
لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا بۆ چوارەمین شەوی بەردەوام، خوێندکارانی خابگای دانش لە زانکۆی سەنعەتی خاجە نەسیرەدین تووسی، حەوشە و ڕێڕەوەکانیان کردە مەیدانی ناڕەزایەتی و داخوازی. هاواری دروشمەکانیان دەنگی دایەوە: “دانشگای پووڵەکی، شەهریەی زۆرەکی”، “تا بە ماف نەگەین، لە ناڕەزایەتی بەردەوامین”، “خوێندکار دەمرێ، زلەت قەبووڵ ناکات”. لە بەشێکی دیکەی شار، لە زانکۆی ئەلزەهرا، کچانی خوێندکاریش لەژێر زەبری چاوەێری، گەیتی چهرەنیگاری، تەزەکوراتی حیجاب و سووکایەیی ڕۆژانە لە سلف و خابگا، لە سەرەتاییترین مافە ئینسانییەکانیان بێبەرین. لە دوای سەعات ١٠ی شەو هاتوچۆ قەدەغەیە و خوێندکاران تەنانەت لە کاتی پشووشدا دەبێ خۆ لە نیگای حەراسەت بەدوور بگرن. لە وەها بارودۆخێکدا، زانکۆ نە پەناگای پەروەردە، بەڵکوو زیندانە. زێندانێک کە تێیدا ژنان کۆنتڕۆڵی جەستە و زەینیان بەشێوەی هاوکات بەسەردا دەسەپێت. ئەم دوو ڕووداوە جیا لە یەکەن، بەڵام هەردووکیان قەیرانی ناو سیستمی پەروەردە لە ئێران نیشان دەدەن. قەیرانێک کە کرێکارانی خزمەتگوزاریی زانکۆکانی کردووەتە کۆیلەی پەیمانکاران و خوێندکارانیشی کردووەتە مشتەریی کاڵایەکی گران قیمەت بەناوی “پەروەردە”.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زانکۆ بووەتە تاقیگەیەک بۆ سیاسەتە نیولیبراڵییەکانی ڕژیم. دەوڵەت بە سپاردنی خزمەتگوزاریی ڕەفاهی و پەروەردەیی بە پەیمانکارانی بەشی خسووسی، بەرەبەرە لە بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتی پاشەکشەی کردووە. سلفەکان بوونەتە پووڵی، خابگاکان بوونەتە بۆنگایەکی پڕلە قازانج و تەنانەت خزمەتگوزاریی پاک و خاوێنی، دامەزراوە و فەزای سەوز، بە شیرکەتە پەیمانکارییەکان سپێردراوە. کرێکارانی زانکۆکان، لە نەزافەتچیی خابگاکانەوە تا ئاشپەزیی سلف، بە قەراردادی کاتیی کەمتر لە یەک ساڵ کار دەکەن و لە هاونیدا بێکارن. هیچ زەمانەتێک بۆ درێژکردنەوەی قەراردادەکانیان بوونی نییە و چکۆلەترین ناڕەزایەتی دەتوانێ ببێتە هۆی دەرکردنیان. ئەوان لەو شوێنانەدا کار دەکەن کە نە ئامێری فێنکردنەوە و هەواگۆڕینیان لە هاویندا هەیە و نە وەسایلی گەرمکردن لە زستاندا. کار بە مەوادی شیمیایی، ماندوویەتیی بەردەوام و حەقدەستی کەم، ڕوخساری بێ نقابی چەوسانەوەن.
