
سزای ئێعدام بەدەر لەوەیکە لە چ شوێنێک و بەدەست چ ڕژیمێک بەکردەوە دەردێت، قەتڵی دەوڵەتی و تاوانێکی ڕێکخراوە. سەرانی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران ئەم جەنایەتە لەژێرناوی دیفاع لە ئەمنیەتی گشتی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان و دابینکردنی مافی هاووڵاتییان، بەڕێوەدەبەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی هەموو وڵاتانی جیهان نیشانی داوە کە بەڕێوەبردنی ئەم سزایە نەتەنیا کاریگەریی بەرپێگرانەی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لەئاستی کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی ڕێز و حورمەتی ئینسانەکان. سەرانی ڕژیم بۆ ئەم کوشتنە لەئانقەست و ڕێکخراوە، یاسایان داڕشتووە و قازییان بۆ داناوە و جەلادیان بۆ جێبەجێکردنی حوکم دیاری کردووە. داڕشتنی ئەم یاسایانە و پێکهێنانی ئۆرگانی دیاریکردن و بەکردەوەدەرهێنانی حوکم بە خەرجی کۆمەڵگە، بۆ ئەوان کەم هەزینەتر لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییانەیە کە بوونەتە هۆکاری تاوان و جەنایەت. لەڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە جێبەجێ کردنی سزای ئێعدام ئەوپەڕی داماوی و بێتوانایی خۆی لەئاست ڕیشەکێش کردنی تاوان و ئازارە کۆمەڵایەتییەکان نیشان دەدات.
بێگومان نیزامێک کە ئامرازی دیفاعەکەی جەلاد بێت، حورمەتێک بۆ مرۆڤ دانانێت و نابوودیی نەیارانی بە بابەتێکی ئاسایی دەزانێت و بە دیفاع لە حورمەت و ماف و ئەمنییەتی هاووڵاتییانی لەقەڵەم دەدات. کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی ئەم وەحشیگەرییە نیشان دەدات. کوشتن و ئێعدامی بێ موحاکمە لە کاتی هێرش بۆسەر شارەکانی کوردستان لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، کوشتار لە تورکەمەن سەحرا، قەتڵوعامی بەندکراوانی سیاسی لە مانگەکانی کۆتایی هاوینی ساڵی شەست و حەوت، قەتڵە زنجیرەییەکان لە پاییزی ساڵی حەفتا و حەوت، وەبەرگولـلەدانی کرێکارانی خاتوون ئاباد، کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستان و سووختبەران لە بەلووچستان، سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨، کوشتنی دەیان کەس لە جەریانی ئاخێزی بەفرانباری ٩٦، کوشتاری زیاتر لە هەزار و پێنجسەد کەس لە مانگی خەزەڵوەری ٩٨، کوشتنی زیاتر لە ٦٠٠ کەس لە ناڕازییان لە گەرمەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و شەپۆلە یەک لە دوای یەکەکانی ئێعدام لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، تەنیا چەند نموونەن لە سیاسەتی جەنایەتکارانەی ئەم ڕژیمە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا.
هەموو جەنایەتەکانی کۆماری ئیسلامی نیشانەی ئەو واقعییەتەیە کە ڕژیم بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەی هیچ ڕێگایەکی بێجگەلە سەرکوت، ئێعدام و ئەشکەنجە نییە. ئەم دەسەڵاتە ڕەمزی مانەوەی خۆی لە پشت بەستن بە ستراتێژی سەرکوتدا دەبینێت. تەنانەت کاتێک تاوانبارانی ئاساییش ئێعدام دەکات، ئامانجی چاوترسێن کردنی کۆمەڵگە و ترساندنی نەیارانی نیزام و بەتایبەت ئەوانەیە کە سوورن لەسەر ئەوەیکە بەشێوەی شۆڕشگێڕانە ڕژیم بڕووخێنن. بەڵام سەرەڕای هەموو بێبەزەیەتی و وەحشیگەرییەک کە ڕژیم دەینوێنێت، شەپۆلی ئێعدام و سەرکوت، کۆمەڵگەی چاوترسێن نەکردووە و خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ ئازادیی زیندانییانی سیاسی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر گەشە دەکات. بەندکراوانی سیاسی بە ڕێکخستنی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام لە پشت ملیەکانی زیندان دەمێکە ئاڵای خەباتیان لەدژی سزای ئێعدام بەرز کردووەتەوە.
کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام کە لە ٥٢ زیندانی ئێراندا درێژەی هەیە، لە نەوەدومین حەفتەدا، لەڕێگەی ڕاگەیاندنێکەوە لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤ لەسەر بەردەوامبوونی کەمپەین و خەباتی لێبڕاوانە هەتا گەیشتن بە ئێرانێکی بێ سزای ئێعدام تەئکیدیان کرد. لەم ڕاگەیاندنەدا هاتووە:
“لە شەپۆلی بەرینی ئێعدامەکانی ئەم دواییەدا، بەتایبەت لە زیندانی قزڵحەسار، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی مانگی ڕەزبەر، بەدوای ڕەوانەکردنی ژمارەیەک لە بەندکراوانی واحدی دووی قزڵحەسار بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەستی جێبەجێ کردنی ئێعدام، بەندکراوانی ئەم بەشە کە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەسیان مەحکووم بە ئێعدامن، دەستیان دایە مانگرتن و خۆراکی زیندانیان وەرنەگرت و خوازیاری گەڕانەوەی هاوبەندەکانیان بوون. ئێمە داوا لە باقیی بەندکراوان دەکەن کە هاوشێوەی حەرەکەتی بەندکراوانی قزڵحەسار لەگەڵ ئێعدامی هاوبەندەکانیان دژایەتی بکەن. لە دژبەرانی ئێعدام لە دەرەوەی زیندان داواکارین هەنگاوی جیددیتر بۆ ڕاگرتنی ماشێنی ئێعدام هەڵگرن و بنەماڵەی مەحکووم کراوان بە ئێعدام بەتەنیا نەهێڵنەوە. هەواڵی گەیشتوو لە زیندانە جۆراوجۆرەکانەوە نیشانی دەدات کە تەنیا لە ٢٠ ڕۆژ سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، ١٦٢ بەندکراو ئێعدام کراون و هەتا ئێستا، واتە لە ٦ مانگ و بیست ڕۆژی سەرەتای ساڵی ١٤٠٤، زیاتر لە هەزار کەس ئێعدام کراون. ئامارێک کە ویژدانی گشتی کۆمەڵگای ئێران و جیهانی زامدار کردووە و پێویستی بە هەنگاوی خێرا و جیددی جیهانی هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەم ڕەوتە جنایەتکارانەیە”.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە لەناو قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی، ئیدئۆلۆژیک و حکوومەتیدا دەست و پێ لێدەدات و کۆمەڵگای ئێرانی خستووەتە ژێر فشاری گەمارۆ نێونەتەوەییەکان و هەڕەشەی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە هەمان کاتدا دژبە خەڵکی ناڕازی شمشیری لە ڕووەوە بەستووە و هەموو ڕۆژێ خەڵک ئێعدام دەکات. لەم بارودۆخەدا پێویستە بە هەر شێوەیەک کە دەتوانین لە هەڵمەتی “نا بۆ ئێعدام” پشیتوانی بکەین. چالاکان و ڕێبەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە پەیوەندی و هاکاری لەگەڵ یەکتر، توانا و وزەی خۆیان لەپێناو سەرتاسەری کردنەوەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری بۆ زەمینگیرکردنی ماشێنی ئێعدام و سەرکوتی دەوڵەت بەکار بێنن. خواستی هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و ئازادیی بەندکراوانی سیاسی پێویستە ببێتە خواستی هاوبەشی بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. ناڕەزایەتی دژبە سزای ئێعدام و کوشتنی لەئانقەستی دەوڵەت، بەدەر لەوەیکە ئەم سزایە بۆ نابوودیی زیندانییانی سیاسی بێت یان تاوانبارانی ئاسایی، ئەرکی هەموو ئەو ئینسانانەیە کە ئاسۆی ڕزگاری لە دواڕۆژی ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مژدە دەدەن. کۆمۆنیستەکان ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدامن و بۆ نەمانی ئەم سزایە لێبڕاوانە خەبات دەکەن.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە