
مانگرتن و ڕێپێوانی کرێکارانی فوولادی ئەهواز، فوولادی سیادنی ئەبهەر، ناڕەزایەتیی کرێکارانی پاڵاوگەی قشم، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لە چەند ناوچەی نەوتی لە جنووب، ناڕەزایەتیی لۆکۆمۆتیوڕانان، ئیعترازی کرێکارانی زەوبی ئاهەنی شاهڕوود و مانگرتن لە خواردن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتی ئاڵمینیۆمسازیی ئەراک تەنیا چەند نموونە لە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودایە. بەرینایی هەژاری و گرانیی بێسنوور و نەهامەتیی ئابووری و دابەزینی حەقدەست و بێتوانایی دەوڵەت لە وڵامدانەوە بە داخوازیی کرێکاران، گەشەی ئەم ناڕەزایەتییانەی کردووەتە بابەتێکی حەتمی. درێژەی ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتییانە نیشانی دەدات کە کرێکارانی ئێران نەتەنیا بە شەپۆلی ئێعدام و سەرکوتگەرییەکانی حکوومەتی ئیسلامی سەرمایەداری چاوترسێن نەبوون، بەڵکوو بڕیاریان داوە لە خەباتیان بەردەوام بن و لە بەرامبەر هێرشی سەرمایەداران و دەوڵەتی پشتیوانیان بۆسەر ژیان و گوزەرانیان سەنگەربەندی بکەن و ڕێگە نەدەن لەوە زیاتر تاڵانیان بکەن. بەم ڕەوتە کە بزووتنەوەی کرێکاری گرتوویەتە بەر و بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونە بەنرخەکانی کرێکاران لە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی گشتی لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، دروستکردنی کۆمیتەکانی مانگرتن و ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، هەوڵ بۆ پێکهێنانی شۆرای کرێکاری لە کارخانە و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بووەتە بابەتێکی حەیاتی.
شۆرای ڕاستەقینەی کرێکارانی کارخانە ڕێکخراوێکە کە گشت کرێکارانی کارخانە لەخۆدەگرێت. ئامانجی هاوبەشی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە بریتییە لە ڕاوێژکردن و بڕیاردان سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی کرێکاران بەشێوەی دیمۆکراتیک و هەوڵ بۆ بڕیاردان بە بەشداریی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە کە خودی کرێکارانی کارخانەن. بە واتایەکی دیکە شۆرای واقعیی کارخانە، ئۆرگانی داسەپاندنی ئیرادەی کرێکارانی کارخانەیە. بێگومان کاتێک باس لە ئیرادەی کرێکاران و بڕیاری کرێکاران دەکەین، مەبەست ئیرادە و بڕیاری زۆرینەی کرێکارانە. هەربۆیە دەسەڵاتدارییەتیی دیمۆکراسیی ناو ئەم ڕێکخراوە و پەیڕەوکردنی ئۆرگانەکان لە بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی، زەرووری و پێویستە. باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی شۆرا، “مەجمەعی عموومی” واتە کۆبوونەوەی گشتیی کرێکارانی کارخانەیە. کەوابوو لە هەموو ئەو کارخانانە کە ئیمکانی بەڕێوەبردنی مەجمەعی عموومیی کرێکارانی کارخانە بوونی هەیە، شۆرای کرێکاران بەواتای مەجمەعی عموومیی ڕێکخراو و جێکەوتووی کرێکارانە و تەنیا ئەو بڕیارانەی کە لە لایەن زۆربەی کرێکارانی ناو مەجمەعی عموومییەوە پەسندکراوە، مسەوەبەی کرێکارانی کارخانە پێناسە دەکرێ.
لە کارخانە و ناوەندە سەنعەتییە گەورەکاندا کە پڕژوبڵاویی واحیدە جۆراوجۆرەکان و یان تایبەتمەندیی بەرهەمهێنانی بێ وەستان، بەڕێوەچوونی مەجمەعی عموومی کرێکاران بەرەوڕووی کێشە و یان نامومکین دەکات و شۆرا ناتوانێ مەجمەعی عموومیی گشت کرێکاران بێت، بەڵام لەم حاڵەتەشدا ماهییەتی مەسەلەکە ناگۆڕدرێت. بێگومان لەم ناوەندە سەنعەتی و کارخانانەشدا مەجمەعی عموومیی کرێکارانی بەش یان شیفت و هتد بە ئاسانی دەتوانێ بەڕێوەبچێت و هەر کرێکارێک لە کارخانە هەروەک کارخانە چکۆلەکان دەتوانێ ئەندامی شۆرای ئەو بەشە یان شیفتیە بێت کە مەجمەعی عموومی ئەو بەشە یان شیفتەی تێدا بەڕێوەدەچێت. لەم حاڵەتەدا شۆرای ناوەندیی کارخانە بریتی دەبێت لە شۆرای نوێنەرانی کرێکارانی بەش و شیفتە جیاوازەکان. ئەم شۆرای نوێنەرانەش لە هەیئەتی نوێنەرایەتیی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە هەر کامیان شۆرای چکۆلەتری بەش یان شیفتێک نوێنەرایەتی دەکەن.
