بەپێی ڕاپۆرت و داتاکانی سندووقی نێونەتەوەییی پارە لە مانگی ئاوریلی ٢٠٢١، لیستێک لە ڕیزبەندیی ئاستی حەقدەستی کرێکارانی وڵاتە جۆراوجۆرەکان ئامادە کراوە کە بەپێی داتاکانی ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە، ئێران لە پلەی ١٦٠ دایە. لەم ڕیزبەندییەدا ئێران دوای گامبیا و تەنانەت ئەفغانستانە کە لە پلەی ١٣٩ دایە، و هەروەها خوارتر لە بەنگلادێش، لیبی و عێراق ڕاگەیەندراوە. ئێران بە تەوەرۆمی نوقتە بە نوقتەی ٥٠ لەسەدی، خاوەنی شەشەمین تەوەرۆمی باڵای جیهانە. بەپێی ئاماری خودی میدیا دەوڵەتییەکان هێڵی هەژاری لە ئێران لە سنووری ١٠ ملیۆن تمەن تێپەڕ بووە و زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵک لە ژێر هێڵی هەژاریدان. ئەگەرچی تەنانەت بەپێی یاسای دژەکرێکاریی ڕژیم لە پڕۆسەی دیاریکردنی حەقدەستەکاندا پێویستە سەرەتا تەوەرۆمی واقعیی و نرخی سەبەدی کاڵایی دیاری بکرێت، بەڵام واقعییەت ئەوەیە کە حەقدەستی یەک مانگی کرێکاران تەنیا ٣٠ لەسەدی هەزینەکانی ژیانی ئەوان پۆشش دەدات، واتە حەقدەستی کرێکاران بەشی هەزینەی ١٠ ڕۆژی ئەوەڵی مانگ ناکات. هەربۆیە هەزینەی ژیانی کرێکاران لەو ٢٠ ڕۆژەی دیکەی مانگدا پێویستە بە پیشەی دووهەم و سێهەم دابین بکرێت. بە واتایەکی تر لە ئێستادا ئاستی واقعیی حەقدەست تەنیا بەشی زندوو مانەوەی کرێکاران و بنەماڵەکانیان دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی میدیا دەوڵەتییەکان، ڕێژەی تەورەۆمی ماددە خۆراکییەکان زیاتر لە ٦٠ لەسەد ڕاگەیەندراوە. ئەگەر لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا ڕێژەی تەوەرۆمی ساڵی ١٤٠٠ سەرووی ٥٠ لەسەد لە نەزەر بگرین، ئەوکات ملیۆنان کەسی دیکە لە ئێران دەچنە ژێر هێڵی هەژارییەوە.
بەوتەی هەڵسووڕاوانی کرێکاری لە دیاریکردنی حەقدەستی کرێکاراندا، هەم هەزینەی سەبەدی بژێو و هەم هێڵی هەژاری پێویستە لەبەرچاو بگرێت تا بەم پێیە حەقدەستی کرێکاران پێشبینی و پەسند بکرێت. لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆشایی و مەودای نێوان لانیکەمی حەقدەست و هێڵی هەژاریی کرێکاران چووەتە سەرێ و ئەم مەسەلەیە لەسەر هاتنەخوارەوەی یەکجار بەرینی توانای کڕینی بنەماڵەکان کاریگەری داناوە. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەزینەی مانگانەی سەبەدی بژێوی بنەماڵە کرێکارییەکان ٨ ملیۆن و ٩٧٩ هەزار تمەن دیاری کرا. کارناسان و چالاکانی بواری کار و بەرپرسانی کرێکاری لەسەر ئەو باوەڕەن کە هەزینەکانی سەبەدی بژێوی کرێکاران یەکجار لەم ئاستە لەسەرترە. بەو مانایە کە لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، بەردەوام سەبەدی بژێو بۆ دیاریکردنی حەقدەستەکان ئاگاهانە چاوپۆشیی لێکراوە و هەر ئەم بابەتەش بووەتە هۆی دواخرانی حەقدەستەکان نیسبەت بە تەوەرومی هەوسارپچڕاو. باروودۆخی ئابووری و بژێویی کۆمەڵگای کرێکاری بەهۆی پەرەسەندنی بەرینی هەژاری یەکجار ناپایەدارە. کرێکاران ڕۆژانە دەکەونە ژێر هێڵی هەژاریی بێسنوورەوە.
خەباتی کرێکارانی ئێران بۆ بردنەسەرەوەی حەقدەستەکانیان لە باروودۆخێکدا درێژەی هەیە کە لە وڵاتانی پێشکەوتووتری سەرمایەداری، کرێکاران بە هێزی ڕێکخراوی خۆیان ئاست و سنوورێکیان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتدا سەپاندووە تا لەوە زیاتر پەلاماری ژیان و بژێوی کرێکاران نەدەن. دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان و دیاریکردنی سنوورێک بۆ سەرمایەداران بەو ئامانجەوە ئەنجام دراوە کە کەم داهاتترین بەشی چینی کرێکار بتوانێ بەسەرەنجدان بە ئاستی تەورەۆمی واقعی و چوونەسەرەوەی قیمەتەکان، لانیکەمەکانی ژیانی خۆی دابین بکات. کرێکار بەپێی پێگەیەک کە لە سیستمی سەرمایەداریدا هەیەتی نەتەنیا دەبێت بە ئامرازی حەقدەست و بەهای ڕۆژانەی هێزی کارەکەی دەستی ڕابگات و هەموو ڕۆژێ ئەم هێزە دووبارە قەرەبوو بکاتەوە تا بیفرۆشێت، بەڵکوو دەبێت بتوانێت پێداویستییەکانی ژیانێکی ئینسانیش بۆ خۆی دابین بکات. کرێکار پێویستە بتوانێت فرۆشی ئەم تەنیا داراییەی خۆی بەجۆرێک بەڕێوەبەرایەتی بکات کە بۆ تەمەنێک بتوانێ لەم ڕێگەوە ژیانی بەسەر بەرێت. لە نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئسیلامیدا ئەم لانیکەمانە، ڕۆژانە پێشێل دەکرێن.
لە ئێران، سەرمایەداران، خاوەنانی سەنعەت و دەوڵەت وەک کڕیارانی هێزی کار بەخاتری هەبوونی ئەرتەشی گەورەی بێکاران هەوڵ دەدەن تا حەقدەستی کرێکاران تا ئەو جێگایەی کە مومکینە لەخوارێ ڕابگرن و دیفاع لە بەدەستهێنانی قازانجی هەرچی زیاتر، بە مافی بێ ئەملاوئەولای خۆیان دەزانن. کرێکارانیش بە مافی خۆیانی دەزانن کە لە بەرامبەر هێزی کارەکەیاندا حەقدەستێک داوا بکەن کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی تەوەرۆمی واقعیی ناو کۆمەڵگا و پێداویستییەکانی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا، بتوانن ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن. لێرەدا لە نێوان مافی سەرمایەدار و مافی کرێکار ناتەباییەکی ئاشکرا و هەمیشەیی بوونی هەیە و ئەوە زۆرە کە حوکم دەکات. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە هاوسەنگیی هێزی ئێستادا بە زەبری یاسا و بە بەکارهێنانی هێزی سەرکوت و ڕەشگیریی هەموو ڕۆژێی هەڵسووڕاوان و ڕێبەرانی کرێکاری ئەم کێشمەکێشەی بەقازانجی سەرمایەداران تەواو کردووە. چونکە بەبێ ڕێکخراوی چینایەتی و سەربەخۆی کرێکاری، کرێکاران ناتوانن ئیرادەی چینایەتیی خۆیان لە دیاریکردنی لانیکەمی حەقدەستەکان بەسەر سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیاندا بسەپێنن. لەڕاستیدا دیاریکردنی ئاستی لانیکەمی حەقدەست بەرهەمی هاوسەنگیی هێزی چینایەتییە. ناڕەزایەتیی کرێکاران لە دەوری خواستی بردنەسەرەوەی حەقدەستەکان دەتوانێت پاشەکشەی کاتیی خاوەنکاران و دەوڵەت لە بواری دەستدرێژی بۆسەر ئاستی بژێوی کرێکاران و چوونەسەرەوەی کاتیی حەقدەستەکانی لێ بکەوێتەوە، بەڵام سەرەنجام بە پێکهێنانی ڕێکخراوی جەماوەری و چینایەتیی سەربەخۆ لە دەوڵەتە کە کرێکاران دەتوانن هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بەقازانجی خۆیان بگۆڕن. لەو جێگەوە کە ڕەوتی ڕوو لە گەشەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و خەباتی سەرتاسەری و شکۆداری مامۆستایان هەروا درێژەی هەیە، بێگومان کرێکاران لە جەرگەی ئەم خەباتەدا، بە پشت بەستن بە هێزی یەکگرتوو و یەکپارچە و بە پێکهێنانی ڕێکخراوە چینایەتییەکانی خۆیان، ئەم باروودۆخە ئەگۆڕن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە