
کرێکارانی گرووپی میللی فوولادی ئەهواز، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٤، بۆ پێنجەمین ڕۆژی بەردەوام لە بەرامبەر تالاری کۆبوونەوەکانی شیرکەت، دەستیاندایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، کرێکارانی ئەم دامەزراوەگەورەیە هێشتا حەقدەستی مانگی گەلاوێژیان پێ نەدراوە. بابەتێک کە لە سەروبەندی کۆتایی مانگی خەرمانان، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خۆیان و بنەماڵەکانیان. هەروەها کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و نادیاربوونی داهاتووی شیرکەت، نیگەرانی زۆری بۆ کرێکارانی ئەم ناوەندە پێکهێناوە. کرێکارانی ناڕازی لە کۆبوونەوەکانیاندا، خوازیاری پەرداختی خێرای حەقدەستە دواخراوەکانیان، دابین کردنی بیمەی تەکمیلی کارامە، پێشگرتن بە دواخستنی حەقی بیمەکان، باشترکردنی بارودۆخی گرێبەستەکان، خستنەگڕی خێرای هێڵەکانی بەرهەمهێنان و ڕوونکردنەوە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی شیرکەت بوون.