
بەپێی زانیارییەکان، نزیکە پازدە ڕۆژ لەمەوبەر ژنێک بە ناوی “شەهلا کەریمانی” تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن هاوسەر و برای هاوسەرەکەیەوە “بە بەکار هێنانی لەچکە” بە شێوەی دڕندانە خنکێندراوە.
شایانی باسە، شەهلا کەریمانی دایکی دوو منداڵ بووە کە لە ناکاو بێسەروشوێن بووە و دواتر تەرمەکەی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە دۆزراوەتەوە. بە پێی زانیاریە بەردەستەکان، هاوسەر و برای هاوسەرەکەی هاوکات دانیان بە کوشتنەکەی داناوە. جێگای ئاماژەیە، بکوژەکان دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە دڕندانەیە تەرمەکەیان بە شێوەی شاراوە لە گۆڕستانێکی نزیک بەفرەوانی سەر بە شاروێرانی مەهاباد ناشتووە، کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤، تەرمەکە دۆزراوەتەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان جگە لە هاوسەر و برای هاوسەری شەهلا کەریمانی، کەسێکی دیکەش بەشداری لەم قەتڵەدا کردووە بەڵام هاوسەر و برای هاوسەرەکەی دوای دەستبەسەر کرانیان خێرا دانیان پێداناوە کە بە بیانوویی ئەوەی بە “بابەتی ناموسی” ناونراوە تاوانەکەیان ئەنجامداوە.