
بە سەدان کەس لە کرێکاران و کارمەندانی ڕەسمی سەنعەتی نەوت وگاز لە ناوچەکانی جنووب، ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤، لە ناڕزایەتیی بە درێژەی نادادپەروەری لە دانی حەقدەست و بارودۆخی نامرۆڤانەی شوێنی کار، دەستیاندایە کۆبوونەوە.
ئەم کۆبوونەوەانە لە چەندین شوێنی ناوچەکانی نەوت و گاز لەوانە، شیرکەتی نەوت و گازی پارس لە عەسەلوویە، سەکۆی دەریایی پارسی جنووبی “SPQ1″، سازمانی ناوەی تایبەتی ئابووری وزەی پارس، دامەزراوەی گازی پارسی جنووبی پاڵاوگەی یازدەیەم و سەکۆ دەریاییەکانی نەوت و گازی پارس، بەڕێوەچووە. کرێکارانی ناڕازیی بە بەدەستەوە گرتنی چەندین پلاکاردی ئێعتڕازی خوازیاری جێبەجێ کرانی خواستەکانیان لەوانە: “پێداچوونەوەی خێرا بە نیزامی حقووق و حەقدەست لە ڕاستای یەکسانی و دادپەروەری شوغڵی، پەرداختی تەواو و سەروەختی حقووق و مەزایاکان، لابردنی کەمکردنەوەی نادادپەروەرانە لە فیشی حقووقەکان، بەکردەوە دەرهاتنی بەڵێنە نووسراوەکان لە کاتی گرێبەستی دامەزراندن، هەڵوەشانەوەی سەقفی حقووق و ئاستەنگییە سەپێندراوەکان بەسەر بردنەسەرێ ئاستی حەقدەستەکان، بەکردەوە دەرهاتنی ماددەی ١٠ی یاسای ئەرکەکان و ئێختیاراتی وەزارەتی نەوت و هەروەها هەڵوەشانەوەی سیستەمی سووکایەتی ئامێزی دابەش کردنی کارەکان بەپێی شارەزایی و پشتیوانی لە ناوچەکانی عەمەلیاتی” بوون.