
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کارگێڕانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە وەزارەتی پەروەردە، حوکمی دەرکردن، دوورخستنەوە و خانەنشینکردنی زۆرەملێیان بۆ کۆمەڵێک لە مامۆستایانی کوردستان دەرکرد. ئەم حوکمانە نەک هەر هێرشێکی ئاشکرایە بۆسەر مافی هەزاران مامۆستا، بەڵکوو نیشانەیەکی ڕوون لە داماویی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. حکوومەتێک کە ساڵەهایە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرتاییەکانی خەڵک، لە بەرق و ئاوەوە هەتا پەروەردە و تەندروستی، بێتوانایە و تەنیا ڕێگای ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی پەنابردن بۆ ئامرازی سەرکوتە. بەڵام ئەم سەرکوتە لەدژی مامۆستایانێک بەڕێوەدەچێت کە ئەرکی پەروەردە کردنی نەسلی داهاتوویان لەئەستۆیە و لەڕێگەی خوێندکارانەوە لەگەڵ بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا پەیوەندییان هەیە.
لە نیزامی سەرمایەداریدا و بەتایبەت لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا، وەزارەتی پەروردە ناوەندێکی بێ لایەن نییە. بەڵکوو ئامرازی بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار و ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتە. هەر لە سەردەمی منداڵییەوە، خوێندنگا منداڵان فێری ئیتاعەت و قەبووڵ کردنی ئیقتدار دەکات. ئەوان نەک بۆ پشکوتنی ئازادانەی تواناکانیان بەڵکوو بۆ چوونە ناو بازاڕی کار ئامادە دەکات. لەڕاستیدا خوێندگا لە نەزمی بورژوازیدا بەشێک لە دەزگای ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵاتە. مامۆستا لەم نیزامەدا لە پێگەی کرێکاری فکریدایە. ئەویش هێزی کاری خۆی لەبری حقووقێکی زۆر کەمدا دەفرۆشێ و لە واقعدا بەشێک لە چینی کرێکارە و لەژێر چەوسانەوەدایە. حەقووقی کەم، قەراردادی کاتی، نەبوونی ئەمنیەتی پیشە و سەرکوتی سیاسی، ئەو موسیبەت و نەهامەتییانەن کە بەشە جۆراوجۆرەکانی چینی کرێکاری ئێران لەگەڵی دەست و پەنجە نەرم دەکات.
سیستمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە لە قەیراندایە. کەسری بوودجەی بەرین، کەمبوونی مامۆستا، مەدرەسەی کۆنە و پرتووکاو، نەبوونی ئیمکاناتی پەروردە، وە بەکاڵاکردنی پڕۆسەی پەروەردە، هەر هەموویان نیشانەکانی ئەم قەیرانەن. بەتایبەتکردن و سپاردنی خوێندنگاکان بە بازاڕی ئازاد بووەتە هۆی ئەوەیکە کوالیتیی پەروەردە بە پێی داهاتی بنەماڵەکان بێت و لەم ڕووەوە بواری پەروردە زیاتر لە ڕابردوو چینایەتی بووەتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا، ئاساییە کە مامۆستایان و خوێندکاران لە ڕیزی پێشەوەی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا بن.
لەسەر ئەم بەستێنە، ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان لەماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە ڕێکخراوە چالاکەکان لە بواری دیفاع لە مافی مامۆستایان و خوێندکاران بووە. ئەم ئەنجومەنە گەلێک جار بەهای داوە، ئەندامانی دەستبەسەر کراون و هەڕەشەیان لێکراوە، بەڵام بەردەوام وەک دەنگی سەربەخۆی مامۆستایان چالاکییەکانی درێژەداوە. دەرکردنی ئەحکامی ئەم دواییە دروست بەخاتری لێبڕاوبوونی ئەم ڕێکخراوە لە دیفاع لە مافی مامۆستایان و خوێندکاران بووە. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێ بە دەرکردنی ئەم حوکمانە، بە پەروەندەسازی و دەرکردن، ئەم سەنگەرەی خەباتی مامۆستایان تێکبشکێنن.
بۆ مامۆستایانی کوردستان، ئەم سەرکوتە دوو بەرابەرە. ئەوان نە نەتەنیا وەک کرێکار لەژێر چەوساندنەوەی سەرمایەداریدان، بەڵکوو وەک بەشێک لە خەڵکی کوردستان کە لە ستەمی نەتەوەیی ڕەنج دەبەن، دەکرێنە ئامانجی سەرکوت. ئەوان بەپێی سیاسەتی شۆڤینیستیی کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەیان نییە و ناتوانن بە زمانی دایک لە مەدرەسەکان دەرس بڵێنەوە و ڕێکخراوەکانیان نایاسایی ڕادەگەیەندرێت. وە ئیعترازاتیان بە لێدانی تۆمەتی ئەمنیەتی، سەرکوت دەکرێت. هۆکاری سەرەکیی سەرکوتی ئەنجومەنی مامۆستایان نەک هەر ناڕەزایەتیی پیشەیی، بەڵکوو بەخاتری ئەو ئیمکانەیە کە ببنە پێشەنگێک بۆ ڕێکخستنی بەرینتر. سەرانی ڕژیمی ئیسلامی باش دەزانن کە یەکگرتوویی مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینان و خوێندکاران دەتوانێ ببێتە هێزێکی کۆنتڕۆڵ نەکراو لەدژی گشت نیزامی سەرمایەداری.
لە کاتێکدا کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانێکی هەمەلایەنەدا گرفتارە و ڕەوتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دەمێکە دەستپێکردووە و پایەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەبەر چاوی خەڵک یەک لە دوای یەک تێکدەشکێن. لە کاتێکدا کە قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و پرتووکاوی و وێرانیی ژێرخانەکانی بەرهەمهێنان و گەیاندنی وزە و گرانیی بەرین، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بەجۆرێک دەرماندە کردووە کە توانای دابینکردنی نان و ئاو، بەرق و هەوای سالمی نییە. لە وەها بارودۆخێکدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی خەباتی ڕێکخراوی مامۆستایان لەئاستی سەرتاسەریدا بە هەڕەشەیەکی سیاسی لەدژی خۆی دەزانێت. بزووتنەوەی مامۆستایان تەنیا کاتێک دەتوانێ پێشڕەویی خۆی زەمانەت بکات کە بۆ جارێکی تر لەگەڵ بەشەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزووتنەوەی ژنان لەدژی ستەمی جنسیەتی، خوێندکاران لەدژی سەرکوتی سیاسی و خانەنشینان لەدژی هەژاری، پەیوەندییەکانی خۆی پەرەپێبدات.
دەرکردنی ئەحکامی ئێعدام لەدژی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سەرکوتی مامۆستایانی کوردستان بەشێک لە ستراتێژی ڕژیم بۆ کپ کردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و ڕێکخراوە. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە کە هیچ سەرکوتێک توانای لەناوبردنی بزووتنەوەی چینایەتی نییە. ئەمڕۆ خواستی هەڵوەشاندنەوەی ئەحکامی دەرکراو لەدژی مامۆستایانی کوردستان بووەتە خواستێکی مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران.
ڕۆژی هەینی ٧ی مانگی خەرمانانی ١٤٠٤، لە وڵام بە بانگەوازی “کۆمیتەی جەماوەریی پشتیوانی لە مامۆستایانی دەرکراوی کوردستان”، سەدان کەس لە خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە بە ڕێپێوان بەرەو ئاویەر، دەرکردنی مامۆستایانیان مەحکووم کرد و خوازیاری گەڕاندنەوەی دەستبەجێیان بۆسەر کارەکانیان بوون. بەشداریی بەرینی خەڵک و هاواری ڕەسای “کرێکار، مامۆستا، خوێندکار، یەکگرن یەکگرن” و “مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێ”، نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ مامۆستایان دەتوانێ ببێتە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و سەرتاسەری لە کوردستان. پێویستە بزووتنەوەی هاوپشتی لەگەڵ مامۆستایانی دەرکراو لە کوردستان پەرەپێبدەین.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە