فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ئێعدامی دوو بەندکراوی ژن وچەند کەسی دیکە لە زیندانەکانی ئێران
شەممە ۰۸-۰۶-۱۴۰۴   |  30-08-2025

بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی ژنێک بە ناوی “بانوو موقەدەم” تەمەن ٥٩ ساڵ، لە زیندانی ناوەندی ئەبهەر سەر بە پارێزگای زەنجان جێبەجێ کرا.
بانوو موقەدەم لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەستی زاواکەی” بە هۆی هەڕەشە لە کچەکەی دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپابوو.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی زیندانیەکی ژن بە ناوی “میترا یاسینی” خەڵکی ئیلام، لە زیندانی ناوەندیی شیراز جێبەجێ کراوە. ناوبراو پێشتر  بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە “مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوو. هاوکات حوکمی ئێعدامی زیندانییەک بە ناوی “ماشەڵڵا نیکوفاڵ” خەڵکی هەرسینی کرماشان، لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کراوە. شایانی باسە، ئەم زیندانییە شەش ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکانی پەیوەست بە “مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر و دواتر لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
هەر لەم پێوەندەدا، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۵ی خەرمانانی ١٤٠٠، حوکمی ئێعدامی “مەجید عابیدی” تەمەن ۳۵ ساڵ لە زیندانی سمنان، “سەمەد سەیدحسێنی” تەمەن ۴۶ ساڵ و خەڵکی یاسووج لە زیندانی ناوەندیی یاسووج، “میلاد محەممەدساڵحی” تەمەن ۳۲ ساڵ و خەڵکی کاشان لە زیندانی ناوەندیی شیراز، “محەممەدڕەزا موریدان” خەڵکی خوزستان لە زیندانی ئەلیگوودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان و “سەجاد قولیزادە” لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کراوە.