فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدام!
دوشەممە ۱۴-۰۷-۱۴۰۴   |  06-10-2025

ئێعدام کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەتییە و دەبێ هەڵوەشێتەوە!

لە سەروبەندی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات لەدژی سزای ئێعدامدا، ماشێنی سەرکوت و ئێعدامی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دووبارە خێراتر بووەتەوە. لە بارودۆخێکدا کە سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە حکوومەتەکەیان لەژێر مەترسیی ڕووخاندا دەبینن و لەژێر فشاری گەمارۆکان و چالاکبوونی مێکانیزمی ماشە و هەڕەشەی داگیرسانی شەڕی ئیسرائیلدان، وە لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ مانگرتن و ناڕەزایەتیی ڕوو لە گەشەی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش بەرەوڕوون، بە ئامانجی پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا، ماشێنی ئێعدامەکەیان خێراتر کردووەتەوە و لە گیانی بەندکراوانی بێدیفاع بەربوون. دووشەممە ٢٩ی سێپتامبری ٢٠٢٥ بەرابەر لەگەڵ ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، پێنج هەواڵنێری تایبەت بە مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا نووسییان: ” ئێعدام لە ئێران یەکجار پەرەی سەندووە کە نیشانەی پێشێلکردنی جیددی مافی ژیانە و لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا بەشێوەی مامناوەند ڕۆژانە ٩ ئێعدام تۆمار کراوە. لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە لەماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ زیاتر لە یەک هەزار ئێعدام لە ئێران تۆمار کراوە. بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لەئێستادا پتر لە حەفتا بەندکراوی سیاسی لەوانە “شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی، لە زیندانەکانی سەرتاسەری ئێراندا بە تۆمەتی سیاسی لەژێر مەترسیی پەسندکرانی حوکمی ئێعدام یان جێبەجێ کردنی ئەم حوکمەدان. ئەو بەندکراوانەی کە پەروەندەکانیان دان پێدانانی زۆرەملی لەژێر ئەشکەنجەی تێدایە یان هیچ جۆرە بەڵگەیەکیان تێدا نییە. هەموو ئەم حوکمانە لە پشت دەرگای داخراودا، لە دادگای فەرمایشیدا، بە نهێنی، بە بێ بەشداریی پارێزەر یان پارێزەرانی هەڵبژێردراو، دەرکراون و گەیشتوونەتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ئەمە تەنیا چارەنووسی کەسانی مەحکووم بە ئێعدام نییە. ڕۆژی پێنجشەممە سێی مانگی ڕەزبەر، “سومەیە ڕەشیدی” کرێکاری خەیاتی و بەندکراوی سیاسی لە زیندانی قرچەکی وەرامین کە لە زۆر پێشترەوە لە زینداندا نەخۆش کەوتبوو، بەهۆی ڕێگریی بەرپرسانی زیندان لە دەستڕاگەیشتنی سەری وەخت بە خزمەتگوزاریی پزشکی گیانی لەدەستدا. ئەم کرێکارە بەندکراوە کە بەهۆی دەستکورتییەوە نەیتوانیبوو پارێز بگرێت و ئیمکاناتی بۆ وەدیعەی مەرەخەسیی ئیستعلاجی نەبوو، تەنیا بە تۆمەتی نووسینی دروشم لەدژی حکوومەت لە جەریانی بزووتنەوەی ژینادا، لە زینداندا ڕاگیرابوو. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە یەکی ڕەزبەر بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە، لە کاتێکدا کە کەوتبووە کۆماوە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و لەوێ گیانی بەخت کرد. لەڕاستیدا مەرگی ئەم ژنە کرێکارە تێکۆشەرە هەروەک مەرگی شاهڕۆخ زەمانی، بەکتاش ئابتین و جەمیلە عەزیزی، کە لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرماناندا بەهۆی ناڕەحەتیی دڵەوە لە زیندان گیانی بەختکرد، جۆرێکی تر لە ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەتییە.

 ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حاڵێکدا کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و فشاری دەرەکی و ناوخۆییدا دەست و پێ لێدەدات، لەئاستی جیهانیدا زیاتر لە ڕابردوو کەوتووەتە پەراوێزەوە، ستراتێژی شەڕی پێشگیرانەکەی لە بەرامبەر هێرشی زەلیلکەری دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلدا تووشی بنبەست بووە، دەزگای ئیدئۆلۆژیکە وەرشکستەکەی توانای پاساوکردنی ئەو هەمووە هەژاری و نەهامەتییە ئابوورییەی نییە و لەژێر فشاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا هیچ پێگەیەکی لەناو بیروڕای گشتیدا نییە، لە وەها بارودۆخێکدا شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و سات لە دوای سات جنایەت دەخوڵقێنێت. ئەم ڕژیمە بەنیازە لەوپەڕی داماویدا بە پەرەپێدانی کەشوهەوای ئەمنیەتی و ئێعدامی بەندکراوان، دەسەڵاتی ماشێنی سەرکوتەکەی بە ڕووی ئەو خەڵکەدا بکێشێت کە ترسیان لە دەسەڵات ڕژاوە و هاتوونەتە مەیدانی نەبەردەوە و بە کەمتر لە ڕووخاندنی ڕژیم ڕازی نین.

کۆماری ئیسلامی قوربانییانی ئەو نیزامە کۆمەڵایەتییە زاڵمانەیەی کە خۆی بەسەر ژیانی زۆرینەی خەڵکیدا سەپاندووە، ئێعدام دەکات تا بەرپرسیارێتیی خۆی لەئاست پێکهێنانی بەستێن و بارودۆخێک کە بەردەوام ئەمجۆرە تاوانانە بەرهەم دێنێتەوە، پەردەپۆش بکات. ئەو پاساوانەی بۆ جێبەجێکردنی سزای ئێعدام دەیهێننەوە درۆیەکی ئاشکران و هیچی تر. چونکە ئەوەڵەن ئینسانەکان زاتەن تاوانکار و قاتڵ بەدنیا نایەن، بەڵکوو ئەوە بارودۆخی ماددیی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە ئەوان بەرەو تاوانکردن دەبات و دەوڵەتەکان و چینی دەسەڵاتدار بەرپرسی ڕاستەوخۆی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە ماددیە بەسەر زۆربەی خەڵکدان. کەسانێک دەبێ سزا بدرێن کە بەستێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئەنجامدانی تاوان و جنایەتیان پێکهێناوە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام بە ئەرکی هەمیشەیی خۆی دەزانێت و بەردەوام هەوڵی بۆ بدات. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم بەئاشکرا بە پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام بەشوێن ئامانجی سیاسیی دیاریکراوەوەیە، لە بارودۆخێکدا کە هەر ئێستا سەدان کەس لەناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە چاوەڕوانیی حوکمی ئێعدامدا بەسەر دەبەن، گرینگیی ئەم خەباتە چەند هێندە بووەتەوە. بەتایبەت لە کاتێکدا کە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پێی ناوەتە ٨٨مین هەفتەوە و بەندکراوان لە ٥٢ زینداندا هەموو هەفتەیەک سێشەممانە لە ناڕەزایەتی دژبە سزای دژەئینسانیی ئێعدام دەست دەدەنە مانگرتن، پێویستە بێباکانە و لێبڕاوانە ستایشی ئەم خەباتە بکرێت و بزووتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام هەرچی زیاتر جەماوەری بکرێتەوە. بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژبە سزای ئێعدام دەتوانێ دەرفەتێکی دیکە بۆ گەشەپێدانی هوشیاری لەئاست ڕەهەندەکانی تاوانی کۆماری ئیسلامی و قۆناغێکی تر لە پەرەپێدانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام لە ئێران و سەرتاسەری جیهان بێت.

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە!

بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

چوارشەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی

یەکی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv