
بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵنێریی هێرانا، لە ئەنجامی ڕەچاو نەکرانی ئەمنییەتی شوێنی کار، ١٠ کرێکار لە شارەکانی مەشهەد، شووش، فەریمان و تاران تووشی ڕووداوی شوێنی کار بوون و هەروەها سێ کرێکار لەوانە ئاگرکوژێنەوەیەک گیانی خۆیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دووکانێکی سافکاری لە شەقامی “موفەتێحی شەرقی” لە مەشهەد، چوار کرێکار برینداربوون کە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی، گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوێکی تەقینەوە لە کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی لوولە لە شارۆچکەی پیشەسازی کاویان لە فەریمان، چوار کرێکار بە سەختی برینداربوون کە سێ کەسیان بەهۆی سەختی برینەکانیان، گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕەزا لە مەشهەد. هەر وەها، کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری کارگەیەکی مۆبل سازی لە گەورەڕێی “بابانەزەر”ی مەشهەد، گیانی لەدەستداوە.
هەروەها، کرێکارێکی جۆشکار لە شارستانی شووش لەکاتی کار لەسەر تانکەرێکی هەڵگری سووتەمەنی بەهۆی ڕەچاو نەکردنی ستانداردەکانی ئەمنیەتی شوێنی کار و تەقینەوەی تانکەرەکە بە سەختی برینداربووە. شایانی باسە، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوە، ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانی و بەرلە گەیاندنی بۆ نەخۆشحانە، گیانی لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە، وتەبێژی رێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران ڕایگەیاند کە ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی داڕمانی بینایەکی نیشتەجێ بوون، کرێکارێکی ٤٢ ساڵ تەمەن گیانی لەدەستداوە و هەروەها دوو کرێکار کە لەژێر داروپەردووی ئەم بینایە گیریان خواردبوو، دەرهێندراون و بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی خێرای نەخۆشخانەی تاران.