
بەوتەی عەبدولزەهرە هنداوی، هەرچەندە ڕێژەی گشتیی بێکاری لە عێراق لە ١٦ و نیو لەسەد لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ١٣لەسەد لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە، بەڵام ڕێژەی بێکاری لەنێو ژناندا، نزیکەی دوو هێندەی پیاوانە. ڕێژەکە لەنێو ژناندا دەگاتە نزیکەی ١٨لەسەد، لە کاتێکدا لەنێو پیاواندا لە نێوان ٩ بۆ ١٠ لەسەدە.
هنداوی هۆکارەکانی ئەم جیاوازییە بۆ کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ ژنان بە بەراورد بە پیاوان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ: ئەم بارودۆخە وایکردووە زۆرترین هەلی کار بەر پیاوان بکەوێت. لەم بارەیەوە، ڕەزا عەزاوی، پسپۆڕی ئەکادیمی و کۆمەڵناس، بێکاریی ژنان بە “قەیرانێکی بێدەنگ” ناودەبات. بە بڕوای ئەو، لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگیی پێویست بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ژنان نادەن و کاری ژنان وەک پرسێکی لاوەکی سەیر دەکەن. عەزاوی ئاماژە بەوە دەکات، ساڵانە دەیان هەزار کەس لە زانکۆکانی عێراق دەردەچن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانی گونجاو، نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت و تێکەڵ بە بازاڕی کاریان بکەن. کێشەی بێکاریی ژنان لە عێراق تەنیا ئاماژەیەکی ئابووری نییە، بەڵکووو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی قووڵە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی خێزان و کۆمەڵگە هەیە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە و گشتگیر هەیە.