سەپاندنی حوکمی زیندان بەسەر خوێندکارێکی خەڵکی مەهاباد
یەکشەممە ۰۲-۰۶-۱۴۰۴   |  24-08-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، “پووریا نەسیری” خوێندکاری قۆناغی کارناسیی زانکۆی ئازادی مەهاباد، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەمشارە بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژی حکومەت»، بە سێ مانگ زیندان مەحکووم کراوە. شایانی باسە، ئەو حوکمه بۆ ماوەی دوو ساڵ هەڵپەسێردراوە.
پووریا نەسیری ڕۆژی سێشەممە ۱۷ی پووشپەڕی ١٤٠٤، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کرابوو. ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ۲۹ی جۆزەردانی ١٤٠٤، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرابوو. جێگای ئاماژەیە، پووریا نەسیری هەروەها لە ڕێکەوتی ۸ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەهاباد دەستبەسەر و پاش ماوەیەک ئازاد کرابوو.