فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دۆزرانەوەی کەرەستەی سووتێنەر لە دارستانەکانی مەریوان
هەینی ۲۸-۰۶-۱۴۰۴   |  19-09-2025

پاش ئاگرتێکەوتنەوەکانی ئەم دواییانە لە بەرزاییەکانی کوێستانی سوورێن سەر بە شاری مەریوان، ئاسەواری کەرەستەی سووتێنەر لە لایەن چالاکانی ژینگە پارێز دۆزراوەتەوە کە وێکچوونێکی زۆری لەگەڵ مادەی تەقێنەر بووە و ئەگەری هەیە هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم ئاگر کەوتنەوانە بووبێت. 
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، چالاکانی ژینگە پارێز و هێزەکانی خۆبەخشی خەڵکی کە بۆ پێشگرتن لە ئاگری دەورووبەری گوندەکانی «کانی کەوە» و «پیرانەکۆن» بەشدار بوون، پاش دامرکاندنی بڵیسەکانی ئاگر، ئاسەواری کۆمەڵێک کەرەستەی سووتێنەریان دۆزیەتەوە کە توانای ئاگرتێبەردانیان بووە. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کەرەستانە هەڵگری وایەر گەلێکی پێکەوە بەستراو بوونە و لە ئەگەری پەیوەندی لەگەڵ هەر کەرەستەیەکی دیکە، تەقینەوە و ئاگرتێبەربوون ڕوو دەدا. پێداچوونەوەی بەڵگەکان و ویدیۆکانیش دەری دەخەن کە ئەم کەرەستانە بۆ بەکارهێنانی کاروباری سەربازی درووست کراون و وەک کەرەستەی ڕوونکەرەوە یا بەرگری کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. جێگای ئاماژەیە، ئەم ئاگرکەوتنەوانە ڕۆژی چوار شەممە ١٩ی خەرمانانی ئەمساڵ لە بەرزاییەکانی کوێستانی سوورێن دەستی پێکردووە و بەشێکی بەرین لە بەرزاییەکان و دارستانەکانی ئەم ناوچە تووشی ئاگر بوونە. بەو هۆیەوە زیانێکی زۆر و بەرچاو لە ژینگە کەوتووە، بەڵام لە کۆتاییدا بە هەوڵی چالاکانی ژینگە پارێزی و بەشداری خەڵکی خۆبەخش، ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە.