فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

قوماری ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، یاری کردنە بە ژیان و ئاسایشی خەڵک
سێشەممە ۰۱-۰۷-۱۴۰۴   |  23-09-2025

کۆماری ئیسلامی لەژێر فشاری ناوخۆیی، گەمارۆ و هەڕەشەی شەری دەوڵەتانی دیکەدا، کەوتووەتە مەسیری ڕووخان. لە کاتێکدا کە مۆڵەتی سی ڕۆژەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سێ دەوڵەتی ئورووپایی ئەندامی بەرجام بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بەخێرایی ڕوو لە کۆتاییە، ڕۆژی هەینی ٢٨ی مانگی خەرمانان شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڕیارنامەی پێشنیارکراوی هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی کۆماری ئیسلامی، دەنگی نەدا. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەگەر هەتا شەشی مانگی ڕەزبەر کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی سێ دەوڵەتی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان جێبەجێ نەکات هەموو گەمارۆکان بەشێوەی ئۆتۆماتیک دەگەڕێندرێنەوە. مەرجەکانی ئەم سێ دەوڵەتە بریتین لە: دانوستانی ڕاستەوخۆ و بێ شەرت و مەرج لەگەڵ ئەمریکا، دەستڕاگەیشتنی تەواوی پێشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە گشت ناوەندە ئەتۆمییەکانی ڕژیم و پێشکەش کردنی زانیاریی ورد سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتنی ئۆانیۆمی پێتێندراو.

لە وەها بارودۆخێکدا ڕۆژی شەممە ٢٩ی مانگی خەرمانان “شۆرای باڵای ئەمنیەتی میللی”ی ڕژیم، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتیی مەسعوود پزشکیان، کردەوەی ئەم سێ دەوڵەتەی لە چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە بۆ گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بە کارێکی هەڵنەسەنگێندراو وەسف کرد و ڕایگەیاند: “ئەم کردەوەیە بەر بە مەسیری هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەگرێت”. لەم کۆبوونەوەیەدا مەسعوود پزشکیان ئیدیعای کرد کە: “وڵاتانی ئورووپایی بە چالاک کردنی مێکانیزمی ماشە ناتوانن پێش بە ئێمە بگرن”. لە مەجلیسی شۆرای ڕژیمیشدا ئیدیعای ئەوە کرا کە “مێکانیزمی ماشە شتێک نییە بێجگەلە ئامرازی پڕۆپاگەندەی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژاوا. کۆماری ئیسلامی دەتوانێ مەسیری خۆی درێژە بدات”. ئەوەش لە کاتێکدایە کە میدیا و ناوەندەکانی ڕژیم هەمان ڕۆژ باسیان لە شۆکی قورسی ئابووری بەهۆی ڕەتبوونەوەی بڕیارنامەیەی هەڵوەشانەوەی گەمارۆکان کرد. نووسییان کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی گەڕاندنەوەی گەرۆماکان پێوەرەکانی بورس زیاتر لە ٥٠ هەزار یەکە دابەزیون و ڕۆژی یەکشەممە قیمەتی دۆلار کە پێوەری قیمەتی کاڵا ئەساسییەکانی دیکەی خەڵکە، دووبارە لە ١٠٥ هەزار تمەن تێپەڕی و بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان و هاتنەخواری توانای کڕینی خەڵک.

بەڵام “شۆرای ئەمنیەتی میللی”ی ڕژیمی ئیسلامی لە دژایەتییەکی ئاشکرا و بێشەرمانە لەگەڵ ئەم هەڵوێستانەدا، ڕایگەیاند کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخی ئێستادا هاوکاریی هەرچی زیاتر بۆ “پێکهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە”دایە. ئەم درۆودەلەسە و گاڵتەجاڕییە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا بەردەوام یەکێک لەو دەوڵەتانە بووە کە زۆرترین دەورونەخشی لە پێکهێنانی نائەمنی و ناسەقامگیری و شەرەنگێزی لە ناوچەکەدا بووە.

لە وەها بارۆدۆخێکدا قەرارە پزشکیان ڕۆژی چوارشەممە دووی مانگی ڕەزبەر لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سوخەنڕانی بکات و ئەگەر بۆشی بکرێ لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا وێڕای عەباس عەراقچی لە پەیوەند لەگەڵ تەسلیمبوون و سازش لەسەر مەسەلەی ئەتۆمیی ڕژیم لەگەڵ کاربەدەستانی سێ وڵاتی ئورووپایی گفتوگۆ بکەن. ئەم گفتوگۆیانە زیاتر سەبارەت بەو فشارانە دەبن کە سێ دەوڵەتی ئورووپایی بە کاراکردنی مێکانیزمی ماشە بەسەر کۆماری ئیسلامییاندا سەپاندووە. بەڵام دەوڵەتی پزشکیان لە ناوەوەی وڵاتیشدا لەگەڵ فشاری باڵی توندڕەو بەرەوڕوویە و خامنەییش متمانەبەخۆیی و جورئەتی نۆشینی جامی ژەهری نییە. ڕۆژنامەی کەیهان کە زمان حالی ئەوان و لەژێر چاوەدێریی عەلی خامنەییدا ئیدارە دەکرێت،  بۆ فریودانی بیروڕای گشتی، لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا خوازیاری چوونەدەری کۆماری ئیسلامی لە پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (ئێن پی تی) بوو و نووسیی ئەو کەسانەی کە پێیان وایە چوونەدەر لە (ئێن پی تی) زەمینە بۆ هێرشی نیزامی فەراهەم دەکات دەبێ وڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی سەرەڕای ئەندامیەتی ئێران لەم پەیمانەدا، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێمە هێرشی کرایە سەر؟

مەترسیی داگیرسانی دووبارەی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی کۆماری ئیسلامیش ئاڵوزی و سەرلێشێواویی ڕێبەرانی ڕژیمی زیاتر کردووە و یەکجار نیگەرانی کردوون. لەماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا عەلی خامنەیی بە خراپ پێناسە کردنی بارودۆخی “نە شەڕ، نە ئاشتی”، ئەم نیگەرانییەی نیشاندا و باقیی بەرپرسانی سیاسی و نیزامیی ڕژیمیش بەردەوام باسیان لە ئەگەری هێرشی نیزامی بۆسەر ئێران و ئاکامەکانی کردووە. چونکە ئەگەر سەپاندنی گەمارۆکان، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش دەخاتە مەترسییەوە، داگیرسانی شەڕ بۆ بەرژەوەند و قازانج و ئەمنیەتی خۆشیان دەبێتە هەڕەشە. لەم پەیوەندییەدا ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی حکوومەت وێڕای نیگەرانی سەبارەت بە سەرلێشێواویی دەسەڵات و چارەنووسی کۆماری ئیسلامی، دەستی بە ئێعتراز کردووە. ڕۆژنامەی “سازندگی” وێڕای ئاماژە بە سەرلێشێواویی ستراتێژیکی ڕێبەرانی ڕژیم، بە مەترسیدارتر لە مێکانیزمی ماشەی وەسف کردووە و نووسیویەتی: “ئێمە پێویستمان بە ڕێگاچارە و ستراتێژییە کە داهاتوو زەمانەت بکات نەک ئەوەی تەنیا هەڕەشەکان وەدوا بخات. ئەگەر کێشەکانی خەڵک چارەسەر نەکەن نیزام لە ناوەوە تووشی کێشە دەبێت”. ئەم ڕۆژنامەیە بە نیگەرانییەوە هۆشداری بە پزشکیان داوە کە نابێ بەشێوەی فەرعی لەگەڵ ئەو کەسانە گفتوگۆ بکەین و ئیمتیازیان پێ بدەین کە دەسەڵاتی ئەوەیان نییە ئیمتیازمان پێ بدەن. بەڵکوو دەبێ بوێرانە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ بکەین (واتە ئیمتیاز بدەین) و هەموو مەسەلەکان لە ڕێککەوتنێکدا چارەسەر بکەین، ئەگینا تووشی چارەنووسی سەدام حسێن دەبین.

بەلەبەرچاوگرتنی بنبەستی کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ئیدارەی کۆمەڵگا و قەیرانی درێژماوە و چارەهەڵنەگری ئابووری کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بەرەو فەلاکەت بردووە، مەترسیی سەرەکی و بەهێز لە بن گوێی حکوومەتی ئیسلامییە. ئەم مەترسییە بە هاتنە مەیدانی کرێکارانی ڕێکخراو، بە پەرەسەندنی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لەئاستی سەرتاسەری، بە یارمەتیدانی ڕێکخستنی ئەم بزووتنەوانە لەئاستی جەماوەری و بە پێکهێنانی پەیوەندی لە نێوان چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەئامانجی شکڵدان بە ڕێبەریی سەرتاسەری بە ئاسۆی شۆڕشگێڕانە، بەکردەوە دەردێت و ڕووخانی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی لێدەکەوێتەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv