
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، حوکمی ئێعدامی لانیکەم ۱۵۲ بەندکراو لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ لانیکەم ۵۸ حاڵەت واتا ۷۰٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوودا حوکمی ئێعدامی ۹۴ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لەو مانگەدا، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوی “رووزبێە وادی” بە تۆمەتی “سیخوڕی بۆ ئیسرائیل” و بەندکراوێکی مەزهەبیی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی “مەهدی ئەسغەرزادە” بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە داعش” لە زیندانی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. هەروەها حوکمی ئێعدامی لانیکەم ۵ ژن لە زیندانەکانی شیراز، تەورێز، ئەبهەر و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە. سوودابە، بەندکراوی خەڵکی ئیسفەھان، مەهسا ئەکبەری خەڵکی شیراز، بانوو موقەدەم خەڵکی ئەبهەر و مەلیحە حەقی خەڵکی تەورێز بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە زیندانی ئەو شارانەدا جێبەجێ کراوە. هەروەها میترا یاسەمەنی خەڵکی ئیلام بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە زیندانی عادڵئاوای شیراز لەسێدارە دراوە.