
لە درێژەی سیاسەتە ئەمنیەتییەکان و ڕەوتی مێلیتاریزەکردن لە دەوروبەری شاری ورمێ، لە ماوەی سێ حەفتە ڕابردوودا، هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لەمشارە بە جێگیربوونی بەرفراوان و دانانی خاڵی پشکنینی ناوەناوە، کەشێکی ئەمنیەتیی توند و سنووردارییەکی بەربڵاویان لەسەر هاتوچۆ و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان داناوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ڕۆژانی ڕابردوو، جووڵە سەربازییەکان لە ناوچەی تەرگەوەڕ ڕوو لە هەڵکشانە و دەیان ئۆتۆمبیلی نیزامی لە ڕێگا سەرەکی و لابڕەکان لە هاتوچۆدان. لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ئاوایی هاشماوا، بەشی سیلوانا لە ناوچەی مەرگەوەڕ، دوو برا بە ناوەکانی عەبدولهادی و محەممەدساڵح(تەمەنی ژێر ١٨ ساڵە) لە کاتێکدا لەئاست ڕووخاندنی کارگەی بلووکبڕیی خۆیان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوەتە بەر دەستڕێژی چەکی ساچمەیی و هەردووکیان بە سەختی لە بەشی لاقیانەوە بریندار بوون. شایتحاڵانی ئەم دۆخە لەم ناوچەیە ڕایانگەیاندووە زۆرتر لە ٢٠ ڕۆژە لە ناوچەی «تەرگەوەڕ»ی ورمێ خاڵی پشکنین جێگیر کراوە و بوونی بەرفراوانی هێزە چەکدارەکان و سازکردنی سەنگەر لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان و پەراوێزی ئاواییەکان، کەشێکی ترسێنەر و چاودێرییەکی توندی بەسەر ژیانی ڕۆژانەی دانیشتوانی ئەم ناوچەیەدا سەپاندووە.