
دەسەڵاتدارانی فیلیپین ڕایانگەیاندووە، لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو لانیکەم ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٤٠ کەسی دیکەش برینداربوون. هاوکات پێشبنی دەکرێ، ژمارەی قوربانییەکان زیاتر بێ.
ڕافاییلیتۆ ئەلیخاندرۆ، جێگری سەرۆکی بەرگریی شارستانی مانێلا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند، “زۆر ڕاپۆرتمان بەدەست گەیشتووە لە بارەی ژمارەی قوربانیان، بەڵام بەهۆی بارودۆخەکەوە گۆڕانی ژمارەکان بەردەوامە و بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی پشتڕاستکراوە تاوەکوو ئیستا ٦٠ کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها ئاژانسی ڕووپێو و بوومەلەرزەزانی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.9 پلەی ڕێختەر بە دووری ١٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی بۆلۆمبۆن ڕوویداوە، چەقەکەشی لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتری زەوییەوە بووە.