حەوتەمین کۆبوونەوەی خانەنشین کراوانی کشوەری و لەشکەری لە کرماشان
سێشەممە ۲۵-۰۶-۱۴۰۴   |  16-09-2025

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٤، خانەنشین کراوانی کشوەری و لەشکەری لە کرماشان بۆ حەوتەمین ڕۆژی بەردەوام، لە بەرامبەر سندووقی خانەنشینی لە کۆڵانی “نەوبەتی” لە شەقامی کەسرا، دەستیاندایە کۆبوونەوە.
خانەنشین کراوانی ناڕازی لەم کۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژە بەوەیکە “وڵاتانی دراوسێی، زیاتر لە ئێمە لە ئیمکاناتی ئێران بەهرەمەندن”، دەڵێن ئێمە بووینەتە گاڵتەجار لە دونیادا لەبواری هەژاری، گەندەڵی، فرۆشتنی جەستە، بێکاری، ڕۆیشتنی گەنجان، ڕۆچوونی زەوی و چۆڵ کردنی قوتابخانەکان لە ئیسفەهان. بەڕاستی نازانین چی ماوەتەوە بەسەرمان بێ. بووینەتە کلێکسیۆنێک لە بەدبەختی و نەهامەتییەکان.