
بەپێی ڕاپۆرتەکان، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ لە حاڵی گفتۆگۆ لەگەڵ کۆنگرەدایە بۆ ئەوەی فرۆشتنی پاکەیجی ٦ ملیارد دۆلاریی کەرەستەی نیزامی بە ئیسرائیل پەسند بکات. ئەم موعامەلەیە بریتییە لە ٣٠ هەلیکۆپتەری ئاپاچی بە قیمەتی سێ ملیارد و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، کە مەوجوودیی ئێستای ئیسرائیل نزیکەی دوو بەرابەر دەکات و هەروەها فرۆشتنی سێ هەزار و ٢٠٠ ئۆتۆمبێلی زرێهیی تەهاجومی بە قیمەتی یەک ملیارد و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار. دەوڵەتی ترامپ تەنیا لەمساڵدا نزیکەی ١٢ ملیارد دۆلار کۆمەکی نیزامیی بە ئیسرائیل پەسند کردووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هێرشی زەمینیی بەرینی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و بۆمبارانی ئەم کەرتە بەتوندی بەردەوام بووە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، تەنها لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی نیو ملیۆن دانیشتووی غەززە ماڵ و شوێنی ژیانیان بەجێهێشتووە. لە هەمان کاتدا ئەمریکا جارێکی دیکە ڤیتۆی لەسەر ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک کرد کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ و هەمیشەیی لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. ئەم ڕووداوانە لەسەر بەستێنی کوشتن و جینۆسایدی بەردەوامی حکوومەتی ئیسرائیل لە غەززەدا ڕوودەدەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ تا سێپتامبری ٢٠٢٥، زیاتر لە ٦٥ هەزار فەلەستینی لە غەززە کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی و زیاتر لە ١٧ هەزاریان منداڵ بوون، کوژراون و دەیان هەزار کەسیش بریندار بوون و نزیکەی تەواوی دانیشتوانی ئەو کەرتە ئاوارە بوون. کەرتی غەززە لەژێر گوشاری گەمارۆی سەربازی و نەبوونی ئاو و بەرق و داڕمانی نەخۆشخانە و لەژێر گوشاری پەرەسەندنی قاتی و برسیەتیدا، بە سەختی ژیان تێیدا بەردوامە. فڕۆشتنی ئەم پاکەیجە ٦ ملیارد دۆلارییە ڕووداوێکی لەناکاو نییە. بەڵکوو ئاڵقەیەکە لە زنجیری سیاسەتی ئیمپریالیستیی ئەمریکا بۆ پاراستنی هەژمۆنیی نیزامیی ئیسرائیل بەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاشکرایە، لە ئەمریکا چ دیموکراتەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە بێت و چ کۆماریخوازان و فاشیستی وەک ترامپ، پڕچەک کردنی ئیسرائیل و پشتیوانیی بەردەوامی ماڵی لەم دەوڵەتە درێژەی دەبێت. ئیسرائیل پایەگای ستراتێژیکی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. مانەوەی ئەم دەوڵەتە بە لێشاوی بەردەوامی چەکی پێشکەوتوو و بە پشتیوانیی دارایی و سیاسی کۆشکی سپی لە واشینگتۆن گرێ دراوە.
فڕۆشتنی هەلیکۆپتەری ئاپاچی و ئۆتۆمبێلی زرێهی، هەم قازانجی کۆمپانییەکانی بەرهەمهێنانی چەک و سەهامدارانی واڵستریت زەمانەت دەکات و هەم ماشێنی شەڕی ئیسرائیل بەهێز دەکات. لەم چەرخەیەدا گیانی منداڵانی فەلەستینی هیچ بایەخێکی ئابووریی نییە، مەگەر لە قالبی ئامانجی وێرانگەرانە و سیاسەتی پاکتاوکردنی نەتەوەیی کە فرشتنی چەک زیاتر پاساو دەکات. ترامپیزم و بزووتنەوەی ماگا نیشانەی ڕوونی مەیلی نیوفاشیستی لەناو بۆرژوازیی ئەمریکادایە. دژایەتی کردنی کۆچبەران، هێرشکردنە سەر کەمینەکان، هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی پەروەردە، بڕینی بوودجە بۆ توێژینەوەکانی کەشوهەوا سەبارەت بە گەرمبوونی جیهان، قەدەغەکردنی لەباربردن، پەرەپێدانی بەها مەسیحییەکان لەناو حکوومەت و کۆمەڵگا، ڕەتکردنەوەی ناسنامەی پەلکەزێڕینەکان، کەمکردنەوەی بوودجە بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ناوەرۆکی ئیدئۆلۆژیی ئەم ڕەوتەیە. دیارە ڕێبازێکی لەو شێوەیە لەگەڵ پرۆژەی داگیرکاریی دەوڵەتی فاشیستی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا یەکدەگرێتەوە.
پەسندکردنی فرۆشتنی ٦ ملیارد دۆلار چەک لەسەر بەستێنی دروشمەکانی ماگا بۆ نموونە دروشمی (ئەوەڵ ئەمریکا)، نیشانی دەدات نەژادپەرستیی لە ناوەوە و پاوانخوازی و داگیرکاری لە دەرەوە، دوو بەری یەک سکەن. ئەوەیکە ئەمڕۆ لە غەززە لە ئارا دایە تەنیا “دەرگیرییەکی نیزامی” یان “شەڕی بەرامبەر” نییە. ئەمە پڕۆژەی بەردەوامی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەییە. بەکارهێنانی دەستەواژەی “هێزی بێ وێنە” لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە بۆ خۆی دانپێدانانی گشتییە بە سروشتی جینۆسایدی ئەم هێرشانە. گەمارۆدانی خۆراک، وێرانکردنی ژێرخانی پزیشکی، زەوت کردنی زەوی و ئاوارەکردنی نیو ملیۆن کەس لە ماوەی چەند هەفتەدا دووپاتکردنەوەی هەمان لۆژیکی پاکتاوی نەتەوەیییە.
بەرگری بەردەوامی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکاندا بەشێکی دانەبڕاوە لەم هاوکێشەیە. ڤیتۆی ئەم دواییەی واشنگتۆن لەدژی بڕیاری ئاگربەست لە ئەنجومەنی ئاسایش جارێکی تر ئەوە دەردەخات کە ئەم ڕێکخراوانە جگە لە ئامرازی پاساوکردن و مودیرییەتی قەیران لەلایەن زلهێزەکانەوە هیچی تر نین. یاسای نێودەوڵەتی تەنها تا ئەو کاتە جێبەجێ دەکرێت کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئیمپریالیزم ناکۆک نەبێت. کاتێک مانەوەی هاوپەیمانی ستراتیژیکی ئەمریکا لە مەترسیدایە، مافی مرۆڤ تەنها وشەیەکی پووچ و بێناوەرۆکە.
ئەگەر دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە ئورووپا بەشوێن نابوودکردنی غەززەوەن، خەبات و خۆڕاگریی کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین، هاوپشتیی ئەوان لەگەڵ هێزە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان لە ئیسرائیل و پەرەسەندنی هاوپشتیی جیهانی لە دیفاع لە ئازادیی فەلەستین، تەنیا وڵامی مێژوویی بەم بەربەرییەتەیە. هەروەک ئەزموونی ڤیەتنام نیشانی دا، تەنانەت ماشێنی شەڕی ئەمریکاش لە بەرامبەر خەبات و خۆڕاگریی جەماوەری و شۆڕشگێڕانە، لە بەرامبەر هاوپشتیی نێونەتەوەییدا تووشی شکست دەبێت. ئەمڕۆ لەژێر فشاری بزووتنەوەی هاوپشتیی جیهانی لە دیفاع لە ئازادیی فەلەستین و لە ئیدانەکردنی تاوانی دەوڵەتی ئیسرائیل، پرسی فەلەستین و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە بۆ جارێکی تر کاریگەریی خستووەتە سەر باسەکانی کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانی سەرمایەداری یەک لە دوای یەک باس لە ڕێگاچارەی دوو دەوڵەت دەکەن.
ئەرکی بزووتنەوە پێشڕەو و شۆڕشگێڕەکان لە ئورووپا و ئەمریکا ئەوەیە کە پەیوەندی ئاشکرای نێوان سیاسەتی جنایەتکارانە لە دەرەوە و بەرنامەی ڕیازەتی ئابووری لە ناوەوە بۆ کرێکاران و خەڵک ڕوون بکەنەوە. ئەو ماڵیاتانەی کە دەکرێتە خەرجی هەلیکۆپتەری ئاپاچی و تانک و زرێپۆش بۆ ئەرتەشی ئیسرائیل، هەر ئەو بوودجەیە کە لە خزمەتگوزاریی دەرمان و پەروەردە لە ئەمریکا دەیگێڕنەوە. خەبات لەدژی شەڕ و پشتیوانی لە فەلەستین بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات بۆ ئازادی و یەکسانیی کۆمەڵایەتی لە خودی وڵاتی ئەمریکایە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە