
بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئێحسان ڕۆستەمی، چالاکی کولتووری تەمەن ۳۸ ساڵ وێڕای ئامۆزاکەی ڕامین ڕۆستەمی، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری هەرسین سەرەڕای تێپەڕبوونی ۴۰ ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانیان بەبێ هیچ دادگایی کردنێک لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراون و چارەنووسیان نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی ڕۆستەمی، ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی ڕابردوودا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان وەکوو مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوون. دۆسیەی ئەو دوو هاووڵاتییە لە خانەی دادی ئێڤین و لە لقێکی تایبەت بە تۆمەتی سیاسی تۆمار کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دانیشتنێکی دادگا بە مەبەستی ڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانیان بەڕێوە نەچووە و چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە. شایانی باسە، بنەماڵەی ئێحسان ڕۆستەمی و ڕامین ڕۆستەمی لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام سەردانی خانەی دادی زیندانی ئێڤینیان کردووە، بەڵام سەرەڕای بەدواداچوونەکانیان، هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ڕەوتی دادوەریی دۆسیەکەیان وەرنەگرتووە.