
پەسندکرانی حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری، بۆ جارێکی تر سرووشتی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامیی بە بیروڕای گشتی نیشاندا. ئەم حوکمە ڕاگەیاندنی شەڕێکی ئاشکرایە لەدژی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەهێزەوە لە مەیداندا بوون. لە سەروبەندی ساڵوەڕگەڕی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، کە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی جەماوەری ئێران لەدژی دەسەڵاتی سەرمایەداری ئیسلامی بوو، ڕژیم بە پەرەپێدانی سەرکوت و ئامرازی قەتڵی دەوڵەتی هەوڵ دەدات ڕەوتی چارەهەڵنەگری گەشەی ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری کۆنتڕۆڵ بکات.
دژەشۆڕشی ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری لە ساڵی ١٣٥٧ەوە، بە سەرکوتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بە کوشتاری بەرینی شۆڕشگێڕان، نەزمی چینایەتیی خۆی سەقامگیر کرد. لە دەیەی شەستەوە هەتا بە ئەمڕۆ، ئێعدام وەک قەتڵی حکوومەتی بەردەوام وەک ئامرازێک بۆ پێکهێنانی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا بەکار هاتووە. شەریفە محەممەدی، ئاشنا لەگەڵ دەستی قەڵەشیو و ڕەنجی باوکی زەحمەتکێشی، نوێنەری هەزاران ژن، کرێکار و چالاکی کۆمەڵایەتییە کە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەبات دژبە هەژاری، هەڵاواردن و نابەرابەری و سەرکوت تێدەکۆشن. دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە هەوڵێکە بۆ چاوترسێن کردنی بزووتنەوەی ژنان. واتە هەر ئەو بزووتنەوەیەی کە لە ئاخێزی ژینادا بە ڕوونی پەیوەندی خۆی لەگەڵ داخوازیی ئازادیخوازانە و بەرابەری تەڵەبانەی توێژە بەشمەینەتەکانی دیکەی کۆمەڵگا نیشاندا.
ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی کە بە قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمنیی دەستیپێکرد، خاڵێکی وەرچەرخان لە خەباتی جەماوەر دژبە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەم بزووتنەوەیە هەژمۆنی ترسی شکاند و دەرفەتی نوێی بۆ پێکهێنانی بزووتنەوە کۆمەڵایەیەتییەکان فەراهەم کرد. دروشمی سەرەتایی ژن، ژیان، ئازادی، داخوازیی بەشێکی بەرین لە خەڵک بوو کە بەخاتری سیاسەتی دژەژنی کۆماری ئیسلامی، بەخاتری نەبوونی ئازادیی سیاسی و تاکەکەسی و بەخاتری بێبەش بوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان وەگیان هاتبوون. ئەو ئاخێزە نیشانیدا کە کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی مەشرووعییەتدا گرفتارە و بە هیچ ڕێفۆرمێک ناتوانێ هۆگرایەتی و متمانەی گشتی بەدەست بێنێت. هەر بۆیە ڕژیم لە وڵامدا، توندوتیژیی بێسنوور، ئێعدام و کوشتار دەگرێتە بەر. کە بێگومان ئەوەش خۆی نیشانەی داماوییە نەک هێز و دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی.
لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، مانگرتنە کرێکارییەکان لە ناوەندەکانی سەنعەتی نەوت، پێترۆشیمی، درێژەی خەباتی خانەنشینان و مامۆستایان نیشانیدا کە سەرەڕای پەرەپێدانی سەرکوت، خەبات و خۆڕاگری لە قووڵایی کۆمەڵگادا ڕیشەی داکوتاوە. ژنان هەروا بەردەوام لە بەرامبەر حیجابی ئیجباریدا دەوەستنەوە و سیمای شارەکانیان گۆڕیوە. هەروەها ئیعترازاتی بەرینی خەڵک لە شارە جۆراوجۆرەکان لەدژی بڕانی ئاو و بەرق نیشانیدا کە ناڕەزایەتیی گشتی ئیتر تەنیا بە چینی کرێکار یان بە خەبات لەدژی حیجابی ئیجباری سنووردار نابێتەوە. بەڵکوو توێژە بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگاش بۆ وەدیهێنانی داخوازییە سەرەتاییەکانی ژیان، ئەم ناڕەزایەتییە زیاتر گەشە پێدەدەن. خەڵک لە گەرمای بەتین و لە بارودۆخێکدا کە گرانی و هەژاری سێبەری بەسەر ژیانیاندا کێشاوە، بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی خۆیان نیشانیاندا کە چیتر ناکارامەیی و گەندەڵیی حکوومەتی ئیسلامییان بۆ تەحەمول ناکرێت. ئەم ئیعترازاتە سەرتاسەرییە ئاڵقەیەک لە هەمان زنجیری موقاومەت و خۆڕاگرییە کە ئاخێزی ژینا بە ئەمڕۆوە پەیوەند دەدات.
دەسەڵات، لەلایەکەوە بۆ مانەوەی خۆی سەرکوتی پەرەپێداوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەزانێ کە هەر ئێعدام، هەر قەتڵێکی دەوڵەتی دەتوانێ شەپۆلێکی تازە لە تووڕەیی و ئیعترازی شۆڕشگێڕانە پێکبێنێت و بەستێنی تێپەڕین لە ستراتێژی سەرکوت فەراهەم بکات. ئەمە پارادۆکسێکی مەرگبارە کە ڕژیم بەرەوڕووی بووەتەوە. هەرچی زیاتر سەرکوت بکات، تووڕەیی پەنگخواردووی خەڵک و ئەگەری هەڵچوونی زیاتر دەبێت. لە جەرگەی ئەم بارودۆخەدا، بزووتنەوەکانی وەک سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام گرینگییەکی سیاسیی تایبەت پەیدا دەکەن. ئەم هەڵمەتە، مەیدانێکە بۆ پێکهێنانی هاوپشتیی سەرتاسەری لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا. لەگەڵ هەر سێشەممەیەکی ئەم کەمپەینە، پەردەیەکی دیکە لە ڕوخساری خوێنڕێژی ئەم ڕژیمە لادەدرێت و هاوکات ئەو پەیامە بۆ کۆمەڵگا دەنێردرێ کە خەبات دژبە ئێعدام و خەبات بۆ ئازادیی زیندانیانی سیاسی بەشێکی دانەبڕاوە لە خەبات لەدژی گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
پێویستیی پشتیوانیی بەرین و ڕێکخراو لەم کەمپەینە، لەئێستادا زیاتر لە هەموو کاتێکی تر هەستی پێدەکرێت. کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام بە نەوبەی خۆی دەتوانێ ببێتە پردێک بۆ پەیوەنددانی بزووتنەوە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم کەمپەینە ئەگەر بەشێوەی سەرتاسەری و هاوئاهەنگ بەڕێوەبچێت، دەتوانێ هەم لەئاستی ناوخۆییدا هێزێکی تازە بە خەبات و خۆڕاگریی جەماوەر ببەخشێت و هەم لەئاستی جیهانیشدا دەنگی خەڵکی ئێران دژبە ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامی بەرزتر بکاتەوە. ئەزموونی ئاخێزی ژینا نیشانیدا کە بە بێ ڕێکخستنی هوشیارانە و سەرتاسەری، هێزی مەزنی جەماوەر یان سەرکوت دەکرێت یان بەلاڕێدا دەبردرێت. ئەرکی هەڵسووڕاوانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیست لەئێستادا پەرەپێدان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان و کۆمەک بە ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانەیە، تا بتوانن ئیعترازاتی پڕژوبڵاو بکەنە بزووتنەوەیەکی سەرتاسەری و ڕێکخراو. لەم پێناوەدا، پشتیوانیی جیددی لە کەمپەینی نا بۆ ئێعدام دەبێ ببێتە بەشێک لە ئەرکی هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان.
هێزی بزووتنەوەی ژینا لەوەدا بوو کە توانیی بزووتنەوەی ژنان لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەدژی هەڵاواردن و نابەرابەریدا بەیەکەوە پەیوەند بدات. ئەم پەیوەندییە دەبێ قووڵتر بێتەوە. خەبات لەدژی حیجابی زۆرەملێ و ستەمی جنسیەتی دەبێ لەگەڵ خەبات لەدژی چەوساندنەوەی سەرمایەداری و هەژاریی ئابووری ئاوێتە بکرێت. تەنیا لەم هاوپشتییە چینایەتی جنیسەتییەدایە کە دەتوانین ئاڵترناتیڤێکی ڕاستەقینە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی دابنێین. بزووتنەوەی ئێستا تەنیا بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و بە تێکەوەپێچانی دامەزراوە ئابووری و سیاسییەکانی، دەتوانێ بە ئاکام بگات. هەرجۆرە ئومێد بەستنێک بە تێپەڕینی ئارام و بەشێنەیی، وەهم و خۆشباوەڕییەکی مەترسیدارە کە تەنیا خزمەت بە مانەوەی نەزمی ئێستا دەکات.
ئەرکی مێژووییمان ڕوونە. پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکان لە کۆمەڵگا، کۆمەک بە سازماندانی ئەم بزووتنەوانە، یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێبەریی سەرتاسەری لە ڕێگەی پەیوەنددانی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، جێگیرکردنی ئەم پەیوەندییانە. لەم ڕێگەیەوە پێداویستییەکانی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، گۆڕانکاریی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بنەڕەتی و ئاڵوگۆڕی سۆسیالیستی دێتە دی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە