
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژینۆ کەریمی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی مەریوان، پاش نزیکەی دوو حەفتە دەستبەسەرکرانی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، لەم دواییانە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی سنە گواستراوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژینۆ کەریمی لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە مافی پێوەندی گرتن لەگەڵ بنەماڵەی و دەست پێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی هەینی ١٧ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە مەریوان دەستبەسەرکرابوو و بۆ بارەگەی سەرەکیی شەهرام فەر، دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە لە سنە گواسترابوویەوە. جێگای ئاماژەیە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و هەروەها ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەکی ورد لە بەر دەستدا نییە.