
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی شەممە ٨ی خەرمانانی ١٤٠٤، شەهرام حاتەمی، چالاکی مەدەنی و خەڵکی ورمێ، بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای بەندکرانەکەی، دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی ئەمشارە گواسترایەوە.
شەهرام حاتەمی ٢٩ی گوڵانی ئەمساڵ، لە لایەن لقی ٢ی دادگای ڕژیم لە ورمێ بە ٢ ساڵ بەندکران، ٢ ساڵ بێبەش بوون لە چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەستبەسەرداگرتنی تەلەفۆنی ناوبراو وەک کەرەسەتەی تاوان، سزا درابوو. ئەم حوکمە دواتر لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ ٦ مانگ و یەک ڕۆژ کەم کرایەوە. ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم هاووڵاتییە “پڕۆپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی”، “بڵاو کردنەوە و پڕوپاگەندە بۆ بێ حجابی”، “هاوکاری لەگەڵ میدیاکانی ناڕازی” و “سووکایەتی کردن بە نەتەوەکان» ڕاگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەزبەری ١٤٠٣، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ ماڵەکەی، دەستبەسەر و دەست بەسەر کەرەستە شەخییەکانی ناوبراو وەک موبایل و لەپ تاپ داگیرابوو. شەهرام حاتەمی دوای تێپەڕاندنی سێ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادوەریی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرابوو.