
ئەمڕۆ شەممە ٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤، کۆمەڵێک لە شۆفیر قەتارەکانی شارەکانی ئێران بە چوون بۆ شاری تاران و کۆبوونەوە لە بەرامبەر وەزارەتی ڕێگا و شارسازی، بە وتنەوەی درووشم لەئاست بارودۆخی تاقەت پڕوکێنی کاری و حەقدەستی نادادپەرەرانە، خوازیاری وەڵامدانەوەی خێرای بەرپرسان بە خواستەکانیان بوون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ناڕازییان جەختیان کردەوە کە ماوەی چەندین ساڵە لە سەرەکیترین مافەکانیان وەکوو کار، گوزەران و کەرامەتی ئینسانی بێبەشن و بەردەوام بەڵێنی پڕوبووچیان پێ دراوە. ناڕازییان هەروەها خواستەکانیان لە چەند خاڵ ئاماژە پێکرد کە بریتییە لە: “یەکسان کردنی حەقدەست و مەزایا بە پێوەری لەسەرەوە بوونی سەختی کار، بەکردەوە دەرهاتنی یاسای پەیوەندیدار بە کارە سەخت و زیانبارەکان، پەرداختی سەروەخت و بەبێ دواکەوتنی مەزایا و زێدەکاری، ساماندانی گرێبەستەکان و دابین کردنی ئەمنییەتی شوغڵی و هەروەها، ئامادە کردنی ئایننامەی ڕوون بە مەبەستی گەشە پێدان، فێرکاری و رفاهی شوغڵی”.