
سەرلە بەیانی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤،حوکمی ئێعدامی “نەسیمە ئیسلام زەهی”، بەندکراوی مەزهەبی لە زیندانی قەرچەکی وەرامین، و هاوژینەکەی “ئەرسەلان شێخی” لەگەڵ بەندکراوێکی دیکە بە ناوی “حەسەن”، هەر دوو بەنکراو لە زیندانی ئێڤین کە لە کەیسێکی هاوبەشدا لە لایەن لقی ١٥ی دادگای تاران بە تۆمەتی «دژایەتی خودا» لە ڕێگای «ئەندامێتی لە گروپی داعش» بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، حوکمەکەیان بەکردەوە دەرهات.
ئەم سێ بەندکراوە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک تۆمەتباری دانانی بۆمب لە پاسێکی گواستنەوەی سەرنشین لە ڕێگای تاران بۆ ئیلام لە خەرمانانی ١٤٠٢ ناسێندراون کە ببووە هۆی مردنی منداڵێکی ١٨ مانگان.
هاوکات سەرلە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی سێ بەندکراو بەناوەکانی “جەهانبەخش ڕەخشانی” تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی گوندی چاهەکی سەر بە شارستانی ڕوودبار، “محەممەد سوڵتانپوور” تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی شیراز و هەروەها “فەرزاد ڕەسووڵ زادە” تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی ڕەشت، کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کڕابوون، لە زیندانی ناوەندیی شیراز بەکردەوە دەرهاتووە.
هەر وەها، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “مۆحسین بەرزگەر” کە پێشتر بە تۆمەتی “تاوانەکانی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان” دەستبەسەر کرابوو، لە زیندانی ناوەندیی قەزوێن بەکردەوە دەرهاتووە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بە ناوی “خەسرەو مورادلوو” تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی زەنجان، بەهەمان تۆمەت لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە بەکردەوە دەرهاتووە.
هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێکی ژن بەناوی “ڕۆئیا عەباس زادە” تەمەن ٢٥ساڵ و خەڵکی زەنجان، بە تۆمەتی “کوشتنی دەزگیرانەکەی” لە زیندانی ناوەندیی ئەمشارە بەکردەوە دەرهاتووە.