
دەسەڵاتدارانی ئەندۆنێزی ڕایانگەیاندووە، ژمارەی قوربانیانی قوتابخانە ڕووخاوەکەی ئەم وڵاتە بۆ ٥٤ کەس بەرزبووەتەوە. بە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە حەفتەیەک، هێشتا گومان دەکرێ زیاتر لە ١٠ کەسی دیکە لەژێر داروپەردودا گیریان خواردبێ.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نیشتمانیی فریاگوزاریی ئەندۆنێزی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هەتا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤، تیمەکانیان توانیویانە ٥٤ تەرم دەربهێنن و هیوادارین بتوانین ئەمڕۆ پرۆسەی گەڕان کۆتایی پێبهێنین و تەرمەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکەنەوە. شایانی باسە، لانیکەم تاوەکوو ئێستا ١٣ قوربانی چارەنووسیان نادیارە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان، تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەسەر هۆکاری ڕووخانی باڵەخانەی قوتابخانە بەردەوامە، بەڵام گومانی شارەزایان لەسەر ڕەچاونەکردنی ستانداردەکانی بیناسازییە.