
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ۱۵ی ڕەزبەری ١٤٠٤، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “قاسم سەجادی” تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە چوار ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “ڕەزا سەقایی” کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی سەبزەوار جێبەجێ کرا. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی ڕەزبەر، حوکمی ئێعدامی بەندکراوێک بەناوی “سوبحان نەجەفی” بە تۆمەتی “کوشتنی بە ئەنقەست” لە زیندانی ناوەندیی مەلایر سەر بە پارێزگای هەمەدان بەکردەوە دەرهاتووە.