٢٣٥ ڕۆژ دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی محەممەد سۆهرابی، بەندکراوی سیاسی و دەسبەسەرکراوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی
پێنجشەممە ۲۰-۰۶-۱۴۰۴   |  11-09-2025

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٤، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی دووبارەی محەممەد سۆهرابی، بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ناوبراو هیشتا لە زیندانی ناوەندیی نەغەدە ڕاگیراوە و ئەمە لەکاتێکدا کە چارەنووسی ناوبراو بە بێ مافی بەڕێوەچوونی دادگا و دەستڕاگەیشتن بە ئازادیی کاتی نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد سۆهرابی پێشتر لە دوو دادگای ئینقلاب و کەیفەریدا بە ١٦ مانگ بەندکرانی داسەپاو، یەک ساڵ دوورخرانەوە و پێبژاردنی سزای نەختی مەحکووم کرابوو. بەم حاڵەوە ناوبراو جارێکی دیکە لە ڕێبەندانی ١٤٠٣دا دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا بە بێ هیج پێڕاگەیشتنێک بە شێوەی کاتی دەستبەسەر کراوە.