
بە پێی ڕاپۆرتەکان، شەوی چوارشەممە ١٩ی خەرمانانی ١٤٠٤، “یەعقوب سەبزی” تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی کۆهدەشت سەر بە پارێزگای لوڕستان، لە هۆڵی ١٧ی بەشی ٢ی زیندانی قزلحیساری کەرەج، هەوڵی خۆکوشتنی دا و لەئاکامدا گیانی لە دەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەعقووب سەبزی سەرەڕای ناجێگیر بوونی دۆخی تەندرووستی چەن کاتژمێر لە دەرمانگای زیندان ڕاگیراوە و بەیانی پێنجشەممە لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە. ئەم بەندکراوە حەوت ساڵ لەمەوبەر کاتێک تەنیا ١٩ ساڵی بوو بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە کۆتاییدا حوکمی ئێعدامی بە سەردا سەپابوو. بە پشت بەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا ئێستا، لانیکەم ٣٥ بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران بە هۆکارگەلی جیاواز گیانیان لە دەست داوە.