ئەم هەیئەتانەی نوێنەرایەتی کە لە شۆرای ناوەندیی نوێنەرانی کرێکارانی کارخانەدا بەشداری دەکەن، بەشێوەی دیمۆکراتیک لە کۆبوونەوە ڕەسمییەکانی شۆرا چکۆلەترەکاندا هەڵدەبژێردێرن، چوارچێوەی ئەرک و ئیختیاراتیان لە لایەن هەڵبژێرانەوە دیاری دەکرێت و هەمان هەڵبژێرانیش هەرکات ئیرادەیان کرد دەتوانن بیانگۆڕن. کەوابوو لە کارخانە گەورەکانیشدا شۆراکانی نوێنەرانی کرێکارانی کارخانە، نوێنەرانی مەجمەعە عموومییەکانی کرێکارانن لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کارخانەدا کە تەنیا لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا لە لایەن ئەوانەوە ئیختیاری بڕیاردانیان هەیە و لەلایەن هەمان مەجمەعی عموومییەوە دیاری دەکرێن و لەسەرکار لادەبردرێن.
بەمجۆرە “شۆرای نوێنەرایەتیی کرێکاران” کە خۆی مەجمەعی عموومیی ژمارەیەکی یەکجار زۆرە لە کرێکارانی کارخانە و باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی کرێکارانی کارخانەیە، پشت ئەستوورە بە شۆرا جۆاوجۆرەکانی کرێکارنی کارخانەوە. هەر کرێکارێک لە هەر بەشێکی کارخانە بەشێوەی ئۆتۆمات ئەندامی یەکێک لە شۆرا کرێکارییەکانی کارخانەیە و دەتوانێ بەشداری مەجمەعی عموومیی ئەم شۆرایە بێت و لەم ڕێگەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەسەر بڕیارەکانی ئەم شۆرایە و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەسەر بڕیارەکانی شۆرای نوێنەرایەتیی کرێکاران کاریگەری دابنێت و بۆ وەدیهاتنی ئیرادەی کرێکاران سازمان بدرێت.
شۆرا بۆ ئەوەیکە بتوانێ بە خێراترین و باشترین شێوە بڕیار بدات، هەیئەتێکی بەڕێوەبەر لە ناو ئەندامانی خۆیدا هەڵدەبژێرێت. ئەم هەیئەتە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی شۆرای بەپێی ئایین نامەی ناوخۆیی وەئەستۆیە و بە پێی ئایین نامە دەستووری کۆبوونەوەکان ئامادە دەکات و بابەتی دەنگدان و کۆبوونەوەی شۆرا ڕێبەری و ئیدارە دەکات. شۆرا لەڕاستیدا پەرلەمانی کرێکارانە و کۆبوونەوەکانیان هاوشێوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانێکی کرێکارییە و ئەرکی هەیئەتی بەڕێوەبەر هاوشێوەی ئەرکی سەرۆکی پەرلەمانە. لەو کۆبوونەوانەدا سەبارەت بە شێوازی کۆبوونەوەکان بە پێشنیاری کرێکاران، دەنگدان ئەنجام دەدرێت. پێویستە لە شۆرادا باروودۆخێک دابین بکرێت کە ئەندامەکانی واتە کرێکاران بتوانن بۆچوون و ڕێنوێنییەکانی خۆیان دەربڕن و خوازیاری ئەوە بن کە لە لایەن شۆراوە لەبەرچاوبگیرێت. تەنیا لەم حاڵەتە دایە کە بڕیاردانی درووست مەیسەر دەبێت و تەنیا لەم ڕێگەوەیە کە کرێکاران دۆستان و دوژمنانی خۆیان دەناسن.
تا ئێرە تەئکیدمان کرد کە شۆرا کۆبوونەوەی گشتیی ڕێکخراوی کرێکارانی کارخانە و یان مەجمەعی عموومیی نوێنەرانێکە کە گشت کرێکارانی کارخانە نوێنەرایەتی دەکەن و دەربارەی تەوەرەکانی کرێکاران بڕیار دەدەن. بەڵام شۆرا تەنیا ئۆرگانی بڕیاردانی کرێکاران نییە، بەڵکوو بەڕێوەبەری بڕیارەکانی خۆشیەتی. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە لە کۆبوونەوەی گشتیی خۆیدا کۆمیتەی جێبەجێکار یان کۆمیتەی جێبەجێکاری جۆراوجۆر بۆ بەدواداچوون و جێبەجێکردنی بڕیارەکان هەڵبژێرێت. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە شۆرا واتە باڵاترین ئۆرگانی بڕیاردانی کرێکاران بێجگەلە ئیعتبار، هۆگرایەتی و نفووز و ئیحترامی لەناو کرێکاران هیچ ئامرازێکی بۆ ناچارکردنی کەمینەی موخالف بۆ قەبووڵکردنی بڕیارەکانی نییە. شۆرا مافی ئەوەی نییە کە ژمارەیەک لە کرێکاران لە شۆرا دەربکات. لەبەر ئەوەیکە لەم حاڵەتەدا وەک ئۆرگانی داسەپاندنی ئیرادەی جەماوەریی کرێکارانی ئەم کارخانەیە کۆتایی بە تەمەنی خۆی هێناوە. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر زۆربەی کرێکاران بەشێوەی ڕێکخراو بڕیارەکانیان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە، دژایەتیی کەمینەیەک لە کرێکاران ناتوانێ ببێتە کۆسپی سەر ڕێگای زۆرینەی کرێکاران.
شۆرا خۆی ئەرکی سەرشانیەتی کە بۆ بەکردەوە دەرهێنانی بڕیارەکانی، کۆمیتەی جێبەجێکاری پێویست دیاری بکات و ئەندامەکانی لەناو کەسانی خۆبەخشدا هەڵبژێرێت و بە دیاریکردنی چوارچێوەی ئەرک و ئیختیاراتیان بەکاریان بێنێت. کەوابوو شۆرا لە خودی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبەریی کرێکارانی کارخانەوە سەرچاوە دەگرێت کە خەریکی کاری جێبەجێکردنی بڕیارەکانی شۆران. لە سەرووی هەموو ئەم ئۆرگانانەشەوە دیسان خودی شۆرا، واتە مەجمەعی عموومیی پێکهاتوو لە کرێکاران و نوێنەرانی کرێکارانە.
خاڵی گرینگ لەپێوەند لەگەڵ کۆمیتەکانی جێبەجێکار ئەوەیە کە ئەم کۆمیتانە لەژێر ئۆتۆریتەی مەجمەعی عموومی دان و هیچ کۆمیتەیەک بە بێ دیاریکرانی ئیختیارات و ئەرکەکانی پێک نایەت. شۆرا هەمیشە بۆ بەکردەوەدەرهێنانی بڕیارەکانی لەلایەن ئەم کۆمیتانەوە چاوەدێریی ڕاستەوخۆی هەیە و لەگەڵ بینینی سەرپێچی لە چوارچێوەی دیاریکراو، لێپریسینەوە لە ئەندامانی ئەم کۆمیتەیە دەکات و یان دەیانگۆڕێت. بابەتی گرینگ ئەوەیە کە لەڕێگەی ڕێکخستنی کرێکاران لە وەها ڕێکخراوێکدا، بەشداریی هەرچی زیاتر و هەرچی ڕاستەوخۆتری کرێکاران لە کاروباریاندا دابین بکرێت. سەرەنجام دەبێ ئەو ڕۆژە بێت کە هەر کرێکارێک بتوانێ پێگەی خۆی لە ڕێکخستنی بەرهەمێهێنان و لە ڕێکخستنی کرێکاراندا پێناسە بکات.
کەوابوو شۆرای ڕاستەقینەی کارخانە، پشت بە مەجمەعی عموومی یان کۆبوونەوەی گشتیی کرێکاران دەبەستێت. کە لە لایەکەوە بەشێوەی دیمۆکراتیک سازمان دراوە و بە بێ کەموکۆڕی گونجاوترین وەزعییەت بۆ بەشداری و ڕاوێژ و بڕیاردان فەراهەم دەکات و لە لایەکی دیکەشەوە خۆی ڕێکخراوێکە کە بە باشترین شێوە لە توانای تاک بە تاکی کرێکاران لەپێناو بەکردەوەدەرهێنانی بڕیار و ئیرادەیان کەڵک وەردەگرێت. لە شۆرای کارخانەدا باڵاترین مەرجەعی بڕیاردان مەجمەعی عموومیی کرێکارانە. مەجمەعی عموومی یەک ناوەند نییە بەڵکوو پایە و بنەمای شۆرایە. ئۆتۆریتەی مەجمەعی عموومی لە کۆبوونەوەیەکەوە تا کۆبوونەوەیەکی دیکە بە هیچ ئۆرگانێکی تر ناسپێردرێت و لەناو خۆیدا دەمێنێت.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە