فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

پەسندکردنی دوو گەڵاڵەی ئەمنیەتی، نیشانەی ترسی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دوو گەڵاڵە بۆ پەرەپێدانی شەپۆلی ئێعدام
پێنجشەممە ۱۷-۰۷-۱۴۰۴   |  09-10-2025

دوای شکستی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکەی ئورووپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لەسەر مەسەلەی ئەتۆمی، کە چالاک بوونی مێکانیزمی ماشەی لێکەوتەوە، نیگەرانیی سەرانی حکوومەتی ئیسلامی لەئاست چارەنووسی ڕژیم زیاتر بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئابووری لاواز و ئیفلاسی کۆماری ئیسلامی لەژێر کاریگەریی دەرئەنجامەکانیدا زیاتر داڕما و بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار و دراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بێ وێنە دابەزیوە. تا ئەو ئاستەی کە نرخی یەک دۆلار ١١٨ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە و لە ئەنجامدا نرخی هەموو کەرەستەی خۆراکی و پێداویستییەکانی دیکەی ڕۆژانەش بە هەمان ڕێژە بەرزبووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی نێونەتەوەییدا کەوتووەتە پەراوێزەوە و لەسەر ئاستی ناوچەییش لەگەڵ لێکهەڵوەشان و لەدەستدانی ئەو هێزانەی کە ناوی نابوو “میحوەری موقاومەت”، هیچ کارتێکی بۆ زۆروێژی و زیادەڕەوی لە دەستدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و خانەنشینان و مامۆستایان و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە هۆی خراپتربوونی بارودۆخی ئابووری و سیاسییەوە بەردەوام تەشەنە دەکات و ڕژیم لە بەرامبەر داواکارییەکانیاندا لە چاو ڕابردوو بێدەسەڵاتتر و داماوترە. چونکە لەمەودوا داهاتی فرۆشتنی ڕۆژانەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوتیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە و دەورلێدانەوەی گەمارۆکان دژوارتر دەبێتەوە. چونکە پابەندبوون بە گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی کۆماری ئیسلامی بۆ هەموو وڵاتانی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە ئیجباری دەبێت. ئەم بارودۆخە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە، لەگەڵ هەڕەشەی ڕۆژانەی هێرشی نیزامیی ئیسرائیل و ئەمریکا، خامنەیی و سەرکردەکانی دیکەی ڕژیمی ئیسلامیی لەئاست چارەنووس و داهاتووی خۆیان و حکوومەتەکەیان یەکجار نیگەران کردووە.

لە ئاوا هەلومەرجێکدا حکوومەتی ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی لە بەرامبەر ئاخێزێکی گشتی و سەرتاسەری، لە بەرامبەر مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، پەنای بردووەتە بەر تاکە ئامرازی بەردەستی، واتە سەرکوت و ئێعدام و زیندان. تا بە خەیاڵی خۆی بە پەرەپێدانی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگا، کرێکاران و خەڵکی بێبەش لە مانگرتن و ناڕەزایەتی بترسێنێ. ڕژیمی ئیسلامی لە ماوەی ١٠ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ هەتا ٨ی مانگی ڕزبەر زیاتر لە ١٧١ بەندکراوی بێدیفاعی ئێعدام کردووە. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کە ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەرمانان بڵاوکرایەوە: “کۆماری ئیسلامی لەدوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی لە سەرکوت و ئێعدام لە ناوەوە دەستپێکردووە و بەبیانووی ئەمنیەتی میللی دەستی داوەتە تاوانگەلێک کە بەریناییەکەی وەبیرهێنەرەوەی تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی سەردەمی ئێرانە”. لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە لە ٢٣ی جۆزەردانەوە بەرەوە ئەملا ٢١ هەزار کەس لەوانە نەیارانی سیاسی، ڕۆژنامەوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، بنەماڵەی قوربانییانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان و تەنانەت کەسانی بیانی دەستبەسەر کراون.

بۆ ڕەسمییەت دان بەم جنایاتە، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر وتەبێژی شۆرای نیگەهبانی ڕژیم باسی لە پەسندکردنی دوو گەڵاڵە کرد. کە بریتین لە: گەڵاڵەی “پەرەپێدانی سزای ئێعدام بۆ سیخوڕی و هەرجۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئیسرائیل” و گەڵاڵەی “سازماندانی فڕۆکەی مەدەنی کۆنتڕۆڵکراو لە دوورەوە یان درۆن”. بەپێی ئەم دوو گەڵاڵەیە هەرجۆرە سیخوڕی و هاوکارییەک لەگەڵ دەوڵەت و گرووپە دوژمنەکان و وەرگرتنی پارە لێیان، بە فسادی فیلئەرز پێناسە دەکرێت. هەروەها لە گەڵاڵەی پەیوەندیدار بە سازماندانی فڕۆکەی مەدەنیدا، دروستکردن، موعامەلە کردن، ڕاگرتنی درۆن و ڕۆباتی هوشمەند و هێرشی سایبێری و هیتر بە تاوان دەناسرێت و سزای بۆ دیاری دەکرێت.

ئەم دوو گەڵاڵەیە ٨ی مانگی پووشپەڕ، ٦ ڕۆژ دوای کۆتایی شەڕی ١٢ ڕۆژه لەلایەن مەجلیسەوە پەسند کرابوو و بۆ شۆرای نیگەهبان نێردرابوو. فتوای شەرعییەکەشیان لە ناسر مەکارمی شیرازی، مەرجەعی تەقلیدی کۆنەپەرست و جنایەتکاری ڕژیم وەرگرت کە وتبووی: “بۆ هەر کەس کە هەڕەشە لە دەسەڵاتی ڕابەر دەکات، حوکمی مەحارب و فسادی فیلئەرز دەردەکرێت”.  بە وتەی وتەبێژی شۆرای نیگەهبان ئەوەیکە کام دەوڵەت و گرووپ “دوژمن” بە حیساب دێن، شۆرای ئەمنیەتی میللیی ڕژیم دیاری دەکات. وەزارەتی ئیتلاعاتیش بەرپرسی ناساندنی تۆڕەکانی دوژمنە. بێگومان ئیسرائیل تۆڕێکی بەرینی جاسووسی و تەبلیغیی لە ئێراندا هەیە. بەڵام جاسووسانی ئیسرائیل لە ناو ئێران، نە خەڵکی تێکۆشەر و ڕۆژنامەوانان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هیتر، بەڵکوو بەرپرسان و مەقاماتی دز و گەندەڵی سەرەوەی حکوومەتی ئیسلامین کە لەناو دەوڵەت و سپای پاسداران و ناوەندەکانی دیکەی دەسەڵاتدان. ئەوان بەکرێگیراوانی ناو حکوومەتن کە زانیاریی ورد و سات لەدوای سات بە دەوڵەتی ئیسرائیل دەدەن. لە بەشێکی دیکە لەم یاسایەدا باس لەوە کراوە کە کاری سیاسی، فەرهەنگی، میدیایی و تەبلیغی، ناردنی گرتە ڤیدیۆ و وێنە کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ڕووحیەی گشتی و تەفرەقە، ڕێپێوان و کۆبوونەوە لە کاتی شەڕدا بە تاوان دەناسرێت و سزای بۆ دیاری دەکرێت.

لەم گەڵاڵانەدا هەروەها باس لەوە کراوە کە بەدواداچوون بۆ ئەم تاوانانە بەدەر لە نۆرە و لە لقە تایبەتەکانی دادگای ئینقلابدا ئەنجام دەدرێت. ناوەرۆکی ئەم یاسایانە دەرخەری ئاستی ترس و وەحشەتی سەرانی ڕژیم لە سەرهەڵدانی ئاخێزێکی گشتی و سەرتاسەرییە. ئاخێزێک کە بیساتی ڕژیم بۆ هەمیشە کۆبکاتەوە. کۆماری ئیسلامی بە پەسند کردنی ئەمجۆرە یاسایانە دەیهەوێ لە بەیانی حەقیەقەتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ئیفلاسی ئابووریی حکوومەتەکەی ڕێگری بکات. بەڵام بێگومان ئەم ڕژیمە ناتوانێ بە پەرەپێدانی ئێعدام و زیندان و ئەشکەنجە درێژەی دەسەڵاتەکەی زەمانەت بکات. ناتوانێ بە پەسندکردنی یاسا، بە پەرەپێدانی ئێعدام و بە توندکردنەوەی یاسای سەرکوت و سانسۆڕ، لە ئاشکرابوونی قەیرانی قووڵی ئابووری و شکستی زەلیلانەی ستراتێژی و سیاستەکانی ڕێگری بکات. بەڵام وەها بارودۆخێک ئەگەر بووەتە هۆی ترس و نیگەرانی و لاوازیی ڕژیم، بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەرفەتێکە تا بە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی، بە پەیوەندی خەبات لەئاستی سەرتاسەری و بە شکڵ دان بە ڕێبەریی واحد، بەرەو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی هەنگاو هەڵگرن.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv