فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

گەڵاڵەی ترامپ، پاداشی ئەمریکا بە جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل
هەینی ۱۱-۰۷-۱۴۰۴   |  03-10-2025

سەرەنجام دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی مانگی سێپتامبری ٢٠٢٥، هاوکات لەگەڵ دیداری نەتانیاهۆ گەڵاڵەی ٢٠ مادەیی خۆی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ و لەڕاستیدا جینۆساید لە غەززە ڕاگەیاند. ترامپ ئەم گەڵاڵە دەستکاریکراوە لەلایەن نەتانیاهۆی فاشیستی بە ” یەکێک لە گەورەترین ڕۆژەکانی مێژووی شارستانییەت” وەسف کرد کە تەنانەت دەتوانێت “ئاشتی هەتاهەتایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بهێنێتە ئاراوە. بەڵام زۆری نەخایاند کە ئاکسیوس لەسەر زاری چەند سەرچاوەی نزیک بە گفتوگۆکانی پشتی پەردە، ئاشکرای کرد کە دەقی ئەم گەڵاڵە ٢٠ مادەییە بەپێی تێبینیەکانی نەتانیاهۆ پێداچوونەوەی بەسەردا کراوە و بڕگە سەرەکییەکانی گۆڕاون و لەگەڵ ئەو دەقەی کە پێشتر بە ئاگاداری سەرانی دەڵەتانی عەرەبی ناوچەکە، تورکیە و هاوپەیماننانی ئورووپایی گەیشتبوو، زۆر جیاوازە.

تەنیا بۆ نموونە، لە مادەی سێهەمی گەڵاڵەی سەرەتایی ترامپدا بەڵێن دراوە کە ئەگەر دوو لا قبووڵی بکەن و بەدیلگیراوانی هەر دوولا ئازاد بکرێن و بگۆڕدێنەوە، لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لە غەززە پاشەکشە دەکات. بەڵام نەتانیاهۆ گۆڕیویەتی و چوونەدەری هێزەکانی ئیسرائیلی بە پشکەوتنی پڕۆسەی چەکدانانی حەماس و بە پاراستنی ناوچەیەکی ئەمنیەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل بۆ ڕۆژی مەبادا، مەرجدار کردووە. لەڕاستیدا ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی دەستبەجێی بەدیلگیراوان، بەپێی تەشخیسی خۆی لە ڕەوتی چەکدانانی حەماس، بەرە بەرە لە غەززە دەکشێتەوە تا هەر کات و بە هەر بیانوویەک کە ویستی، دووبارە ئەم کەرتە داگیر بکاتەوە. بەپێی مادەی ٨ی گەڵاڵەی ترامپ “کۆمەک بە کەرتی غەززە دەستبەجێ و بە بێ دەخاڵەتی دوو لایەن لەڕێگەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی و مانگی سوور ئەنجام دەدرێت…”. لە واقعدا تەرحەکەی ترامپ نەخوازراو و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دان بەوە دادەنێت کە بونیادی بەناو مرۆڤدۆستانەی غەززە دامەزراوەیەکی بێ لایەن نییە و ئامرازی دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلە و هەتا ئێستا لە خۆراک وەک چەک لەدژی خەڵکی غەززە کەڵکی وەرگرتووە. بەڵام بەپێی پلانە دووبارەنووسراوەکەی نەتانیاهۆ، تەنانەت گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان مەرجدارە بە “ڕەفتاری باش” لەلایەن فەلەستینییەکانەوە.

بەپێی ماددەی نۆی پلانەکەی ترامپ، دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ترامپ، بە بەشداریی تۆنی بلێر و ملیاردێرە ڕۆژاواییەکان، ئیدارەی غەززە بۆ بەڕێوەبردنی دووبارە گەشەپێدانی غەززە وەئەستۆ دەگرێت، تا ئەو کاتەی دەسەڵاتی فەلەستین چاکسازی ئەنجام دەدات و توانای حوکمڕانی هەبێت. لە کاتێکدا، نەتانیاهۆ ڕایگەیاند کە حکومەتێکی مەدەنی غەززە بەڕێوە دەبات، کە تێیدا نە حەماس و نە دەسەڵاتی فەلەستین ڕۆڵیان نابێت. بە کردەوە ترامپ مافی ئەوەی بە ئیسرائیل داوە کە کێ حوکمڕانی غەززە بکات و بە تەواو مانا خەڵکی فەلەستینی لە هەر جۆرە بەشدارییەک لە بەڕێوەبردنی غەززە و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش کردووە. مادەی ١٦ی پلانی ترامپ ڕایدەگەیەنێت کە “ئیسرائیل نابێت غەززە داگیربکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە”. بەڵام نەتانیاهۆ پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە “ئیسرائیل… بۆ داهاتوویەکی قابیلی پێشبینی لەناو ناوچەی ئەمنیدا دەمێنێتەوە”. مادەی ١٩ی تەرحەکەی ترامپ “مەسیر بۆ خودموختاری و پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین” لە ئەگەری ئەنجامدانی چاکسازی و ڕێفۆرم لە ڕێکخراوی خودگەردانی فەلەستین پێشنیار دەکات، بەڵام نەتانیاهۆ ئەم ڕێکخراوە بە غەیری قابیلی ئیسلاح و فەڕزییەی خودگەردانی و پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە و ئەوەش یانی دەوڵەتی ئیسرائیل غەززە داگیر دەکات.

لە کاتێکدا کە نەتانیاهۆ بە گۆڕینی گەڵاڵە “مێژوویی”ەکەی ترامپ، مێخی خۆی لە تابووتی ئەم پلانە ٢٠ مادەییە داوە، بەپێی هۆشداری ترامپ، هێنانەگۆڕی هەرجۆرە پێشنیار و تێبینییەک لەلایەن هەر باڵێک لە فەلەستینییەکان بە مانای ڕەت کردنەوەی گەڵاڵەکەی ترامپە و دەستی دەوڵەتی ئیسرائیل ئاواڵە دەکات تا بە پشتیوانیی ئەمریکا “کار تەواو کات” و غەززە لەگەڵ خاک یەکسان و داگیری بکات. بەپێی پلانی نهایی، دەوڵەتی ئیسرائیل بێ شەرت و مەرج لە زووترین کاتدا ئیمتیازاتی خۆی وەردەگرێت، لە کاتێکدا کە خەڵکی فەلەستین بە وادەی پووچ و بێ پشتیوانە لەژێر ئاگری قورسی بۆمباران و هێرشی بەرینی ئەرتەشی ئیسرائیل و لە قاتی و برسیەتیدا بەحاڵی خۆیان ڕەها دەکرێن. ئەوەیە مانای ڕاستەقینەی گەڵاڵە مێژووییەکەی ترامپ کە قەرارە ئاشتیی هەتاهەتایی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیاری بێنێت.

بێهۆ نییە کە ڕۆڵی نەتانیاهۆ لە نووسینەوەی گەڵاڵەکە، تەنانەت سەرانی کۆنەپەرستی حکوومەتەکانی عەرەبستانی سعوودی، قەتەر، ئیمارات، ئۆردۆن، تورکیە، ئەندۆنێزی، پاکستان و میسری تووڕە کردووە. ئەوان پێشتر بەپەلە و بێ شەرت و مەرج پێشوازییان لەم گەڵاڵەیە کردبوو. وە سەیر نییە لە حاڵیکدا کە لە کاتی سوخەنڕانیی نەتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەیئەتەکانی ٧٧ وڵات لە ناڕەزایەتی بە ناوبراو کۆبوونەوەکەیان بەجێێهشت، بەڵام نەتانیاهۆ لە کۆتایی سەفەرەکەیدا بۆ ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئێمە لاپەڕەکەمان وەرگێڕا”. وە دیسان سەیر نییە کە نەتانیاهۆ، ترامپی بە “گەورەترین دۆستێک کە ئیسرائیل هەتا ئێستا لە کۆشکی سپی هەیبووە” ناوبرد.

گەڵاڵەی ٢٠ مادەیی ترامپ و لە ڕاستیدا ڕێویرای ترامپ – بلێر لەچاو ڕیویرای ترامپ – نەتانیاهۆ کە پاکتاوکردنی نەتەوەیی لە غەززە و کۆچ پێکردنی زۆرەملیی خەڵکی ئەم باریکەیەی بۆ وڵاتانی دەوروبەر لە دەستووردا بوو، پاشەکشەی ترامپ و نەتانیاهۆ نیشان دەدات. بەم حاڵەوە، بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین هێستا نەیتوانیوە مۆری خۆی بەسەر قۆناغی گوزاردا بکوتێت و گەڵاڵەی ترامپ هەروا دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆ درێژەی جینۆساید و داگیرکاری ئاواڵە دەهێڵێتەوە.

بەگوێرەی ئەم گەڵاڵەیە لە سەرتادا، غەززە لەلایەن “حکوومەتی کاتی ئینتقالی” بە سەرۆکایەتیی ترامپ و بە بەشداریی تۆنی بلێر، ئەم جنایەتکارە جەنگییە و لە داڕێژەرانی پلانی لەشکرکەشی بۆ عێراق، ئیدارە دەکرێت. تێکنۆکراتە فەلەستینییە دڵخوازەکانی ئەمریکا، نەخشێکی کەم و دەرەجە چەندومیان لەم حکوومەتە کاتییەدا وەئەستۆ دەبێت و لە بڕیاردانەکانی بەناو “هەیئەتی ئاشتی”دا هیچ نەخشێکیان نابێت. ڕێکخراوی خودگەردانی فەلەستینیش کە وەک باسکی داگیرکاریی ئیسرائیل لە لێواری ڕۆژئاوا عەمەل دەکات هەتا کاتێک کە بەتەواوی تەسلیمی ئیرادە و ئیقتداری ئەمریکا نەبێت، هیچ ڕۆڵێکی لەم پڕۆسەیەدا نابێت. پلانەکەی ترامپ بە ئاشکرا مافی فەلەستینییەکان لە ئیدارە و بەڕێوەبردن و دیاریکردنی داهاتووی غەززە نادیدە دەگرێت و بە جینۆسایدی ئیسرائل بەهۆی هاوئاراستەیی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا و هاوپەیمامانی لە ئورووپا پاداش دەدات. لەم ڕووەوە، پێویستیی پەرەپێدانی بزووتنەوەی جیهانیی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین و لەدژی جینۆساید و داگیرکاریی دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا، هەروا بابەتێکی گرینگ ماوەتەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv