
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی نێپاڵ بۆ ٥١ کەس بەرزبووەتەوە و هەروەها هەزار و ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.
دەسەڵاتدارانی نیپاڵ ڕایانگەیاندووە، ژمارەی کوژراوانی ناڕەزایەتییەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیە لە کاتماندۆ، پایتەخت، و شارەکانی دیکەی وڵاتەکە زیادی کردووە. شایانی باسە، ئەم خۆپیشاندانانە بەهۆی ناڕەزایەتیی دژی گەندەڵی و قەدەغەکردنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا سەریان هەڵدابوو.
ئاژانسەکانی هەواڵ ئەمڕۆ هەینی ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٤ بڵاویانکردەوە، خۆپیشاندەران ناچاریان بە “سوشیلا کارکی”، سەرۆکی پێشووی دادگای باڵا کردووە، بۆ ئەوەی وەک سەرۆک وەزیرانی بە وەکالەت دەستنیشان بکرێت. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی “کەی پی شارما ئۆلی”، سەرۆک وەزیرانی پێشوو. جێگای ئاماژەیە، خوێندکارانی زانکۆ و چالاکوانانی بزووتنەوەی لاوانی نەوەی “زێد” لە دیارترین بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان بوون.