
ئەمڕۆ دووشەممە 10ی خەرمانانی ١٤٠٤، ئاژانسی هەواڵی بەختەری فەرمی سەر بە تاڵیبان بڵاویکردەوە، بەهۆی ڕوودانی بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای نەنگەرهاری ئەفغانستان، زیاتر له 800 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی جیۆلۆجی ئەمریکا، نیوەشەوی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6 پلەی ڕێختەر پارێزگای نەنگەهاری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانی هەژاند کە دەکەوێتە سەر سنووری پاکستان. دەستەی جیۆلۆجی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند، بوومەلەرزەکە هەشت کیلۆمیتر لە قوڵایی زەوی بووە. لەلایەکی دیکەوە، تەلەفزیۆنی نیشتمانی ئەفغانستان و ئیدارەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی تاڵیبان، ڕایانگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکەی نیوە شەوی ڕابردووی کوناری سەر بە پارێزگای نەنگەرهار، زیاتر له 800 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 2 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڵاوکردنەوەی ژمارە فەرمی قوربانییەکان جیاوازن، هەروەها هەوڵەکانی ڕزگارکردن و فریاگوزاریی بەردەوامە، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی بەهۆی داخستنی ڕێگاکان دێننە بەردەمی تیمەکان بۆ گەیشتن بە ژمارەیەک گوندی زیانلێکەوتوو.