
بە پێی زانیارییەکان، بەدوای تێپەڕبوونی ۴۷ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی “هۆشیار شەعبانی” چالاکی مەدەنی تەمەن ۳۱ ساڵ و خەڵکی شاری بانە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی هۆشیار شەعبانی، لەو ماوەیەدا بەردەوام سەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی شارەکانی بانە، سەقز و سنەیان کردووە و هیچ وەڵامێکیان لەسەر باری تەندرووستی و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو بەدەست نەهێناوە. جێگای ئاماژەیە، ئەو هاووڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەک مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و تەنیا یەک جار، دوای سەردانی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە ئەمنییەکانی سنە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتی لەگەڵ دایکی هەبووە و خۆی بە هوشیار ناساندووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەسەر باری تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی خۆی نەداوە. هۆشیار شەعبانی لە کاتی دەستبەسەرکرانییەوە کە هەر دوو لاقی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە گوللە پێکرابوون و بریندار کرابوو تا ئێستا، هیچ زانیارییەک لەسەر باری تەندرووستی و دەستڕاگەیشتنی ناوبراو بە خزمەتگوزاریی پزیشکی بە بنەماڵەکەی نەدراوە و ئەمەش نیگەرانیی زیاتری لێکەوتۆتەوە. پێویستە ئاماژە بکرێ کە هۆشیار شەعبانی ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ١٤٠٤، لە ناوچەی «کانی سوور»ی بانە دوای تەقەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی لاقی بە سێ گوللە پێکرا و بە برینداری دەستبەسەر کرابوو.