
سێ دەوڵەتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام لە درێژەی فشارەکانیان بۆسەر کۆماری ئیسلامی، بە سەرنجدان بە نزیک بوونەوەی کۆتایی مۆڵەتی بەرجام لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥، ڕۆژی شەشی خەرمانان بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک دەستپێکی ڕەوتی مێکانیزمی ماشەیان لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند. ئەم بڕیارە بەدوای ئەوەدا دەرکرا کە ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، کۆماری ئیسلامیی بە پابەند نەبوون بە بڕگەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام بۆ نموونە “پیتاندنی ئۆرانیۆم و شاردنەوەی چالاکیی چەند ناوەندی ئەتۆمی و پێکهێنانی بەربەست بۆ بەرپرسانی ئاژانس” تۆمەتبار کرد.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی دووشەممە ١٧ی مانگی خەرمانان، شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نهایی کردەنەوەی پێشنووسی ئەم بڕیارنامەیە، هەنگاوێکی دیکەی بەرەو کارا کردنی مێکانیزمی ماشە و ڕەوتی گەڕاندنەوەی گەمارۆکان لەدژی کۆماری ئیسلامی هەڵگرت. هەڵبەت چەند ڕۆژ پێشتریش ڕافائێل گڕوسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، بە کۆماری ئیسلامی ئۆڵتیماتۆمی دابوو کە لەماوەی کەمتر لە یەک حەفتەدا لەگەڵ ئاژانس سەبارەت بە پشکنینی هەموو ناوەندە ئەتۆمییەکان و پشتڕاستکردنەوەی لەناوبردنی یۆرانیۆمی زیادی و پیتێندراوی ٦٠% بەڕێککەوتن بگات. ئەگینا ڕەوتی چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە ئیتر بەری پێناگیرێت.
کۆماری ئیسلامی کە ئەمجارە درکی بەوە کرد کە بوار بۆ فریودان و کات بەفیڕۆدان نەماوە، بۆ نێوەندگیری لەگەڵ ئاژانس دەست بە داوێنی میسر کرد. لە ئەنجامدا، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی خەرمانان، عەباس عەراقچی، بە ئامادەبوونی بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە قاهیرە، ڕێککەوتنێکی دوو قۆڵی لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ڕافائیل گڕۆسی واژۆ کرد. ئەمە یەکەم دیداری وەزیری دەرەوەی ئێران و گڕۆسی بوو دوای بۆردومانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە کە کۆماری ئیسلامی وەک “شێوەنامەی هەڵسووکەوت لەگەڵ ئاژانس لە بارودۆخی نوێدا” ناوی لێدەبات، لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ڕۆژی چواری مانگی پووشپەڕ بەدوای ئاگربەسی شەڕی ١٢ ڕۆژە، مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕژیم بە تۆمەتبارکردنی ڕافائێل گڕۆسی بە سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ دەزگای موساد لە جەریانی بۆمبارانی ناوەندە ئەتۆمییەکان، یاسای “پێویستیی ڕاگرتنی هاوکاریی دەوڵەت لەگەڵ ئاژانس”ی بەشێوەی دووفەوریەت و تەنیا بە یەک دەنگی موخالف (نمادین) پەسند کرد. ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمیش بۆ پاساوکردنی واژۆی ئیجباریی ئەم تەسلیمنامەیە وتبووی کە “دەقی نامەی هەڵسووکەوتی ئێران و ئاژانس بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنە پادمانییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی واقعییاتی مەیدانی پەیوەندیدار بە هێرشەکەی ڕژیمی سەهیۆنیستی و ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان و بەسەرنجدان بە تێبینییەکانی شۆرای ئەمنیەتی میللیی کۆماری ئیسلامی ئامادە و جەمعبەندی کراوە”.
واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە بەم خێراییە کە کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی فریوی بیروڕای گشتی لە ناوەوە ناوی ناوە “شێوەنامەی هەڵسووکەوت لە بارودۆخی نوێدا”،هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی فەسڵیی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە ڤیەن، کە تاوتوێ کردنی دۆسیەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بوو. ئەگەرچی بۆ ڕێگری لە سەرشۆڕیی زیاتری کۆماری ئیسلامی هێستا ناوەرۆکی ئەم ڕێککەوتننانەیە بە وردە کارییەکانییەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام گڕۆسی ڕۆژێک دوای واژۆکرانی ڕێککەوتننامەکە، وردەکارییەکانی بە ئاگاداریی شۆرای حوکام گەیاند و مەعلووم بوو کە ئەم ڕێککەوتنە بریتییە لە گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانس بۆ تاران، دەستڕاگەیشتنی ئەوان بە هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و تەنانەت ئامادەکردنی ڕاپۆرت سەبارەت بە هەموو ئەو ناوەندە ئەتۆمییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە هێرشی کراوەتە سەر”.
عەباس عەراقچی کە لەلایەن باڵی ئوسوولگەراوە لەژێر فشار و هەڕەشەدایە، ئەم ڕێککەوتننامەیەی بە وڵامدەرەوەی نیگەرانییە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی وەسف کرد کە لە ئەگەری هەرجۆرە کردەوەیەک لەدژی کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێدێت. بەڵام سەرەڕای ئەوەش ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاوەدێریی نوێنەری خامنەییدایە، لە دژایەتی لەگەڵ ئەم ڕێککەوتننامەیە نووسیی: “ئەم ڕێککەوتنە نەتەنیا یاسای پەسندکراوی مەجلیس لەبواری ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی دەورلێداوەتەوە، بەڵکوو ئەزموونی تاڵی بەرجام و یارییە پڕ لە فریوکارییەکان دیسان دووپات بوونەتەوە و ئەوەش لە کاتێکدایە کە لایەنی بەرامبەر پێشینەی سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل و ئینفعال لە بەرامبەر هێرش بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی لە کارنامەدایە”. عەراقچی ڕۆژی سێشەممە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە لە لێدوانێکی ناڕووندا ڕایگەیاند: “قەراری هیچ پشکنینێکمان دانەناوە و هەموو داخوازییەکان دەبێ لەڕێگەی شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللییەوە تەئید بکرێت. بەڵام ئەگەر مێکانیزمی ماشە کارا بکرێت و گەمارۆکان بگەڕێندرێنەوە یان کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی تر هێرشی بکرێتە سەر، ئەم ڕێککەوتنە ئیعتبارێکی نامێنێت”.
بەڵام بێجگە لە هەڕەشەکانی مێکانیزمی ماشە لەلایەن ئورووپاوە، کۆماری ئیسلامی نیگەرانی ئەوەیە کە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ ئاژانس دەورێکی دیکە لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی دەستپێبکاتەوە. عەلی لاریجانی سەرۆکی شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللیی کۆماری ئیسلامی پێشتر وتبووی کە شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل هێستا تەواو نەبووە. کاربەدەستێکی پێشووی سازمانی ئیتلاعاتی نیزامیی ئیسرائیلیش هۆشداری دا کە دەوری دووهەمی شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەڕێوەیە. لە وەها بارودۆخێکدا و لە هاوسەنگییەکی هێزدا کە تێیدا کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین پێگەدایە و بەرەو مێزی دانوستان ڕاکێشراوە، ڕێگایەکی بێجگەلە قبووڵ کردنی مەرجەکانی لایەنی بەرامبەر نییە. چونکە ئەگەر ئەوە نەکات دوای گەڕانەوەی گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئورووپا بارودۆخی فەلاکەتبار و وەرشکستەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی خراپتر دەبێت.
هەتا ئێستا دووکەڵی هەموو سیاسەتگەلی جنایەتکارانە و نەزانانەی ئەتۆمی و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی چووەتە چاوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران و ناوچەکەوە. لەم ڕووەوە چ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان و چ دووپات بوونەوەی شەڕ و هێرشی ئیسرائیل، ژیان و گوزەران و ئەمنیەتی ئەوان زیاتر دەخاتە مەترسییەوە. بۆ ڕزگاربوون لەم مەترسییانە تەنیا ڕێگای نەجات، پەرەپێدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سەرتاسەری بوونەوەی مانگرتنە کرێکارییەکان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە، شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری و ئامادەبوون بۆ نەبەردی نهایی و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامییە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە