فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

نامەی سەرئاوەڵای کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پاڵپشتیکردن لە مافی دەرمانی دەستبەجێی زەینەب جەلالیان
چوارشەممە ۲۶-۰۶-۱۴۰۴   |  17-09-2025

ئێمەی واژۆکارانی ئەم نامەیە، وەکوو چالاکوانان، بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسیی پێشوو و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ، نیگەرانیی قووڵی خۆمان ڕادەگەیەنین لە مەترسییەکانی سەر ژیان و تەندروستیی چالاکوانی مافەکانی ژنان و زیندانیی سیاسی “زەینەب جەلالیان” کە زیاتر لە ١٧ ساڵ لە ژیانی، واتە بەشی هەرەزۆری تەمەنی گەورەساڵیی خۆی، لە زینداندا تێ پەڕاندووە. زەینەب جەلالیان کۆنترین زیندانیی سیاسیی ژنە لە ئێراندا و تاکە زیندانیی سیاسیی ژنیشە کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.
سەرباری هەموو نیگەرانییە جیدییەکان لە بەرانبەر تووشبوونی زەینەب جەلالیان بە چەندین نەخۆشیی قورس کە هەڕەشە لە ژیانی دەکەن، کاربەدەستانی ئێران بەردەوام ڕێگرییان کردووە لە دەستەبەرکردنی چاودێری و خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست و گونجاو بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە. ڕاپۆرتەکان نیشاندەری ئەوەن کە زەینەب گیرۆدەی نەخۆشییەکانی گورچیلە، کۆئەندامی هەرس و بینایی بووە. زەینەب جەلالیان دەبێ زۆر خێرا پشکنینی بۆ بکرێت، نەخۆشییەکانی دیاری بکرێن و خزمەتگوزاریی پێویست و گونجاوی بۆ دابین بکرێت تاکوو ڕێگری لە گورزی لەقەرەبوونەهاتوو بۆ سەر تەندروستی و کەرامەتی بکرێت.