بەڵام ئەم چەوساندنەوەیە تەنیا تایبەت بە کرێکارانی خزمەتگوزاری نییە. خوێندکارانیش لە قالبێکی دیکەدا قوربانیی هەر ئەو مەنتقەن. شەهریەکان زیاد دەکرێن، خزمەتگوزاریی کەم دەکرێتەوە و بەرپرسان بێشەرمانە باس لە کەسریی بوودجە دەکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە بوودجەی دامەزراندنی گەیتە ئەمنیەتییەکان و دووربینەکان دەستبەجێ دابین دەکەن. لە زانکۆی ئەلزەهر، تەنانەت چوونە ناو سلف لەژێر نیگای حەراسەتدا ئەنجام دەدرێت. چاوەدێرییەک کە لە جیاتی ئەمنیەت، تەنیا سوڵتەی زیاتر بەسەر خوێندکاراندایە و هیچی تر. لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداری ئیسلامیدا، پەروەردە بەخۆڕایی و بێبەرامبەر نییە. خۆراک، شوێنی خەو، خزمەتگوزاری و تەنانەت هەناسەکێشانی ئازاد، هەر هەموویان بۆ خوێندکار بوونەتە خەرج. لە وەها بارودۆخێکدا، پەرورەردە ئیتر مافێکی گشتی نییە، بەڵکوو ئیمتیازێکی چینایەتییە. پڕۆسەیەک کە تێیدا زانست، ئەزموون و تەنانەت ئاوات، دەبێتە کاڵا. بەڵام بەکاڵاکردنی پەروەردەش هوشیاریی خۆڕاگریی دەخوڵقێنێت. کاتێک خوێندکار لە خۆی دەپرسێ “خزمەتگوزاری ڕاگیراوە، پارەکەی لە کوێ خەرج کراوە؟”، لە ڕاستیدا دابەشکردنی نادادپەروەرانەی سەروەتی کۆمەڵگا لە پێکهاتەی زانکۆدا دەباتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە ئەو کاتەیە کە هۆشیاری سەرهەڵدەدات. لە زانکۆدا بەرپرسان بە زمانی دین و ئەخلاق، ئینزباتی خوازراوی خۆیان دەسەپێنن. زانکۆ دەکەنە پادگان و زیندان. وە حەراسەت باسکی ئیدئۆلۆژیی نەزمی سەرمایەداری لەژێر عەبای دیندایە.
ئەم نەزمە، ئاگاهانە دامەزراوە تا زەینی خوێندکار بەتایبەت خوێندکاری ژن لە بیرکردنەوە و ناڕەزایەتی پاشگەز بکات. بەڵام ئەزموون نیشانی داوە کە فشار، هەمیشە تۆوی خەبات و خۆڕاگری دەچێنێ. کچانی زانکۆی ئەلزەهرا بە بێدەنگیی هوشیارانە و بەیاننامەی بەکۆمەڵ، ڕێگایەکی تازەیان لە خەبات کردووەتەوە. خەباتێک کە لە جەستەوە دەسپێدەکات و دەگاتە کۆمەڵگا. سەرمایەداری بۆ مانەوە پێویستی بە بەرهەمهێنانەوەی هێزی کارە. وە زانکۆ لەم چەرخەیەدا ڕۆڵێکی گرینگی هەیە: فێرکردنی شارەزایی پێویست، ڕاهێنانی زەینی موتیع و ئاواتی سازگار لەگەڵ بازاڕ. بەڵام کاتێک کە کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قەیراندایە، کاتێک قەیرانی بوودجە، گەندەڵی ئیداری و سیستماتیک بەوپەڕی خۆی دەکات، ئەم پڕۆسەیە تێکدەچێت.
زانکۆکانی ئێران ئەمڕۆ دروست لەم بارودۆخەدان. کرێکارانی خزمەتگوزاریی کاتی و خوێندکارانی ناڕازی، دوو بەری یەک پارادۆکسن. ئەوان کە دەبێ ئەم نەزمە بەرهەم بێننەوە، خۆیان دەبنە هێزی تێکدەر. دروشمی شەوانەی خواجە نەسیر، سەلمێنەری ئەم حەقیقەتەیە. ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە، ئەگەرچی لە مەسائلی ڕەفاهییەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەخێرایی داخوازیی سیاسییان لێکەوتووەتەوە. دروشمی “نە پادگان نە بۆنگا، دروود بەر دانشگا” داخوازییەکی ڕوونە لەپێناوی هێنانەدەری پەروەردە لەژێر چنگی سەرمایە. بەم حاڵەوە، ئەزموونی بزووتنەوەکانی ڕابردوو نیشانی داوە کە بەبێ ڕێکخستن، ئەم تووڕەییە دادەمرکێتەوە، ئەوەیکە ئەمڕۆ پێویستە، پەیوەندیی بزووتنەوەی خوێندکاران ڵەگەڵ بزووتنەوەی کرێکارانە. پەیوەندییەک کە دەبێ لە ئاستی هاودڵییەوە بگا بە ئاستی کردەوەی هاوبەش.
هوشیاریی ڕاستەقینە، تەنیا لە پراتیکی بەکۆمەڵدا شکڵ دەگرێت. خوێندکاران کاتێک دەبنە شۆڕشگێڕ و دەتوانن ئاڵای داخوازیی دیموکراتیکی کۆمەڵگا لە زانکۆ بەرز بکەنەوە کە ئاسۆی شۆڕش، ئاسۆی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی و ڕووخاندنی بنەڕەتیی نیزامی سەرمایەداری بخەنە بەردەم خۆیان. بزووتنەوەی خوێندکاری کاتێک دەتوانێ پێشڕوەیی خۆی زەمانەت بکات کە بابەتی یەکگرتن لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ڕووی ستراتێژییەوە قووڵتر بکاتەوە.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە