
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنێریی هێرانا، دوانیوەڕۆی دووشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٤، هێزەکانی پاسەوانی ڕژیم لە ناوچەی کەلگان سەر بە شارستانی گولشەن، کۆمەڵێک لە کۆچبەرانی ئەفغانستانیان کە ژمارەیان دەگەیشتە ١٢٠ کەس، دایە بەردەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامیدا، ١١ کەس کوژران و برینداربوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ڕژیم بە چەکی دۆشکا تەقەیان لە خەڵکی بێ دیفاع کردووە و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و پێنج کەسی دیکەش بە ناوەکانی “ئێحسان ئەڵڵا تاجیک، نەسروڵڵا بارکزێهی، حیزبوڵڵا بارکزێهی، وای بارکزێهی و بەشیر ئەحمەد بارکزێهی” برینداربوون. هاوکات ماڵپەڕی حاڵ وەش ڕایگەیاندووە کە تەرمی کوژراوەکان هەروا لە شوێنی ڕووداوەکە بەجێ ماوە و هێزەکانی ڕژیم وێڕای بریندارەکان ٣٥ کەسیان دەستبەسەر و ڕاپێچی پاسگای مەرزی کردووە. شایانی باسە، هێزەکانی ڕژیم بەبێ سەرنج دان بە دۆخی تەندرووستی بریندارەکان، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە بێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی ئەوانیان ڕاگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە دۆحی تەندرووستیان ناجێگیر بێ و بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەراوان.