
دوابەدوای دەستگیرکردنی حەسەن موتلو، سەرۆکی شارەوانی ناحیەی بایرامپاشای ئیستانبوڵ، لەگەڵ ٤٧ بەرپرسی دیکە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەرمانان، دەیان هەزار کەس لە ئانکارای پایتەختی تورکیە، لە ناڕەزایەتی بە دەستگیرکردنیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و خوازیاری دەستلەکارکێشانەوەی ئەردۆغان بوون. ئەم دەستگیرکردنانە دوای هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بارەگای ئەم پارتە لە ئیستانبوڵ لە ڕۆژی شەممە ٢٢ی خەرمانان بە گازی فرمێسک ڕێژ، ڕوویاندا.
حەسەن موتلو، حەفدەهەمین سەرۆکی شارەوانی دەستگیرکراو لە پارتی کۆماری گەلان “جەهەپە”یە، کە بەهێزترین حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی ئەرۆدۆغان بوو. ناوبراو لە هەڵبژاردنەکانی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردرابوو و کاندیدی پارتی داد و گەشەی ئەرۆدۆغان “ئاک پارتی”، لە بەرامبەریدا شکستی خواردبوو. نووسینگەی داواکاری گشتی ئیستانبوڵ حوکمی ئەم دەستگیرییانەشی هاوشێوەی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئوغڵو سەرۆکی شارەوانی شاری ئیستانبوڵ، بە تۆمەتی هاوشێوە لەوانە زەوتکردن، بەرتیلدان، ساختەکاری و تەبانی دەرکردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ ئەندامی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) لە شارەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو پارتە دەستبەسەر کراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش لە ناڕەزایەتییەکانی پەیوەندیدار بەو دەستگیرکردنانە دەستبەسەر کراون.
لەکاتی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە مانگی مارسی ڕابردوو کە ڕکابەری سەرەکی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیەدا بوو، شەپۆلێکی ناڕەزایی جەماوەری بەرفراوان لە لانیکەم ٥٥ پارێزگای تورکیە سەریهەڵدا. ئەو خۆپێشاندانانە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئاستی جیهانیدا ڕەنگدانەوەی هەبوو، زیاتر ئیعتباری ئەردۆغان و سروشتی ڕاستەقینەی ئەو دیموکراسییەی کە بانگەشەی بۆ دەکات، خستە ژێر پرسیارەوە. دۆسیە ساختەکانی حکوومەتی ئەردۆغان لە دژی نەیارانی سیاسی، بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوتی ئازادی و سەرکوتی نەیارانی سیاسی لە تورکیە.
حەسەن موتلو لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، تۆمەتەکانی داواکاری گشتی ڕەت کردەوە و وتی: “ئەوەی ڕوودەدات ئۆپەراسیۆنی سیاسی و بوختانی بێ بنەمایە”. هەروەها پارتی کۆماری گەلی تورکیە ئەم دەستگیرکردنانەی بە بەشێک لە هەڵمەتی حکوومەتی ئەردۆغان ناوبرد کە ئامانج لێی لاوازکردنی نەیارانی سیاسی و زەمینە خۆشکردنە بۆ مانەوەی ئەردۆغان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لە پۆستەکەیدا. شایانی باسە کە هەتا ئێستا دەوڵەتی فاشیستی ئەرۆدۆغان لە کوردستانی تورکیەش بە لەسەر کارلابردنی چەندین سەرۆکی شارەوانی لە حیزبی دەم پارتی و کەسایەتییە سەربەخۆکانی وەک “ئەحمەد تورک”، وە دیاریکردنی “قەیووم” لە جیاتی ئەوان هەر ئەم سیاسەتە نادیموکراتیکەی بەڕێوەبردووە. لە کردەوەیەکی دیکە لەدژی نەیارانی سیاسی لە ساڵی ٢٠١٦، دادگای ژێر دەستی ئەردۆغان، بە دروستکردنی دۆسیەیەکی ساختە لەدژی سەلاحەدین دەمیرتاش ڕێبەری پارتی دیموکراتی گەلان “هەدەپە” کە ڕەقیبی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار بوو، بە ٤٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرد و هەتا ئێساش هەروا لە زینداندا ڕاگیراوە.
