
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ۲۳ی خەرمانانی ١٤٠٤، عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە و شەهرام سوڵتانی، خەڵکی گوندی «حاجی ئابادی جەغەتوو» سەر بە شاری سایین قەڵا، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەیان دەستبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی میاندواو گواسترانەوە.
پێشتر عوسمان عەباسی و هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی “ڕەحمان خوسرەوی” لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سایین قەڵا هەر یەک بە ۷ مانگ و ۱۶ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوون. هەروەها هێمن عەلیزادە سزای ۱۵ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکران و شەهرام سوڵتانی سزای ۹ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو هاووڵاتییانە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت»یان دراوەتە پاڵ. جێگای ئاماژەیە، عوسمان عەباسی، هێمن عەلیزادە و شەهرام سوڵتانی بەرەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ۲۰ی گوڵانی ١٤٠٣، لە گوندی حاجی ئابادی جەغەتوو سەر بە شاری سایین قەڵا دەستبەسەر کران. ئەو هاووڵاتییانە کە بە بەکارھێنانی توندوتیژی و هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ماڵەکانیان لە لایەن ئەو هێزانەوە پشکێندرابوو؛ هەندێک دواتر بەدانانی بارمتەی قورسی سێ ملیارد تمەنی بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان لە زیندانی ناوەندیی میاندواو ئازاد کرابوون.