
لەژێر دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداری لە سەدەی بیست و یەکدا سێ قەیران کە بریتین لە قەیرانی ژینگەیی، قەیرانی ڕەگەزی و قەیرانی هەژاری، بەشێوەی هاوکات پەرەیان سەندووە. ئەوەیکە ئەمڕۆ لە سەنعەتی مۆد و جلوبەرگ لە وڵاتانی باکووری جیهانی، بۆ نموونە لە ئەیالەتی تامیل نادو لە هێند ڕوو دەدات، تەنیا نموونەیەکی بەرچاوە لەو پەیوەندییە پێکهاتەییە.
ڕاپۆرتی هەواڵنێریی ڕوویتێرز لە ٢٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ بە ڕوونی نیشانی دەدات کە ژنانی کرێکاری ئەم سەنعەتە، لە بارودۆخێ گەرمای تاقەت پڕووکێن و بە بێ ئیمکاناتی سەرەتایی گۆڕینی هەوا و ئاوی پێویست، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی گورچیلە و ماندوویەتی درێژخایەن و تێکچوونی دەروونییان لەسەرە. ئەم دۆخە ڕووداوێکی سرووشتی و ئاسایی نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی لۆژیکی سەرمایەدارییە، کە قازانجی لە تەندروستی و ژیانی ئینسان پێ گرینگترە. ویلایەتی تامیل نادو لە باشووریترین بەشی هیند، وەک یەکێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی جلوبەرگ لە جیهاندا، زیاتر لە ٩٠%ی هێزی کارەکەی لە ژنان وەردەگرێت. ئەم ژنانە لەو کارگا و کارخانانەدا کار دەکەن کە زۆربەیان سیستەمی گۆڕینی هەوایان نییە. دەبێ سەعات کاری دوورودرێژ تەحەمول کەن و لە هەموو ماوەی کارەکەیاندا دەبێ بەپێوە ڕاوەستن. دەستڕاگەیشتنیان بە ئاوی خواردنەوە سنووردارە و تەنانەت بەهۆی فشاری کارەوە لە چوون بۆ سرویسی بێهداشتیش خۆدەبوێرن.
(ILO)، ڕێکخراوی جیهانیی کار بەراوردی کردووە کە ٧٠%ی دانیشتووانی شاغڵی جیهان واتە نزیک بە چوار ملیارد و دوو سەد ملیۆن کەس لەژێر گەرمای توند و تاقەت پڕووکێندا کار دەکەن. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٥١٠ ملیارد سەعاتی کار بەهۆی گەرماوە لەدەست چووە. ئەم ئامارە ٥٠% لە دەیەی ١٩٩٠ بەرزترە. لە هەمان ساڵدا زیاتر لە ٢٢ ملیۆن زیانی پیشەیی و نزیک بە ١٩ هەزار مەرگ بەهۆی گەرماوە ڕاگەیەندراوە. ئەم ئامارە بەڕوونی نیشانی دەدا کە قەیرانی کەشوهەوا نەک هەڕەشەیەک بۆ داهاتوو، بەڵکوو بەشێکە لە حەقیقەتی ئەمڕۆی کار و ژیانی چینی کرێکاری جیهان.
لێکۆڵینەوەکان لە هێند نیشانی دەدەن کە ژنانی کرێکار بەهۆی کەم ئاوییەوە مەرتسیی گەورەیان لەسەرە. ئەم بارودۆخە توانای گورچیلە بۆ نەهێشتنی ژەهرەکان تێکدەدات و دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلە و دروستبوونی بەردی گورچیلە. لە توێژینەوەیەکی مەیدانیدا لە نێوان کرێکارانی بەرهەمهێنانی خوێ لە تامیل نادو، نزیکەی ٩% بەردی گورچیلەیان هەبووە. جگە لە نەخۆشییە جەستەییەکان، ژنانی کرێکار ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و فشاری دەروونی دەبنەوە کە لە ئەنجامی چەوساندنەوەی درێژخایەن دروست دەبێت. ئەوان زیاتر بەهێزی کاری نادیار بە حیساب دێن. هیچ ناوەندێک دەنگیان ئەوان نییە و تەنیا کاتێک هەواڵێکیان لێ بڵاو دەبێتەوە کە کارەساتێک ڕوویدا بێت.
زۆرێک لە خاوەن برەندە گەورەکانی ئەمڕۆی مۆد، دروشمی “پایداری” و “بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی” بانگەشە دەکەن. بەڵام مەودای نێوان قەسە و کردەوەیان یەکجار زۆرە. ٩٣%ی برەندەکان بەڵێنەکانی مافی مرۆڤیان لەسەر کاغەز تۆمار کردووە، بەڵام تەنیا ٢٧%یان بەکردەوە ئەم لانیکەمانەیان دەرحەق بە کرێکاران جێبەجێ کردووە. زۆربەی ڕاپۆرتە ژینگەییەکانی کۆمپانیاکان، “سەوزکردنەوە”یە و هیچی تر. واتە داپۆشینی چەوساندنەوە لەژێر قسەوباسی ئەخلاقی و ژینگەییدا. ئەم ناتەباییە ڕیشەی لە لۆژیکی سەرمایەداریدایە. سیستمێک کە بەدەستهێنانی قازانج لە کورتترین ماوەدا بە ئەسڵ دەزانێت، هیچ کات ناتوانێ وەدیهێنەری ڕاستەقینەی دادپەروەریی ژینگەیی و ڕەگەزی بێت.
ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ وشکەساڵیی بەرین و شەپۆلی گەرمای بێوێنە بەرەوڕوو بووەتەوە. پشبینییەکان نیشانی دەدەن کە بەشی باشوور و ناوەندی ئێران لەگەڵ چوونەسەری مامناوەندی پلەکانی گەرما و شەپۆلی درێژەخایەنی گەرما بەرەوڕوون. ئەمەش نەتەنها ژیانی گشتی بەڵکوو مەترسی لەسەر بارودۆخی کارکردنی ملیۆنان کرێکار بە تایبەت لە پیشەسازییەکانی جلوبەرگ و کشتوکاڵدا دروست دەکات. پشکی ژنان لە بازاڕی کاری ئێراندا نزیکەی لەسەدا ١٤ بۆ ١٧یە، بەڵام ئەم پشکە لە پیشەسازییە سووک و نافەرمییەکانی وەک جلوبەرگ و ڕستندا زیاترە. حەقدەستی کەم و نەبوونی بیمە لە بەشی نافەرمیدا، وایکردووە ژیانی کرێکار لە بەرامبەر گەرما و کەم ئاویدا زیاتر زیانهەڵگر بن.
زۆرێک لە کارگاکان سیستمی هەواگۆڕینی دروست یان ئامرازی سەرەتایی پاکوخاوێنییان نییە. هەروەک لە وڵاتانی باشووری جیهانیدا دەبینرێت، لە ئێرانیشدا ژنان بە هێزی کاری هەرزان و مەسرەفکراو دادەنرێت. لە ئێرانیش ستەمی چینایەتی، ستەمی ڕەگەزی و قەیرانی کەشوهەوا بەشێوەی پێکهاتەیی پێکەوە گرێ دراون. قەیرانی ئاو بەمانای زیاتربوونی فشار لەسەر ژنانی کرێکار لە شوێنەکانی کار و تەنانەت لە ناو ماڵدا و نەبوونی سیاسەتی پشتیوانی، ژنانی زیاتر لە پیاوان خستووەتە ژێر مەترسیی لەناوچوونی جەستە و دەروون. کاری ژنان لە نیزامی سەرمایەداریدا دوو لایەنە: کاری بەرهەمهێنان لە کارخانە و کارگاکان؛ کاری ئاگالێبوون و پەروەردەکردنی منداڵ لە چوارچێوەی ماڵ و بەرهەمهێنانەوەی نەسلی تازەی کرێکاران.
سەرمایەداری هەر دووکیان بێ بایەخ نیشان دەدات و ژن وەک هێزی کاری هەرزان بەتوندی دەچەوسێنێتەوە. لە بارودۆخی قەیرانی کەشوهەوادا، ئەم چەوساندنەوەی توندتر دەبێتەوە: گەرما و کەم ئاوی، جەستەی ژنان بە مانای ڕاستەقینەی وشە “مەسرەف” دەکات. قەیرانی کەشوهەوا لەوانە گەرما و کەم ئاوی و وێرانبوونی ژینگە، قەیرانی ڕەگەزی بەشێوەی ستەمی دوو بەرابەر لەسەر ژنان، نادیدەگرتنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان، قەیرانی هەژاری لەئاکامی حەقدەستی کەم، نائەمنی پیشە، نەبوونی بیمە، هەر هەموویان ڕیشەیان لە لۆژیکی قازانجپەرستانەی سەرمایەداریدایە.
ئەزموونی ژنانی کرێکار لە ئەیالەتی تامیل نادو لە باکووری هێند و بارودۆخی هاوشێوە لە ئێران نیشانی دەدات کە ژینگە و جەستەی ژن، هەر دووکیان قوربانیی مەنتق و لۆژیکی سەرمایەدارین. وڵامی ڕاستەقینە بەم بارودۆخە تەنیا لە خەباتی شۆڕشگێڕانە و ڕێکخراودایە کە هەر سێ بەرەی خەباتی چینایەتی، ژینگەیی و ڕەگەزی لە خۆدەگرێت. داهاتوو، ژیان و جیهانێکی باشتر تەنیا لە ئاکامی ئەم خەباتەدا دێتە دی.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە