
بەدوای ڕاگواستنی کۆمەڵێک لە بەندکراوان بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی قزڵحیسار بە مەبەستی بەکردەوە دەرهێنانی حوکمی ئێعدامەکەیان، بەندکراوانی بەندی ٢ی ئەم زیندانە لە ناڕەزایەتیی بەم هەوڵە لەڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەرەوە، مانیان لە خواردن گرتووە.
شایانی باسە، بەهۆی درێژەی ئەم مانگرتنە یەکێک لە بەندکراوان دۆخی تەندرووستی تێکچووە و گواستەراوەتەوە بۆ بێهداری زیندان. بەندکراوانی ئەم بەندە بە خۆبواردن لە وەرگرتنی ژەمەکانی خواردن، ئێعتڕازی خۆیان بەم بارودۆخە نیشان داوە. جێگای ئاماژەیە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لە کاردانەوە بەم مانگرتنە، ڕوحۆڵڵا حسێن زادە، جێگری دادستانی کەرەج، وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرسانی زیندان بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ بەندکراوان، چوبوونە ئەم زیندانە و بەڵێنیان دابوو کە ژمارەیەک لەم بەندکراوانە بگەڕێنەوە بۆ بەندی گشتی. بەڵام ئەم بەڵێنەهەتا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و بەندکراوانیش ڕایانگەیاندووە، هەتا کاتێک کە ئەم بەڵێنە وەدی نەیێت، درێژە بە مانگرتنەکەیان دەدن.