە قەتعبوونی بەردەوامی بەرق لە گەرمای بەتینی هاوین و نەبوونی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. بۆ نموونە لە بێهبەهان کامیۆنداران لە بەرامبەر فەرمانداریی ئەمشارە لە ناڕەزایەتی بە ڕاگیرانی چالاکیی کارخانەی سیمانی ئەمشارە بەهۆی قەتعبوونی بەرق، کە لەماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ بارێکیان نەبردووە و بێکار بوون، کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد. لە بابۆلسەریش لە هەمان ڕۆژدا بۆ چوارەمین جار لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک لە بازاڕیان و هاووڵاتییان لە بەرامبەر فەرمانداری ئەمشارە کۆبوونەوە و لەئاست قەتعبوونی ڕۆژانە ٦ تا ٨ سەعات بەرق و کەموکوڕی لە بواری ئاو و ئینترنێتەوە ئیعترازیان کرد.

پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران، وڵامێکە بۆ حاکمانی ڕژیمی ئیسلامی، کە ڕێگە نادەن بە بیانووی شەڕ، داخوازییەکانیان نادیدە بگرن. حکوومەتی ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە لە قەیرانی توندی ئابووری و وەرشکستەییدایە و تەنانەت ناتوانێ حقووق و حەقدەستی کرێکاران و کارمەندانی دەوڵەت بدات، بۆ نیشاندانی بەناو دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی بە ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە، هەزاران ملیارد تمەن لە بەرهەمی کار و ڕەنجی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش دەکاتە خەرجی ڕێپێوانی کۆنەپەرستانەی ئەربەعین بەرەو نەجەف و کەربەلا. تا نیشانی بدات کە سەرەڕای لێکهەڵوەشانی هێزە نیابەتییەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت”، هێستاش ئامرازی نفووزی لە ناوچەکەدا هەیە.

بەڵام ڕژیمێک کە بە قسەی سەرۆک کۆمارەکەی خۆی، لە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، لە دابینکردنی ئاو، بەرق، گاز، خزمەتگوزاریی پزشکی و کۆمەڵایەتی، لە دابینکردنی هەزینەی ئاوەدانکردنەوە و ئیداری تووشی قەیران بووە، ڕژیمێک کە دەیان ساڵە ژیانێکی فەلاکەتباری بەسەر خەڵکدا سەپاندووە، تەمەنی کۆتایی هاتووە و دەبێ بڕووخێت. بەڵام ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە دز و گەندەڵە، کە لە ئێستادا لە لاوازترین پێگەی خۆیدایە، لە گرەوی هاتنە مەیدانی کرێکارانی ڕێکخراو لەئاستی سەرتاسەری و لە گرەوی پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی جەماوەری بەشمەینەتی کۆمەڵگادایە.