ئەردۆغان کە لە ساڵی ٢٠٠٣ وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیە دەسەڵاتی گرتە دەست، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە لەوانە گۆڕینی دەستوور و نەهێشتنی ڕکابەرە سیاسییەکانی، وەک سەرۆک کۆماری تورکیە لە دەسەڵاتدا ماوەتەوە. لەئێستاشدا لەڕێگەی گۆڕینی دەستووری تورکیە لە هەڵبژادنەکانی ساڵی ٢٠٢٨ هەوڵ دەدات بەستێنی مانەوەی لە دەسەڵات بۆ پێنج ساڵی دیکە ئامادە بکات. بەڵام ئەمە پێویستی بە ڕیفراندۆم یان ڕێککەوتنی دوو لەسەر سێی ٦٠٠ ئەندام پەرلەمانە کە ئەمەش بە ئاسانی مومکین نییە. تەنانەت ئەگەر ئەردۆغان لەو کارەشدا سەرکەتوو بێت، دیسان شانسی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا نابێت.
ئەرۆدعان هەروەها دەیهەوێ بە هێرش بۆسەر حیزبی کۆماری گەل کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی شارەوانییەکان لە مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٣ شکستێکی قورسی بەسەر ئاکپارتی ئەردۆغاندا سەپاند و بوو بە گەورەترین حیزبی تورکیە، پێگەی پێشووی خۆی بەدەست بێنێتەوە. هەڵبەت حیزبی ئەردۆغان لە هەمان ئینتخاباتدا لە شارەکانی کوردستانی تورکیەش لە بەرامبەر حیزبی دەم پارتیدا تووشی شکستێکی گەورە بوو. لە پیلانگێڕییەکی دیکەدا، هەفتەی ڕابردوو دادگایەک لە ئیستانبوڵ بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی “پارتی کۆماری گەل” ئەنجامەکانی کۆنگرەی ساڵی ٢٠٢٣ی ئەم حیزبەی هەڵوەشاندەوە. ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن کە ئەگەر ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە تورکیە ئەنجام بدرێت پارتەکەی ئەردۆغان دیسان بۆ جارێکی تر دەدۆڕێتەوە.
سیاسەتی فاشیستی ئەردۆغان و ناکۆکییە سیاسییەکان، ئابووریی تورکیەی خستووەتە ژێر فشارەوە و بووەتە هۆی پەرەسەندنی قەیرانی ئابووری لە تورکیە. ناکۆکی و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەش بووەتە هۆی دابەزینی ١٥%ی بەهای لیرەی تورکیە لە بەرامبەر دۆلاردا. هەڵاوسانی ٤٠%ی و هاتنەخواری بەهای لیرەی تورکیە هێزی کڕینی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کەم کردووەتەوە و ناڕەزایەتیی ئەوانی لەدژی حکوومەت پەرەپێداوە. هەتا ئێستا زۆر جار یەکیەتی و سەندیکا کرێکارییەکان بەتایبەت لە شارە گەورەکانی ئیستانبوڵ، ئێزمیر و ئانکارا و شارەکانی دیکە ناڕەزایەتیی بەرینیان ڕێکخستووە و بە دروشمی نان، کار، ئازادی خوازیاری زیاد کردنی حەقدەست بەپێی ئاستی گرانی و خەرجی بوون.
بەڵام بێگومان هەتا کاتێک حکوومەتی ئەردۆغان لەسەر کار بێت جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی تورکیە هەروا بەردەوام شایەدی ناکۆکی و قەیرانی سیاسی و ئابووری دەبن. ئەوەیکە دەبێتە هۆی ڕزگاریی ئەوان نە درێژەی حکوومەتی ئەردۆغان و نە دەست بە دەست بوونی دەسەڵات لە نێوان حیزبەکانی ئێستا، بەڵکوو هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری تورکیە بە مانگرتنی سەرتاسەرییە کە لە بواری ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوی چینایەتی و جەماوەریدا خاوەنی ئەزموونە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە