
خەباتی نزیک بە سێ حەفتەی کرێکارانی گرووپی میللی سەنعەتی فوولادی ئێران لە ئەهواز بۆ جارێکی تر نیشانیدا کە لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامیی سەرمایە و سەرمایەدارانی پشتیوانی، هیچ ڕێگایەک بێجگەلە خەباتی یەکگرتووانە و لەسەر شەقام بوونی نییە. ڕۆژی دووشەممە ٧ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٤ کرێکاران بە کۆبوونەوەی بەهێزیان لە بەرامبەر ئۆستانداری و فەرمانداری و دواتر بە ڕێپێوانی ناڕەزایەتییان لە شەقامەکانی ناوەندی ئەهواز، توانییان دەسەڵات ناچار بە پاشەکشە بکەن. ئاکامی ئەم فشارە ڕاستەوخۆیە ئەوە بوو کە ڕۆژی سێشەممە حەقدەستی مانگی گەلاوێژ خرایە سەر حیسابی کرێکاران و مودیرییەت ناچار بوو بەڵێنی پێدانی حەقدەستی مانگی خەرمانان و وەکارخستنی هێڵەکانی بەرهەمهێنان ڕاگەیەنێت. ئەم سەرکەوتنە تەنیا دەستکەوتێکی سنوورداری ئابووری نییە. کرێکارانی فوولادی ئەهواز نیشانیاندا کە دەوڵەتی بورژوازی ئیسلامیی ئێران و پارێزەرانی نەزمی سەرمایەداری هەتا کاتێک بەرەوڕووی هێزی یەکگرتووی کرێکاران نەبنەوە، تەنانەت سەرەتاییترین حەقە دواخراوەکانیش نادەن. هەموو بەڵێنەکانی ئەم حکوومەتە شتێک نییە بێجگەلە وەختکوژی و هەوڵ بۆ تێکشکاندنی ڕیزی کرێکاران. لە بەرامبەر وەها هێزێکدا تەنیا خەبات و خۆڕاگریی ڕێکخراو و بەشداریی ڕاستەوخۆ لەسەر شەقام دەتوانێ ڕێگاچارە بێت.
پەیامی ڕوونی ئەم ئەزموونە بۆ هەموو چینی کرێکار و جەماوەری بەرینی خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقام و لە شوێنی کار ئەوەیە کە دوژمنی سەرەکییان هەر ئەم نیزامە سەرمایەدارییە ئیسلامیەیە. ئەو نیزامەی کە سەرچاوەی هەژاری، بێکاری، سەرکوت و هەڵاواردنە. کرێکارانی فوولاد بە خەباتی خۆیان بۆ جارێکی تر سەلماندیان کە هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا، نە لە ناوەندە فەرمییەکان، نە لە بەڵێنی ڕێفۆرمخوازانە و نە لە گفتوگۆی پشت دەرگای داخراودا، بەڵکوو لە دەستی چینی کرێکاری ڕێکخراودایە. ئەو هێزەی کە دەتوانێ پاشەکشە بە دەسەڵات بکات و ڕێگای خەبات بەرەو ئاسۆی گەورەتر بکاتەوە. بەڵام ئەم سەرکەوتنە تاکتیکییە، هەڵگری ئەرکێکی ستراتێژیکە. چینی کرێکار بۆ ئەوەی بتوانێ هەژمۆنی چینایەتیی خۆی بەسەر کۆمەڵگادا دابین بکات و ڕێبەرایەتیی خەباتی ڕزگاری بەخش بگرێتە دەست، پێویستی بە ڕێکخستنی سەرتاسەرییە. پەیوەند و هاوئاهەنگی لە نێوان ڕێکخراوەکانی کرێکاری لە بەشە جۆراوجۆرەکان و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان، پێویستییەکی یەکجار گرینگە. تەنیا بە وەها ڕێکخستنێکی سەرتاسەرییە کە دەتوانین ڕێزە پڕژوبڵاوەکان بکەینە هێزێکی یەکگرتوو و هەژمۆنی چینایەتیی کرێکاران، وەک چینێک بۆ خۆی، پتەو و قایم بکەین.
ئێستا کە لە دوای شەڕی دوازدە ڕۆژە و پەرەسەندنی قەیرانە ناوچەییەکان، بۆ جارێکی تر شەپۆلی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری لە ئێران سەری هەڵداوەتەوە، مەسەلەی “دەبێ چ بکەین؟” زیاتر لە ڕابردوو بۆ هەموو بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە شۆڕشگێڕەکان بووەتە پرسیارێگی گرینگ. لە وەها بارودۆخێکدا، هیچ سەرکەوتنێکی کاتی و هیچ پاشەکشەیەکی داسەپاو بەسەر دەوڵەتی سەرمایەداری، بە بێ قووڵکردنەوە و درێژەدانی ڕێکخستنی چینی کرێکار زەمانەت ناکرێت. ئەگەر ئەم خەباتە لە چوارچێوەی پڕژوبڵاو و هەڵوێستی مەحەلیدا بمێنێتەوە، دەزگای بوژوازی ئیسلامی بە ئامرازی سەرکوت و فریو دووبارە دەتوانێ ڕیزەکانی کرێکاران تێکبشکێنێت. وڵامی ڕاستەقینە لەم قۆناغەدا، پەرەپێدانی ڕێکخراوەی سەربەخۆی کرێکاری، پێکهێنانی تۆڕە سەرتاسەرییەکانی پەیوەندی لە نێوان مانگرتنەکان، وە بردنەسەری ئاستی هوشیاریی چینایەتی سەبارەت بە ئاسۆی سیاسیی ڕووخاندنی گشت نیزامی سەرمایەدارییە.
“شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” وێڕای پشتیوانی لەم خەباتە، جەخت لەسەر پێویستی ڕێکخستنی سەرتاسەری و یەکخستنی ڕیزەکانی کرێکاران وەک چینێک دەکاتەوە.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی / ٣٠ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە