فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

هەژاری و پێویستیی ڕێکخستنی سەرتاسەریی چینی کرێکار
دوشەممە ۲۱-۰۷-۱۴۰۴   |  13-10-2025

ئەوەیکە ئەمڕۆ بەسەر کۆمەڵگای ئێران هاتووە، بەرهەمی سیاسەتێکی چینایەتی و بەرنامەڕێژیکراوە. هاتنەخواری بەردەوامی ئاستی حەقدەست، گرانیی بێسنوور، بەپارەبوونی پەروەردە، تەندروستی و دەرمان و بەرینایی کارەساتی بێکاری و لە پەنا ئەوانەشەوە بێبەری کردنی ملیۆنان کەس لە یارانەی نەغدی، بەشێک لە ڕەوتێکە کە دوائامانجی تەسلیم و بێدەسەڵات کردنی جەماوری کرێکار و زەحمەتکێشە. سەرمایەداریی ئیسلامی کە لە پەیوەندییەکی نزیک لەگەڵ نیولیبڕاڵیی جیهانیدا هەنگاو دەنێت، بەشێوەی سیستماتیک بە هەژار کردنی جەماوەر، لە خزمەت چڕکردنەوەی سەروەت و دەسەڵات لەناو دەستی کەمینەی زاڵدایە.

لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، چوونەسەری سەد لە سەدی نرخی کاڵا پێویستەکانی خەڵک بەتایبەت بنەماڵە کرێکارییەکان، چوونەسەری ٤٠%ی کرێی ماڵ و بەرزبوونەوەی ٣٠%ی هەزینەی کەلوپەلی خوێندن، گرانبوونی لەڕادەبەدەری گۆشت، نەک قەیرانێکی کاتی، بەڵکوو ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی سەرمایەدارانە و نیولیبڕاڵییە کە دەوڵەتە جۆراوجۆرەکان لەژێرناوی “چاکسازیی پێکهاتەی ئابووری” بەڕێوەیان بردووە. ئەم سیاسەتانە بە ڕەواڵەت بە دروشمی “هەدەفتمەند کردنی یارانەکان”، “ئازادکردنی قیمەتەکان” و “ڕاکێشانی سەرمایە” پاساو دەکرێن، بەڵام لە واقعییەتدا بەمانای تاڵانکردنی دەستڕەنجی جەماوەر بە حیسابی سەرمایەداران، پەیمانکاران و مافیای ئابوورییە. بانکەکان، شیرکەتە “خسوولەتییەکان”، ناوەندەکانی نزیک بە دەوڵەت و بەڕێوەبەرانی تۆڕە بەرینەکانی ڕانت و گەندەڵی، هەر هەموویان تێکهاڵاون و کاری سەرەکییان، تاڵانکردنی بەرهەمی کار و ڕەنجی کرێکارانە. لە بارودۆخێکدا کە بەشێکی زۆر لە خەڵک بە داهاتی ژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، بڕینی یارانەی زیاتر لە سێ ملیۆن کەس بەمانای بێبەری کردنی ملیۆنان کەس لە لانیکەمی بژێوە. ئەم هەوڵە لە درێژەی هەمان سیاسەتدایە کە پەروەردە، تەندروستی، شوێنی نیشتەجێبوون و تەنانەت خانەنشینیی کردووەتە کاڵایەکی لوکس. ئامانجی نهایی ئەم سیاسەتانە وابەستە ڕاگرتنی هێزی کار، ڕاگرتنی هەمیشەی هەڕەشەی بێکاری لەسەریان، وە ڕێگری کردن لە هەرجۆرە ڕێکخستن و داخوازییەکی بەکۆمەڵە.

خانەنیشنان کە ئەمڕۆ لە سەر شەقام خواستەکانیان هاوار دەکەن هەمان کرێکارانی دوێینێن، کەسانێک کە ساڵەهایە ئەرزشی ئیزافی بەرهەم دێنن، بەڵام لە کۆتایی تەمەنی کاردا لەگەڵ هەژاری، بێڕێزی و بێمافی بەرەوڕوو دەبنەوە. بەڵێنی پووچ و بێبنەمای بەرپرسان سەبارەت بە “سەفەری زیارەتی و سیاحەتی” تەنیا بێڕێزییەکی ئاشکرایە بە کەرامەتی ئنیسانی ئەوان و هیچی تر. مووچەی خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی بەشی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان ناکات. زۆرێک لەوان ناچار بە دەستفرۆشی، کۆکردنەوەی زایعات یان ئەنجام دانی کاری کاتین. بەم حاڵەوە، کاربەدەستانی سندووقەکان و ناوەندەکانی خانەنشینی لە گەندەڵی و گرێبەستی گوماناویدا نوقم بوون. ئەم واقعییەتە نیشانی دەدات کە نیزامی چینایەتیی دەسەڵاتدار، تەنانەت لە بەرامبەر کەسانێک کە هەموو تەمەنی خۆیان لە خزمەت بەرهەمهێنان و کۆمەڵگادا تێپەڕاندووە، هیچ بەرپرسایەتییەک قبووڵ ناکات. سەرمایەداری، تەنیا هەتا کاتێک پێویستی بە ئینسانە کە کار دەکات و قازانجی بۆی هەیە. ئەگەرنا بەلایەوە گرینگ نییە و بەرەو هەژاری و فەرامۆشیی دەبات. 

لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا نابێ بێدەنگ بین. لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، شەپۆلێکی تازە لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لە ناوەندە سەنعەتییەکانی نەوت، پێترۆشیمی، فوولاد، ئاڵمینیۆم سازی، هاتوچۆ و بەشەکانی خزمەتگوزاری سەریهەڵداوە. خانەنشینان گەلێک جار لە شەقامەکان هاوریان کردووە “نا بۆ هەڵاواردن، نابۆ هەژاری!”، “شەڕەنگێزی بەسە، سفرەمان بەتاڵە” و خوێندکاران لە زانکۆ لەدژی بەکاڵاکردنی پەروەردە دروشمیان بەرز کردووەتەوە. ئەم هاوکارییە لە ناڕەزایەتیدا، سەرەڕای پەرەسەندنی سەرکوت، نیشانەی دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە هوشیاریی چینایەتییە. بزووتنەوەی کرێکاری ئیتر تەنیا لە چوارچێوەی داخوازیی ئابووریدا نامێنێتەوە. بەڵکوو بەرەو ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێ تا سرووشتێکی سیاسی بەخۆی بدات. مانگرتنی کرێکاران لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری و کۆبوونەوەی خانەنشینان لە بەرامبەر مەجلیس، هەر هەموویان ئاڵقەکانی یەک زنجیرن. واتە زیجیری ئیعرازاتێک کە ئەگەر پێکەوە پەیوەند بدرێن و سەرتاسەری بنەوە دەتوانن هێزی ڕاستەقینەی چینی کرێکار لە بەرامبەر پێکهاتەی سەرمایەداریدا نیشان بدەن.

بزووتنەوەی خوێندکاری لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، سەرەڕای سەرکوتی بەرین، بۆ جارێکی دیکە لایەنگری کرێکاران و مامۆستایانی کردەوە. دروشمی هاوبەش، لێدوانی پشتیوانی و ئامادەبوون لە گردبوونەوەی خانەنشینان ئاماژەن بۆ گەشەکردنی هۆشیاری چینایەتی لەنێو گەنجاندا. خوێندکاران بۆیان دەرکەوتووە کە قەیرانی زانکۆ و بێکاری و ئایندەی نادیاریان لە هەمان هەژموونی سەرمایە و ژێردەستەیی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەژاری و بێمافی کرێکاران بەرهەم دەهێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە مێژووییەی نێوان زانکۆ و کارخانە، لە نێوان ئەو گەنجەی کە بێکارە و ئەو کرێکارەی بەهۆی چەوسانەوە تووشی پیریی پێشوەختە بووە، ئەو هێزە مەزنەیە کە دەتوانێت بناغەکانی ئەم نیزامە بخاتە لەرزە.

بڕژوبڵاویی بزووتنەوەکان و نەبوونی ڕێکخستنی سەرتاسەری، گەورەترین بەربەستن لە بەردەم پێشڕەویی چینی کرێکار. ئەزمونی ساڵانی ڕابردوو دەریخستووە کە بەبێ ڕێکخراوە جەماوەری و چینایەتییە سەربەخۆکان لە دەوڵەت، هیچ ناڕەزایەتییەک، تەنانەت بەربڵاوترینیش، دەستکەوتێکی درێژخایەی لێناکەوێتەوە. لەم ڕووەوە پەرەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانی ئێستای کرێکاران باشترین میکانیزمی ڕێکخستنە. کرێکار هەر خۆی دەتوانێ خۆی ڕزگار بکات. هیچ هێزێکی ڕزگارکەر لە سەرەوە، لە ناو دەوڵەت یان ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی و سەرمایەدارییەوە سەرهەڵنادات. تەنیا هاوپشتی هۆشیارانەی کرێکاران و زەحمەتکێشان، لە کارگەکانەوە بۆ زانکۆکان، لە نەخۆشخانەکانەوە بۆ قوتابخانەکان، دەتوانێت زەمینە بۆ گۆڕانکاری خۆش بکات. لە بارودۆخێکدا کە حکوومەت بۆ مانەوەی خۆی پشت بە هەژاری و ترسی جەماوەر دەبەستێت، هاودەنگی چینایەتی بەمانای شکاندنی گۆشەگیریی سەپێنراو و وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی کۆمەڵایەتییە.

ئەو کرێکارانەی کە ئەمڕۆ مانگرتن بەڕێوەدەبەن و لە شەقامەکاندا هاوار دەکەن، ئەو خانەنشینانەی کە لەسەر شەقام داوای مافەکانیان دەکەن، ئەو مامۆستایانەی کە جەخت لەسەر خوێندنی بەخۆڕایی و دادپەروەرانە و حەقدەستی سەرووی هێڵی هەژاری دەکەنەوە، ئەو خوێندکارانەی کە دروشمی “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین” دەڵێنەوە، وە لە سەرکوت و بێکاری وەگیان هاتوون، لەڕاستیدا بەشە جۆراوجۆرەکانی یەک جەستە واتە چینی کرێکارن. هەژاری بەربڵاوی پێکهاتەیی، سەرکوتی سیاسی و گەندەڵی دامەزراوەیی نیشانەی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئابووری سەرمایەداری ئیسلامییە. ئەم سیستمە ئیتر توانای بەرهەمهێنانەوەی شەرعیەتی خۆی نییە و تەنیا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سەرکوتکردن و برسێتییەوە مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات. بەڵام وەک مێژوو دەریخستووە، تەنانەت لەم هەلومەرجە سەخت و دژوارانەدا، خۆڕاگری و هۆشیاری لەدایک دەبێت و تۆوی ڕزگاری دەچێنرێت. لەسەر ئەم ڕێبازە، هەر هەنگاوێکی بچووکی هاوپشتی و مانگرتن و ناڕەزایەتیی هاوئاهەنگ، هەر هەوڵێک بۆ ڕێکخستنی ڕیزەکانی کرێکاران و داڕشتنی ستراتیژی شۆڕشگێڕانە و ڕێبەرایەتیی سەرتاسەری، هەنگاوێکە بەرەو دواڕۆژی بەدوور لە هەژاری و هەڵاواردن و چەوساندنەوە.

وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv