دەستبەسەرکران وڕاگوێزرانی جەوهەر هەرکی بۆ زیندانی ناوەندیی شنۆ
چوارشەممە ۲۳-۰۷-۱۴۰۴   |  15-10-2025

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٤، جەوهەر هەرکی، شاخەوان و چالاکوانی ژینگەیی و چالاکی فەرهەنگی خەڵکی شاری شنۆ، پاش بانگکران و چوون بۆ لقی جێبەجێکرانی سزای دادگای ئەو شارستانە دەستبەسەر و بە مەبەستی تەواوکردنی حوکمی داسەپاو، بۆ زیندان گواسترایەوە.
جەوهەر هەرکی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لایەن دادگای شنۆ بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکوومەت لە بەرژوەوەندیی گرووپەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی» ، بە ١٠ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو. شیاوی ئاماژەپێدانە کە ناوبراو پێشتریش لە لایەن دامەزراوە ئەمنیەتییەکانەوە بەهۆی چالاکییە ژینگەیی و فەرهەنگییەکانی دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.